دەیان هەزارکەس بەجۆشەوە نەورۆزیان لەقەندیل پیرۆزکرد و ئاهەنگەکان کۆتاییهات

ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل بە ئاهەنگگێڕان و وتنەوەی دروشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” بە بەشداری دەیان هەزارکەس کۆتاییهات.

دوای زیاتر لە پێنج کاتژمێر لە ئاهەنگگێڕان و پێشکەشکردنی سرود و گۆرانیی و بەرهەمی هونەریی جۆراوجۆر، ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل کۆتاییهات.

ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ و ئاهەنگگێڕان کۆتاییهات و هەمووان بەخۆشیی جەژنی نەورۆز و سەرکەوتنی بەرخۆدانی گارەوە هەڵپەڕین.

هەریەک لە هونەرمەندان ناسر ڕەزازی، دیار دەرسیم، چۆپی فەتاح، شیلان عوسمان، بەختیار ساڵح و گروپەکانی شەهید سەرحەد و زەردەشت و دەستینا گۆرانی و بەرهەمی هونەرییان پێشکەشکرد.

هاوکات وتاری هەریەک لە کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، کۆما ژنانی کوردستان-کەژەکە، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک و کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان و ئەنجومەنی گەلی بناری قەندیل پێشکەشکران.

دەیان هەزار کەس لە تەمەن جیاوازەکان و توێژە جیاجیاکان لە هەرچوار پارچەی کوردستانەوە خۆیان بە پۆشینی جلوبەرگی کوردیی ڕازاندەوە و بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد.

هەر لە ئاهەنگەکەدا کۆمەڵێک هەڵسەنگاندنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر جەژنی نەورۆز پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

بە وتنەوەی درووشمەکانی “بێ سەرۆک ژیان نابێ – بژی سەرۆک و ئاپۆ و بەرخۆدانی گەریلا” و گۆرانییەکانی بەختیار ساڵح بە جۆشەوە کۆتایی بە پیرۆزباییەکان هات.

ف.ق