گۆک ئاڵپ: ئێمە لە دژی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ دەبین

سەمرا چاغلار گۆک ئاڵپ پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز لە بەدلیس بۆ پەرلەمان ڕایگەیاند، دژی پێشێلکارییەکان دەبن و وتی، کار بۆ چەسپاندنی یاساکانی داکۆکیکار لە شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ دەکەین.

سەمرا چاغلار گۆک ئاڵپ پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز لە بەدلیس بۆ پەرلەمان وتی، ئێمە لە پەرلەماندا دەبین بە دەنگی ژنان و زیندانییەکان.

ژمارەی دانیشتوانی بەدلیس ٣٥٥ هەزارە و ٢١٠ هەزار دەنگدەری هەیە. پارتی چەپی سەوز دەوێت لە ١٤ی ئایاردا ٣ پاڵێوراو لە بەدلیس بۆ پەرلەمان سەربخات. سەمرا چاغلار گۆک ئاڵپ پاڵێوراوی پارتی چەپی سەوز لە بەدلیس بۆ پەرلەمان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، بەرزترین ڕێژەی پاڵێوراوی ژنانیان هەیە، کە لە سەدا ٤٥ی پاڵێوراوەکانی لیستەکەیان ژنە و ڕاشیگەیاند، "منیش بەو هێزەوە، کە لە نەریتی حیزب و خەباتی ژنانی کورد وەریدەگرم، لە پەرلەمان دا خاوەنداری لەو دەستکەوت و بەهایانە دەەکەم".

لە هەموو بەشەکانی سیاسەتدا، هاوسەرۆکایەتی

گۆک ئاڵپ ڕاشیگەیاند، لە دژی سیاسەتی زایەندپارێزیی دەسەڵاتی ئاکەپە ڕێککەوتننامەی ئیستەنبول زیندوو دەکەنەوە و وتی، "ئێمە لە هەموو ئاست و شوێن و بەشەکانی سیاسەتدا کار بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی دەکەین، کە بۆ نوێنەرایەتیی یەکسانی بەڕێوەبەری و بڕیاردان هەنگاوێکی گرنگە".

له دژی پێشێلێکارییەکانی مافی مرۆڤ له زیندانه کاندا دەوەسیتنەوە

گۆک ئاڵپ ئەوەشی ڕایگەیاند، گۆشەگیری و ئەشکەنجەیەکی توند لە زیندانەکاندا هەیە و وتیشی: "سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشە و پێشێلکارییەکانی گۆشەگیری و ئەشکەنجە، کە چەندین ساڵە لە بەرنامە و ڕۆژەڤی هەموواندایە، پێویستە مرۆڤ وریا بێت بۆ ئەوەی چیی لە دەست دێت بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنجامی بدات. چارەسەریش بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی یاسا نایەکسان و نادادپەروەرانەکان و پێویستە ئێمە لە بریی ئەو یاسایانە کار بۆ ئەو یاسایانە بکەین، کە پارێزگاری لە شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ دەکەن."

سەمرا چاغلار گۆک ئاڵپ کێیە؟

سەمرا چاغلار گۆک ئاڵپ ساڵی ۱۹۸۸ لە بەدلیس لە دایک بووە. خوێندنی لە بەشی ئەدەب و زمانی ئینگلیزیی زانکۆی یوزونجو یل لە وان تەواو کردووە.

لە ئینگلتەرا، لە بواری پەروەردەی زمان، بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەی تایبەتی شارەوانیی گەورە شاری وان و بەڕێوەبەرایەتی لقی پەیوەندییەکانی دەرەوە و یەکێتیی ئەوروپا کاری کردووە.

 گۆک ئاڵپ لە دوای داسەپاندنی قەیوم بەسەر شارەوانیی وان و زەوتکردنی شارەوانیی هەدەپەی وان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بە بڕیاری باری نائاسایی لە کارەکەی دوورخرایەوە.

گۆک ئاڵپ بەشداریی لە بەڕێوەبردنی لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئانتالیا کردووە و وەک چالاکوانێکی مافی مرۆڤ لە دژی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ کار دەکات.

 جگە لە زمانەکانی کوردی و تورکی، زمانی ئینگلیزیش بە باشی دەزانێت.

ژ.ت