بە گوێرەی هەواڵەکانی ڕۆژ نیوز کە زانیارییەکانی لە سەرچاوە هەرێمییەکانەوە وەردەگرێت، دوێنێ شەو هێزێکی زۆری سەربازی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر گەیشتوونەتە گوندی گوهەرزێی ناوچەی ئامێدی سەر بە دهۆک.
هەمان سەرچاوە ئەوەی ئاشکراکردووە سەرلەبەیانی ئەمڕۆیش دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێزی سەربازی بە کەلوپەلێکی زۆری سەربازییەوە لە گوندی گوهەرزێ جێگیرکردووە.
هاوڵاتیەکی گوندەکە بە ناوی شاکر بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە: "ئێمە لەناو دۆخێکى خراپداین و لایەنەکان بێدەنگن لە ئاست ئەم دەستدرێژییانەی دەوڵەتی تورک بەتایبەتی حکومەت، بۆ ئەو مەبەستەش زۆر بە توندی ڕەخنەی لێدەگرین."
شاکر ئاماژەی بەوەکردووە، سەبارەت بەو لەشکرکێشییە ماوەی ١٥ ڕۆژە سکاڵای خۆمان بردووەتە لای ئاسایشی شارۆچکەکە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نییە و بێدەنگن، ئەگەر وا بڕوات خەڵکی گوندەکە سنوورەکە چۆڵ دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەى چەندین ڕۆژە سوپای تورکی داگیرکەر بە هەماهەنگی لەگەڵ پەدەکە لە گوندەکانی شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک و چەند ناوچەیەکى سنوورى هەولێر بڵاوەى پێکراوە، بەردەوامیش سوپای داگیرکەری تورکیش بۆردوومانی چەند ناوچەیەکى باشووری کوردستان دەکەن و لە بەرامبەردا حکومەتى بەغداد و هەولێر بێدەنگن لەبەرامبەر ئەو بۆردوومان و لەشكرکێشیانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.
هەروەها پێش چەند ڕۆژێک، وتەبێژی یەنەکە سەعدی ئەحمەد پیرە ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورک ٣٠٠ چەتەی داعشی هێناوەتە سنورەکانی دهۆک و جێگیریی کردوون.