دەوڵەتی تورک لە ٣٣ساڵدا لانیکەم ٨١ منداڵی لە باشوری کوردستان کوشتووە

تیمی بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی (سی پی تی) ڕایگەیاند کە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە هەتا ئێستا بەلانیکەمەوە ٨١ منداڵ لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باشووری کوردستان کوژراون.

سی پی تی کە بارەگای سەرەکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و لە هەرێمی فیدڕاڵی کوردستان کار دەکات، ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەو منداڵانە بڵاوکردەوە کە لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا کوژراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەکراوە کە هەرچەندە دەوڵەتی تورک پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵانی واژۆکردووە، بەڵام لەم بوارەدا هیچ پابەند نەبووە و پێشێل کاری دەکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی سی پی تی، کە لە ڕۆژنیوزدا بڵاوکراوەتەوە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە لانیکەم ٨١ منداڵ لە باشوری کوردستان بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کوژراون و ١١٥منداڵیش بریندار بوون.

له دوایین هێرشی دەوڵەتی تورکدا بۆ سەر ئۆتۆمبیلێک له ناوچەی دوکانی شاری سلێمانی موزەففەر حسێن خدر و دوو منداڵەکەی بە ناوەکانی محەممەد موزەففەر (١٥ ساڵ) و موبین موزەففەر (١٢ساڵ) گیانیان لەدەستدا.

جێی ئاماژەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی حکومەتی بەغدا و هەولێر له بەرامبەر ئەو تاوانه جەنگیانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بێدەنگیان هەڵبژاردووە.