دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە هەموو جۆرە گوشارێکی سیاسی و ئابووری و کولتورییان خستووەتە سەر خەڵکی جۆلەمێرگ. هەر بەوەشەوە ناوەستن و بڕیار لەسەر ئەوەش دەدەن، کە کێ کار بکات و کێ وەربگیرێت و کێ دابمەزرێت. دەزگای دۆزینەوەى کار لە تورکیا (ئیشکور / ÎŞKÛR) بەپێی لیست و لەسەر داوای ئاکەپە خەڵک لە جۆلەمێرگ دادەمەزرێنێت.
دەزگای دۆزینەوەى کار لە تورکیا (ئیشکور / ÎŞKÛR) بەمەبەستی کارکردن لە قوتابخانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی نەتەوەیی لە جۆلەمێرگ، رایگەیاندبوو، پێویستی بە دامەزراندنی ٧٤ کەس هەیە. بۆ ئەو هەلی کارە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەیی نەتەوەیی ناوەکان تۆمار کران و بەلانیکەمەوە ٣ هەزار کەس ناویان بۆ کارکردن پێشکەشکردبوو.
دەبوو لەو ژمارەیە ٧٤ کەسیان هەڵبژێردرێت، بەڵام محەمەد یوڵداش جێگری سەرۆکی ئاکەپە خۆی خزاندە ناو تیروپشکەکە و بەشداریی لە تیرو پشکەکەدا کرد.
بە وتەی شایەتحاڵان، ئیشکور بەپێی لیستی ئاکەپە کەسانەکانی وەرگرتووە و کاری بەوانە داوە، کە ئاکەپە پەسەندی کردوون.
ژ.ت