دوو زیندانی لە ئیلام لەسێدارەدران

لە زیندانی ئیلام سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو جێبەجێ کرا، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێذارەدراون گەیشتە ٩٣ کەس.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە زیندانییەک بە ناوی موعین سەلاح وەرزی، کە ماوەی ٣٢ ساڵ بوو بە تۆمەتی کوشتنی براکەی لە زینداندابوو، لە زیندانی ناوەندی ئیلام لە سێدارەدرا.

هاوکات و لە هەمان زیندان سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکی دیکە بە ناوی مەنسور مەنسوری تەمەن ٤٤ ساڵ جێبەجێ کرا، کە خەڵکی سەراوڵەی ئیلامە و ساڵێک و شەس مانگ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستگیرکرابوو.

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو زیندانییە، پێشتر چالاکی سیاسی هەبووە و چەند ساڵێک بەر لەئێستا بە نیازبووە پەیوەست بێت بە یەکێک لە حزبە بەرهەڵستکارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام لە کاتی پەڕینەوە لە سنوور، بە تۆمەتی بەزاندنی سنوور بۆ ماوەی شەش مانگ لە عێراق زیندانی کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە هێزە ئەمنییەکان ئاگاداری چالاکییە سیاسیەکانی بوون و دوای ئەوەی بە تۆمەتی کوشتن دەستگیرکراوە، لە رێگەی دروستکردنی فشار بۆ سەر بنەماڵەی کوژراوەکە، تا لێی خۆش نەبن، پرۆسەی دادگاییکردنەکەی و جێبەجێکردنی سزاکەیان لە ماوەیەکی کورتدا بەڕێوەبردووە.

بە گوێرەی ئامارێکی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٩٤ کەس لەو وڵاتە لە سێدارەدراون، ساڵی رابردووش ٨٣٤ حاڵەتی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان تۆمار کرابوون.

هـ . ب