ماوەیەکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی 'ژن،ژیان، ئازادی'، هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران، شەپۆلێکی نوێی ڕەشبگیریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستپێکردووە و ڕۆژانە دەیان هاوڵاتی و چالاکوان بە بێ خستنەڕووی هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردن، دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار دەیانگوازنەوە.
بە پێی ئامارێکی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، تەنیا لە ماوەی دوو ھەفتەی ڕابردوودا، لانیکەم ٤٠ چالاکوان و ھاوڵاتی کورد لە لایەن ھێزەکانی سەر بە دەوڵەت لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە ئەو ھاوڵاتیانە، لە شارەکانی تاران، سنە، مەھاباد، سەقز، کامیاران، جوانڕۆ، پیرانشار و شنۆ دەستبەسەر کراون و زۆربەیان بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، لە بەردەوامی فشارەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان بۆسەر بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، تا ئێستا ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکانیان دەستگیر کراون و ھەندێکیشان وێڕای ھەڕەشە و ھۆشداری، بە نووسراو بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە، کە بەشداری لە مەراسیمەکانی ساڵیادی سەرھەڵدانەکە نەکەن و دواتر ئازاد کراون.
لە دوایین نموونەشدا، ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە عەبدوڵا ئەبوبەکری، باوکی زانیار ئەبوبەکری، یەکێک لە گیانبەختکردووانی سەرھەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' دوای ئەوەی بانگھێشتی ئیتلاعاتی شاری مەھاباد کراوە، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەر و لە لایەن لێکۆڵەرانی ئەو ناوەندەوە ھەڕەشەی لێکراوە بە ھیچ جۆرێک بەشداری ڕێوڕەسمەکانی ساڵیادی سەھەڵدانەکە نەکات و پاشان بە نووسراو بەڵێننامەی لێوەرگیراوە و دواتر ئازاد کراوە.
سەرکوتکاری و بەردوامی گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر چالاکوانان، ژنان و بنەماڵەی گیانبەختکردوانی سەرھەڵدانی 'ژن ژیان ئازادی'، بە ئامانجی مانەوە لە دەسەڵات، لەکاتێکدایە کە یەکەمین ساڵیادی ئەو سەرھەڵدانە لە نزیکبوونەوەدایە و چاوەڕوان دەکرێت جارێکی دیکە مەراسیمەکانی ساڵیادی سەرھەڵدانی 'ژن ژیان ئازادی' جۆش بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان بداتەوە.
لەبارەی شەپۆلی نوێی دەستگیرکردنەکان لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە دوایین شرۆڤەی سیاسی خۆیدا ڕایگەیاندبوو، "شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردن، لە مانگەکانی ڕابردوودا، کە بە پلانی سیستماتیکی ڕژێم بۆ ڕێگریکردن لە دەستپێکردنەوەی ڕاپەڕین لە سەروبەندی جوڵانەوەی 'ژن، ژیان ئازادی' خراوەتەڕێ، روخساری ڕژێمی زیاتر لە جاران لەبەر چاوی کۆمەڵگا بێزراوتر کردووە".
جەختیشکردبووەوە، "شەپۆلی دەستبەسەرکردن و هەوڵەکانی ڕژێم بۆ وێرانکردنی ژینگە و سەرکوتکردنی شەقام، ئاماژەیە بۆ ترس و بێدەرەتانی ڕژێم بەرامبەر بە گەلی کورد. هاوپشتی گەلەکەمان و بەردەوامبوونی هاوسۆزی و یەکڕیزیی هێز، وا دەکات رژێمی کۆمەڵکوژکار چیتر توانای سەرکوتکردنی نەمێنێت".
ژ.ن