دووەمین فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک دەستی پێکرد

لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان بە بەشداری هونەرمەندان و شانۆکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان دووەمین فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک دەستی پێکرد.

ئێوارەی ئەمرۆ لە سەنتەری رۆشنبیری دووەمین فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک دەستیپێکرد، ئەم خولەی فیستیڤاڵەکە بەناوی هونەرمەند (عەلی کەریم)بوو کە هونەرمەندێکی باشوری کوردستانە و تەمەنێکی زۆری خزمەتی هونەری کوردی کردووە.

هونەرمەند عەلی کەریم لە دایکبوی شاری کەرکوکە و لەهاوینی ساڵی (١٩٦٨)ەوە دەستی کردووە بە کاری هونەری،یەکەم بەرهەمیش کەبەشداری کردووە،شانۆگەری (پارەی دەرمانەکە)یە کە لە نوسینی هونەرمەندی گەورەی عێراق (یوسف العانی) و دەرهێنانی هونەرمەند (ئەنوەر محەمەد رەمەزان) بوو،جگە لەکاری شانۆی و تەلەفزیۆنی لە بواری نوسینیشدا، هونەرمەند عەلی کەریم بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا وتارو لێکۆڵینەوە یسەبارەت بە شانۆ و ئەزمونە شانۆییەکان دەنوسێت، تائێستا پێنج کتێبی بە چاپ گەیاندوە، دواکتێبی بەناوی (نواندن لە سینەمادا) لەژێرچاپدایە.

ئەم فیستیڤاڵە ماوەی شەش رۆژ دەخایەنیت، لەماوەی فیستیڤالەکەدا زنجیرەیەک شانۆ پێشکەش دەکرێت، ئەو شانۆیانەش بە ئێواران و شەوان لە چەندین شوێنی جیاوازی شارەکە نمایش دەکرێت.

هەروەها جێگای باسە نەک تەنها لە باشوری کوردستان بەڵکو لە رۆژئاوا، رۆژهەڵات و باکوری کوردستانیش تیبی شانۆی بەشدارییان لە فیستیڤالەکەدا کردبوو.

هەروەها لە کۆتایی فیستیڤاڵەکەدا لەلایەن لیژنەیەکی دادوەریەوە باشترینی شانۆکارییەکان هەڵدەبژێرن بۆ خەلاتکردن و بڕوانامەی ریزلێنان و خەڵات پێشکەش بە تیپی شانۆکارییەکان و بەو کەسانە دەکرێت کە هەوڵی سەرکەوتنی ڤستیڤاڵەکەیان داوە.

کەرکوک شانۆ دەپۆشێت

سیروان بێلانە گوتەبێژی فیستیڤاڵەکە سەبارەت بەناوەرۆکی فیستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "بەخۆشحاڵیەوە ئەمرۆ خولی دووەمی فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک (خولی عەلی کەریم) کرایەوە بە ئامادەبوونی هونەرمەندانی هەر چوارپارچەی کوردستان، جێگای خۆشحاڵیە کە لەماوەی چوار رۆژدا لەشاری کەرکوک، ١٤ نمایشی شانۆی و ٣ ووركشۆپ و ٣ سیمیناری شانۆیی، بە بەشداری هونەرمەندانی هەرچوارپارچەی کوردستان بەرێوەدەچێت، لەم هەفتەیەدا دەتوانین بڵێین کەرکوک شانۆ دەپۆشێت."

نیشانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بدەین

هەروەها سیروان بێلانە وتیشی: "هیوادارین ئەم فیستیڤاڵە وەکو فیستیڤاڵی پێشوو سەرکەوتووبێت، بۆئەوەی ببێتە هەولێک بۆ سەرکەوتنی بزانی شانۆیی لە کەرکوک، وە ئێمە وەکو لیژنەی باڵا لە فیستیڤاڵەکە دەتوانین بلین تائیستا تەواوی پلانەکانم بەسەرکەوتووی ئەنجامداوە لە فیستیڤاڵەکە، و هیوادارین لە رۆژانی داهاتوودا تەواوی پلانەکانمان بەسەرکەوتووی بەرێوەبچیت تا بتوانین وێنەیەکی جوان و گەشی شاری کەرکوک نیشانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بدەین."

گرنگە بۆ هونەرمەندانی هەر چوارپارچەی کوردستان

هەروەها سەبارەت بە گرنگی ئەم جۆرە ڤیستیڤاڵە لەپێشخستنی هونەرو شانۆی کوردی، ناوبراو وتی: "هەموو چالاکییەکی هونەری گرنگی خۆی هەیە بەتایبەتی چالاکی شانۆیی، کە ئێمە لەم چالاکییەدا ٣٠٠ میوان و هونەرمەند و چەندین تیپی شانۆی جیاواز لەتەواوی شارەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان هاتوون کە لێرەدا سوود لەبیر و بیروڕای شانۆیی و هونەری یەکتر وەردەگرن، کە ئەمەش خاڵیکی گرنگە بۆ ئەوەی هەریەک لە شانۆکاران و لیژنەی دادوەری فیستیڤاڵەکە سوودی لی وەربگرن."

ئەم سنورانە هەڵگرین و نەڵێین چوارپارچەی کوردستان

لەکۆتایدا سەبارەت بە گرنگی بەشداربوونی هونەرمەندان و شانۆکارانی هەر چوارپارچەی کوردستان لە فیستیڤاڵی شاری کەرکوک، سیروان بێلانە گوتەبێژی فیستیڤاڵی شانۆی کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "جێگای دەستخۆشییە کە بۆ یەکەم جار فیستیڤاڵێک لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەی کوردستان ئەنجام بدرێت و خۆشحاڵین لە ئەم هەنگاوە لەشاری کەرکوکەوە دەستی پێکرد بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندانی تەواوی کوردستان، و هیوادارین لەساڵانی ئایندەدا ئەم سنورانە هەڵگرین و نەڵێین چوارپارچەی کوردستان، بەڵکو بڵێین کوردستان فیستیڤاڵی شانۆیی یەکگرتوو پێشکەش دەکات."

ف.ق