فەرماندەی گیانبازی تونێلەکانی شەڕ

یڵدز شاهین بۆتان کە بەشداری لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید ساڤاش مەرەشدا کرد، لە تونێلەکانی شەڕدا بە ئازایانە شەڕی کرد. ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣ لە دژی سوپای داگیرکەر گوڕی بە بەرخودان دا.

 لەبەردەم هێزە هەژموونخوازەکان کە دەیانەوێت بە سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوە گەلی کورد لەناوببەن،. بەربەستێکی گەورە بوونی هەیە. ئەوەش جەنگاوەرە فیداییەکانن کە بە فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان سەر لە نوێ دەخوڵقێننەوە.

تۆوی ئازادی کە بە گەرمی خۆر ریشەی بۆ ناو خاک شۆڕبووەتەوە، ئیتر لە دەستێکی سەلامەتدایە. ئەم تۆوە لە شورای ئامەد، لە چیا کەونارەکانی بۆتان و بە بەستە و ئاوازی حەیران بێژانی سەرحەد زیندوو بووەتەوە. لە کۆبانێش کاریگەری هەیە. گەریلای یەژا ستار یڵدز شاهین بۆتان لە کۆبانێ لەدایک دەبێت و گەورە دەبێت.

 لە ژیانیشدا هێڵی فیدایی هەڵدەبژێرێت

یڵدز لە شوێنی شەڕ و شۆڕش گەورە دەبێت. گەلەکەی لە هەموو ڕوویەکەوە هەمیشە لە ژێر مەترسی و هەڕەشەدا بووە. ئەمەش هەستیاری و هەستی تۆڵەسەندنەوە و خواستی شەڕ لای ئەو دروست دەکات. چونکە بە چاوی خۆی شایەتی ئەوە بووە کە شەڤانانی ئازادی کە لەپێناو گەلەکەیاندا دەجەنگان، بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە شەهید دەکرێن.

لە دژی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە ساڵی ٢٠١٨ بە سەر عەفرین و لە ساڵی ٢٠١٩ بە سەر سەرێکانی دەستیان پێکرد، چەک هەڵدەگرێت و دەچێتە سەنگەرەکانی پێشەوە و بۆ پاراستنی ئەو بەهایانەی کە بە خوێنی شەهیدان  ئافرێنراون، بە شێوەی گیانبازانە شەڕ دەکات.

دوو برای یڵدز و زۆرێک لە خزمەکانی بەشداری ناو ڕیزەکانی گەریلا بوون. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی روو لە چیا ئازادەکان بکات. بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە روودەکاتە چیا ئازادەکان. بەتایبەتیش لە ١٥ی شوباتدا، لە ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا، کە دەخوازرا لە کەسایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گەلی کورد بخەنە زیندانی تاریکییەوە، بەشداری ناو ریزەکانی گەریلا دەبێت.

لە پەروەردە و ڕاهێنانی شەڕڤانی نوێدا، لە رووی ئایدیۆلۆژی و سەربازییەوە زۆر بەرەوپێش دەچێت. دوای ماوەیەکی کەم خۆی شەڕڤانانی نوێ پەروەردە دەکات. ئیتر دەبێتە یەکێک لە فەرماندە پێشەنگەکانی ژیان. لەو شوێنانەی کە خەبات دەکات، دەبێتە جەنگاوەرێکی خۆشەویست و نمونەیی.

لە ساڵی ٢٠٢١ بە مەبەستی قووڵکردنەوەی بەدواداچوون و پەیجورییەکانی، پێشنیاردەکات کە بەشداری ناو هێزی تایبەت ببێت. بەڵێنی داوە کە ببێتە دەنگی گەلەکەی و تۆڵەی هەڤاڵانی بکاتەوە. لە ژیاندا هێڵێکی فیداییانە هەڵدەبژێرێت، لە هیچ دژوارییەک هەڵنایات و سڵناکاتەوە، هەموو ئەرکێک بە سەرکەوتنێکی گەورە جێبەجێ دەکات.

دڵێکی بوێر، کە بەرپەرچی دوژمن دەداتەوە

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢ دەست بە هێرشە داگیرکەرییەکانی بۆ سەر ناوچەی شەهید دەلیل زاگرۆس (ڕۆژئاوای زاپ) دەکات. یڵدز بەشداری لە هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید ساڤاش مەرەش دەکات. لە تونێلەکانی شەڕ بە بوێرییەکی زۆرەوە دەجەنگێت. لە تەواوی شەڕەکە ئامانجی پاراستنی هەڤاڵەکانی و بوون بە پێشەنگی ژیانێکی کۆلێکتیڤ و پێکەوەیی بووە . هەر هەلێکی بۆ دەڕەخسێت بە نیشانشکێن و چەکی تاکەکەسی لە ئامانجەکەی دەدات.

گەریلای یەژا ستار یڵدز لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی لەناو هەموو چالاکییەکانی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید ساڤاش مەرەشدا بەشدار دەبێت. بۆ ئەوەی گورزی قورس و کاریگەر لە دوژمن بدات، لەو گۆرەپانەی کە تێیدا سەروەرە، ئەرکدارە لە ناو تیمە گەڕۆکەکان. شەوی ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، سوپای داگیرکەر ویستی دابەزێتە خوارەوە، یڵدز لەگەل یەکێک لە گەریلا پێشەنگەکان کە ناوی ڕۆبین ئاڤێنتە، وەڵامی داگیرکەرانی دایەوە. بەڵام سوپای تورک بەرامبەر بەو بەرخۆدانە هێندەی تر دڕندەتر بوو و هێندەی تر درێژە بە هێرشەکانی دەدات. ڕۆژی ٢٥ی تەمووز، ڕۆبین ئاڤێنت و یڵدز شاهین بۆتان، ئەو تێکۆشەرانەی کە بوونە هێمای پێشەنگایەتی ژنان، دەچنە ناو کاروانی شەهیدانەوە.

هـ . ب