دەوڵەتی ئێران دوو چالاکوانی کولتوری دەستگیر کرد
سیروس عەباسی، چالاکوانی کولتوری و براکەی ئازاد عەباسی دوای بانگهێشتکردنیان بۆ ئیتلاعاتی شاری دێولان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر و ڕەوانەی زیندان کراون.
سیروس عەباسی، چالاکوانی کولتوری و براکەی ئازاد عەباسی دوای بانگهێشتکردنیان بۆ ئیتلاعاتی شاری دێولان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر و ڕەوانەی زیندان کراون.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوێنی دوو مامۆستا و چالاکوانی شاری دێولان، سیروس عەباسی و ئازاد عباسی دوای بانگهێشتکردنیان بۆ ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستگیر و ڕەوانەی زیندان کراون.
ئەمەش لە کاتێکدایە چەند ڕۆژ لەمەوبەر سیروس عەباسی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری "پەیمانگای پەروەردەیی زانستی کورستان" ڕایگەیاندبوو، وەزارەتی پەروەردە مۆڵەتی کارکردنی ئەو پەیمانگایەی هەڵوەشاندووەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، مۆڵەتی کارکردنی ئەو ئینستیتیوتە بەهۆی "بەفەرمیکردنی فێرکردنی زمانی کوردی لە پەیمانگاکە، پشتیوانی لە مامۆستایانی دەستگیرکراو و پاڵپشتیکردن لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان ئازادی" هەڵوەشێنراوەتەوە.
ساڵی ڕابردوو لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان ئازادی' سیروس عەباسی و ئازاد عەباسی بەهۆی پاڵپشتی لە خۆپیشاندانەکان لە لایەن هێزەکانی دەسەڵات لە شاری دێولان دەستگیر و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون و دواتریش دادگای شاری دێولان سزای ٦ ساڵ و چوار مانگ زیندانی بەسەر ئەو دوو چالاکوانەدا سەپاندبوو.
ژ.ن