" دوژمنانی کورد لەیەک سەنگەرن و هێزە کوردییەکانیش ناکۆکن" -١-
هەژار کاکەیی پارێزەر و شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی: " بەپێی جارنامەی نێودەوڵەتی ڕێککەوتننامەی جنێف ئەو هێرشانەی تورکیا ئەنجامی دەدات تاوانی جەنگن".
هەژار کاکەیی پارێزەر و شارەزا لە یاسای نێودەوڵەتی: " بەپێی جارنامەی نێودەوڵەتی ڕێککەوتننامەی جنێف ئەو هێرشانەی تورکیا ئەنجامی دەدات تاوانی جەنگن".
دوژمنانی کورد رۆژ لەدوای رۆژ لەیەکتر نزیکدەبنەوە و هەوڵی ئەنجامدانی ڕێککەوتنی ژێر بەژێر دەدەن بۆ سڕینەوەی گەلی کورد، هەروەها داگیرکەرانی کوردستان بەبێ گرنگیدان بە یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان هەموو جۆرە پێشەڵکارییەک دژی گەلی کورد ئەنجام دەدەن کە دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ، ئەوەی جێگای داخە لەم دۆخە مەترسیدار و چارەنووس سازەدا بەشێکی حزب و لایەنە کوردییەکان بەتایبەتی ئەوانەی باشوری کوردستان هەست بە مەترسی دۆخەکە ناکەن و بەرژەوەندی حزبی لەسەرو بەرژەوەندی نەتەوەیی دادەنێن کە بەپی چاودێران ئەگەر کورد یەکگرتوو نەبێت لەم قۆناغەدا و ئەو پەرت و بڵاوبوونەوەیەی لایەنە کوردییەکان بەردەوام بێت ئەوە ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستهاتوون تا ئیستا لەدەست دەدرێن.
لەلای خۆیەوە هەژار نورەدین کاکەیی، چاودیر و پارێزەر و شارەزا لە یاسایی نێودەوڵەتی سەبارەت بە چەند پرسێکی وەکو مەترسی نزیکبوونەوەی دوژمنانی کورد و پەرت و بڵاوبوونی لایەنە کوردییەکان، بەردەوامی پێشەڵکردنی سەروەری عێراق و سوریا لەلایەن تورکیا و ئێران بەمەبەستی هێرش کردنە سەر گەلی کورد و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دژ بە کورد، وە مەترسی پلانگێری بۆسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کورستان و چەند پرسێکی دیکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.
ئێران و تورکیا قەیرانەکان هەناردەی دەرەوە دەکەن
وڵاتانی وەکو ئێران و تورکیا لەناوخۆی خۆیان تووشی قەیرانی گەورە بوونەتەوە، دەبینین کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە خەباتێکی بێ وەچان تێدەپەڕێت بە دروشمی (ژن ژیان ئازادی) کە دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆری ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەژێر کۆنترۆڵی رژێم دەرچوونە و کەوتۆتە دەستی شۆرشگێران، لەبەرامبەردا تورکیا بەسەرکردایەتی ئاکەپە و مەهەبە بە قەیرانێکی زۆرەوە بەرەو هەڵبژاردن دەچێت کە بەپێی تەواوی ئامارەکان ڕێژەی دەنگدەرانیان بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، بۆیە بۆ لادانی سەرنج لەسەر کێشە ناوخۆیەکانیان ئێران و تورکیا بەردەوام هەوڵیانداوە ئەو قەیرانانە هەناردەی دەرەوەی وڵات بکەن".
لەپێناو مانەوەی لەدەسەڵات، ئەردۆغان شەڕی دژی گەلی کورد ڕاگەیاندووە
هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە ڕاگەیاندنی شەڕ دژی گەلی کورد لەلایەن ئەردۆغانەوە و هەناردەکردنی کێشە و قەیرانە سیاسیە و ئابورییەکانی تورکیا، ئەو چاودێرە ڕایگەیاند: "٠لەڕێگەی ڕاگەیاندنی شەڕ دژ بە گەلی کورد ئەردۆغان هەوڵدەدات سەرنج لەسەر قەیرانەکانی تورکیا لابدات و هەروەها بۆ ڕێگری لەشکسهێنانی لە هەڵبژاردەنکان ڕێگە خۆشدەکات بۆئەوەی لەپێناو مانەوەی لەدەسەڵات باری ناجێگێر لە ولات ڕابگەیەنێت بەهۆی شەڕ دژی گەلی کورد".
دوژمن لەیەک سەنگەرن و هێزە کوردیەکانیش ناکۆکن
ئەگەر تەمەشای دۆخی ناوچەکەکە بکەین، دەبینین کە دوژمنانی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان لەیەک سەنگەرن و پێکەوە کۆکن، ئەوەی ناکۆکە هێزە کوردییەکانی نێو قۆڕەپانی سیاسییە کە درکیان بە مەترسی پیلانگێرییەکانی دوژمنانی کورد نەکردووە کە زیاتر مەترسییەکە لەسەر باشوری کوردستانە، پێمان وایە پیلانگێریەکی هەمەلایەنانە هەیە کە دەیانەویت گەمارۆیەکی سیاسی و سەربازی بەسەر باشوری کوردستانەدا بسەپێنن".
