فەرهاد تونچ: پارتی چەپی سەوز بەهار لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت

هونەرمەند فەرهاد تونچ، گوتی: «با بەشێوەیەکی بە‌هێز پارتی چەپی سەوز بنێرینە پەرلەمان، هەروەها کەمال کلیچدار ئۆغلۆ بکەینە سەرۆکی نوێی وڵات».

هونەرمەند فەرهاد تونچ پەیامێکی ڤیدیۆیی بەبۆنەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ ی ئایار بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەی تونچ هاتووە: «ئەم هەڵبژاردنە مێژوویی و یەکلاکەرەوەیە. ڕەنگە لە هەموو هەڵبژاردنەکان ئەم قسانە وەک هاندانێک کرابێت، بەڵام ئەم جارەیان وەها نییە. ئەمە هەڵبژاردنە لەنێوان دیموکراسی و فاشیزم، لەنێوان تاریکی و ڕووناکی، لەنێوان دادپەروەری و ستەم، لەنێوان ڕەنج و دزی. پێویستە پارتی چەپی سەوز لەم هەڵبژاردنە براوە بێت».

«چەپی سەوز، ئازادی و دادپەروەری و ئارامییە»

هەروەها فەرهاد تونچ گوتی: «پارتی چەپی سەوز، پارتی هەموو گەلان و باوەڕەکانە و ڕۆڵی گەورەی دەگێڕێت لە چارەسەری پرسی کورد. بەداخەوە، هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت، بەبێ چارەسەربوونی پرسی کورد. پڕکردنەوەی سندوقەکان بە دەنگی پارتی چەپی سەوز، مانای پڕکردنی وڵاتە لە ئازادی و دادپەروەری و ئارامی. بۆیە، تا مرۆڤ نەگاتە ئەو ڕاستییانەی کە پارتی چەپی سەوز کردووییەتی بە ئامانج، هەرگیز وڵات ناگاتە ئارامی. بینیمان چۆن گەل لەسایەی توندوتیژی و ڕژێمی دژە دیموکراتیکدا ڕووبەڕووی چارەڕشی دەبێتەوە».

هونەرمەند فەرهاد تونچ لەکۆتایی پەیامەکەیدا گوتی: «با بەشێوەیەکی بەهێز پارتی چەپی سەوز بنێرینە پەرلەمان، هەروەها کەمال کلیچدار ئۆغلۆ بکەینە سەرۆکی نوێی وڵات. لە ١٤ ی ئایارەوە خۆرێکی نوێ هەڵدێت».

ف.ق