فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند، ئەوەی لە پرۆسەی دادگاییکردنی ژمارەیەک لە رۆژنامەنووس و چالاکوانانی مەدەنی دەڤەری بادینان، لەدادگای تێھەڵچوونەوەی ھەولێر روویدا لە سەر ئازادی بیروڕاو و ئازادی رۆژنامەنووسی بووە، ئەم دوو مافەش بە یاسا پارێزراون و دەسەڵاتیش بەرپرسە لە پاراستنی ھەردوو مافەکە.
ئەوەشی خستەڕوو بە گوێرەی پرەنسیپە نێودەوڵەتیەکانیش دەبێت دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆبێت و نابێت لە ژێر ھەژموونی ھیچ دەسەڵاتێکی دیکەدابێت، بەڵام دەرەنجامی دادگاییکردنەکە کە بۆ رایگشتی خرایەڕوو، دەریخست دادگاییکردنەکە بە ئاقاری سیاسیدا براوە.
لە راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی یەكێتیدا هاتووە، "لە روانگەی باوەڕی تەواو و نەگۆڕمان بە ئازادی بیروڕا و ئازادی رادەربڕین و سەروەری یاسا داواکارین دادگای پێداچوونەوەی (تەمییز)ی ھەرێم لە ماوەی یاسایی خۆیدا بە ئەرکی یاسایی خۆی ھەستێت و ئەو لادانە یاساییەی لە دادگاییکردنی رۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دەڤەری بادینان لە پرۆسەی دادبینی لەدادگای ھەولێر کراوە، لە قۆناغەکانی تری دادوەری راستی بکاتەوە، ماف بۆ خاوەن ماف بگێردرێتەوە."
داواشیكرد بڕیارەكە بە جۆرێك راستبكرێتەوە كە "ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان لە حوکمی دادپەروەری دادگاکان بێ ئومێد نەکات و بەھیچ شێوەیەک رێگا نەدرێت دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاسا لەگەڵ ململانێی سیاسی تێکەڵ بکرێت".
ف.ق