دەزگای هەواڵگری عێراق: لەماوەی دوو هەفتەدا ١٧٢ چەتەی داعش دەستگیرکراون

دەزگای هەواڵگری عێراق، دەستگیرکردنی دوو چەتەی داعشی لە کەرکوک ڕاگەیاند، لەسەرتاسەری عێڕاقیش ١٧٢ چەتە لەماوەی دوو هەفتەدا دەستگیرکراون.

لە پارێزگای کەرکوک دوو ئەندامی 'مەترسیداری' چەتەکانی داعش دەستگیرکران، یەکێکە لە دەستگیرکراوەکانیش بەناسنامەی ساختە لە وڵاتێکی دراوسێوە ھاتووەتە عێراقەوە.

دەزگای ھەواڵگری سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق بڵاویکردەوە، ھێزەکانیان لە پارێزگای کەرکوک دوو ئەندامی "مەترسیداری" داعشیان دەستگیرکردووە کە یەکێکیان لە وڵاتێکی دراوسێوە ھاتووەتە ناو عێراق.

دەزگا هەواڵگرییەکە ڕاشیگەیاندووە، ئەو ئەندامەی داعش کە لە وڵاتێکی دراوسێوە ھاتووەتە ناو عێراق، بە ناسنامەی ساختە ھاتووەتە کەرکوک و ویستویەتی بچێتە دیالە، تا لەو پارێزگایەدا کاری تیرۆریستی ئەنجام بدات.

ئەمڕۆش دەزگای ھەواڵگری فیدڕاڵی عێراق رایگەیاند، لە دوو ھەفتەی رابردودا ھێزەکانیان لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە، ١٧٢ تیرۆریست و ١٠٨ بازرگان و بەکارھێنەری مادەی ھۆشبەریان دەستگیرکردووە.

هـ . ب