ئەوەی ئیستا هەیە لە باشور لەوانەیە لەدەستی بدەین
هەروەها سەبارەت بە ڕێککەوتن و پیلانگێری دوژمنانی کورد، ئەو چاودێرە ڕاگەیاند: "ئەوەی جێگای داخە حوکمڕانانی باشوری کوردستان نایانەوێت ئەو ڕاستیە تێبگەن کە ئەوەی هەیانە لەوانەیە بەشەو رۆژێک لەدەستی بدەن، بۆنموونە لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ لەماوەی ٤٨ کاتژمێردا زیاتر لە نیوەی خاکی باشوری کوردستان کەوتەوە دەست هێزە عێراقییەکان، ئەگەر وڵاتانی تورکیا، ئێران و عێراق ڕێککەوتنێکی ژێربەژێریان ئەنجامدابێت ئەوە مەترسییەکە زۆر گەورە دەبێت بەشێوەیەک کە لەوانەیە ئەوەی ئیستا هەیە لەباشوری کوردستان ئەوەش لەدەست بچێت، پێویستە تەواوی هێزە سیاسیەکان ناکۆکیەکان بەلاوە بنێن و بیرێکی نەتەوایەتی بکەن بۆهەر چوارپارچەی کوردستان".
دوژمن جیاوازی لەنێوان کوردان ناکات، نابێت کوردیش جیاوازی بکات
هەروەها ناوبراو وتیشی: "لەئیستادا پێویستە لەسەر هێزە کوردییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان یەک هەڵوێستبن بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشور و هێرشەکانی ئێران بۆسەر باشور و بۆسەر خۆپیشاندەرانی شۆرشگێر لە رۆژهەڵات، تا لەڕێگەی فشارەوە بتوانن مەترسییەکانی سەر گەلی کورد کەم بکەنەوە، کاتی ئەوەی هاتووە سنورەکانی نێوان رۆژئاوا و باشوری کوردستان بکرێنەوە تا هاوکاری یەکبین، چون دوژمن جیاوازی ناکات لەنێوان پارچەکانی کوردستان پێویستە ئێمەی کوردیش جیاوازی نەکەین لەنێوان پارچەکانی کوردستان بەهۆی جیاوازی ئایدلۆژی سیاسی، بەڵکو دەبێت یەکگرتوو بین لەبەرامبەر هێرشەکانی دوژمن".
ئەمریکا مۆڵەت دەدات بە هێرشەکانی تورکیا
هەروەها دەربارەی رۆڵی کورد لەدەسەڵاتی عێراق و سنوردانان بۆ هێرشەکانی سەر باشور، ئەو چاودێرە ڕایگەیاند: "سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی عێراق ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاری کورد هەن لە بەغدا، دەتوانن لەڕێگەی نەتەوەی یەکگرتووەکانەوە فشار بخەنەسەر تورکیا و ئێران و تا سنورێک دابنێن بۆ هێرشەکانیان، بەداخەوە زلهێزەکانی وەکو روسیا و ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بێدەنگیان هەڵبژاردووە بەرامبەر هێرش و دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر خۆبەرێوبەری رۆژئاوا، جگە لە بێهەڵوێستی ئەمریکا کە لەرۆژئاوای کوردستان بوونی هەیە لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا هەندێکجار گڵۆپی سەوزیش بۆ هێرشەکانی تورکیا دائەگیرسێنن".
عێراق و سوریا وەکو دەوڵەت سەروەریان نەماوە
سەبارەت بە بەزاندنی سنوری وڵاتان لە یاسایی نێودەوڵەتیدا، ئەو شارەزایەی یاسای نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: "لەڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکاندا هیچ وڵاتێک بۆی نیە سنوری ولاتێکی دیکە ببەزێنێت ئەگەر بۆکاری سەربازیش نەبێت، بەڵام بەداخەوە هەردوو ولاتانی عێراق و سوریا وەکو دەوڵەت سەروەریان نەماوە بۆیە دەبینین بەردەوام فرۆکەی جەنگی تورکیا بە ئاسمانی هەردوو ولات دەسوڕێتەوە و هێرش ئەنجام دەدات لەناو خاکی عێراق و سوریا".
بەپێی جارنامەی نێودەوڵەتی ڕێککەوتننامەی جنێف تورکیا تاوانباری جەنگە
لە کۆتایدا سەبارەت بە ئامانج گرتنی هاوڵاتیانی سڤێل بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیاوە، هەژار کاکەیی چاودێر و پارێزەر و شارەزا لە یاسای نێودەولەتی، ڕایگەیاند: "دەبینین بەردەوام شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵكی مەدەنی بۆردومان دەکرێن لەلایەن فرۆکە جەنگیەکانی تورکیاوە کە ئەمەش بەتاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا، کە لەماوەی ڕابردوودا لە رۆژئاوای کوردستان نەخۆشخانەیەکی مەدەنی بۆردومان کرا، ئەگەر تەواوی ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورکیا بە دۆکیومەنت بکرێت و ببرێتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەپێی جارنامەی نێودەوڵەتی ڕێککەوتننامەی جنێف و ڕێککەوتننامەی ولاتان لەسەر تاوانی جەنگ ئەوەی تورکیا ئەنجامی دەدات تاوانی جەنگن".
ف.ق