گەلی بادینان داوای بەهاناوە چوون دەکەن

پلاتفۆرمی میدیایی بادینان ڤیدۆێکی بڵاوکردووتەوە، دەربارەی ڕەوشی گەلی بادینان لەژێر دەستەی بنەماڵەی بارزانی و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، داوای بەهاناوە چوونی بەپەلە لە ڕای گشتی و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکەن.

لەو کورتە ڤیدۆییەدا، داود سلێمانی ئامێدی، چالاکوانی مەدەنی بەیاننامەیەک لەسەر ناوی گەلی بادینان بڵاودەکاتەوە و بانگەوازی لە گەلی سلێمانی و هەموو پارت و لایەنە سیاسییە کوردییەکان دەکات، کە بەهانای گەلی بادینانەوە بچن و دەڵێت: "ماوەی چارەکە سەدەیەکە ماڵباتی بارزانی دەستییان بەسەر ناوچەی بادیناندا گرتووە، لەو کاتەوە ئەو ماڵباتە دەرگایان بەسەر داگیرکاری تورکیادا کردۆتەوە، لەو کاتەوە تاکو ئیستا قڕکردنی بێدەنگ لەسەر گەلی بادینان بەرێوە دەچێت".

ناوبراو تیشک دەخاتە سەر ئەو ڕێبازەی ماڵباتی بارزانی و دەوڵەتی تورک کە بەکاری دەهێنن لە دژی گەلی کورد لە بادینان، بەم شێوەی خوارەوە ڕێزیان دەکات.

ا- دروستکردن و چەکدارکردنی هێزێکی زۆری دام و دەزگای ئەمنی بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنی هاوڵاتییان و پێکهێنانی ئۆپراسیۆنی تایبەت، تیرۆرکردنی هاوڵاتییان، تەسفیەکردنی جەستەیی کەسانی ناڕازی، هەروەها  ڕوو ڕەشکردن، دەست بەسەر کردن، ناچارکردنی هاوڵاتییان بە زۆری بۆ مەبەستی کاری سیخوڕی و بۆ ئەو ئامانجەی کە بۆیان دیار بکرێت پێکی بێنن، بۆ ئەو مەبەستەش شێوازێکی ناشرین بەکار دەهێنرێت کە مرۆڤەکان ناچاری داواکارییەکانیان بکەن.

ب- بەردەوامی پێدانی سیاسەتی برسیکردن و ناچار کردنی هاوڵاتییان بۆ ئەوەی بە هەموو کردار و سیاسەتەکانی ئەوان ڕازی ببن، لە ئێستاشدا کردارەکانی ئەوان بەم شێوەی خوارەوەیە.

١- بەبیانووی هەبوونی گەریلای پەکەکە، تورکیا ٧٠ بارەگای داگیرکاری لەو ناوچەیە کردۆتەوە، هەموو ڕۆژێک لە زەوی و ئاسمانەوە ناوچەکە بۆردوومان دەکەن، بە تایبەتیش ناوچە گەشتیاریەکان.

٢-کۆردیناسیۆنێکی بڵندی کار لە نێوان دەزگای میت و پاراستن  هەیە بۆ ئەوەی کار بۆ ئەوە بکەن زۆرترین هاوڵاتیی بکەن بە سیخور بۆ کۆکردنەوەی زانیاری، هەندێک جار بە هەڕەشە و ترس، هەندێک جاریش بە بەڵێنی پارە و گەشتی تایبەت بە تورکیا ئەو خەڵکانە ڕێکخستن دەکەن.

٣-ناچار کردنی زۆرترین هاوڵاتیی بۆ ئەوەی جێگا و زێدی خۆیان بە جێ بهێڵن و ئاوارەی ئەوروپا و شوێنەکانی تر ببن، بە تایبەتیش ڕەگەزی نێرینە.

٤- رێگە پێدانی ١٨ هەزار یەکەی ئابووری تورکیا کە لە ناوچەی بادینان کار بکەن، کە پێك دێت لە شوێنی فرۆشتنی جل وبەرگ، خواردن، کۆمپانیای بنیادنانی بیناسازی، شوێنی جوانکاری ژنان و پیاوان و مەساج .. هتد، هەموو ئەو شوێنانە لەژێر سەرپەرشتی دەزگای سیخوری دەوڵەتی تورک و میتدا کار دەکەن.

٥- پڕكردنی بازاری بادینان لە کەلوپەل و کاڵای خراپی تورکی، قۆرخکردنی بازاری بادینان بۆ تورکیا.

ج-پێکهاتە ڕەسەنەکانی ناوچەکە بە تایبەتی ئێزدی و مەسیحی ناچاری کۆچبەری دەکەن.

د-لە ژێر چاودێری میت و پاراستن بازرگانی مادەی هۆشبەر بەرێوەدەچێت ناوچەکەیان پڕکردووە لە مادەی هۆشبەر و بازرگانی بە شوێنە مێژوویەکان دەکرێت و شوێنەوارە مێژوویەکانی کوردستان ڕەوانەی تورکیا دەکرێن.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئەوە ڕووندەکاتەوە کە ئامانجی ماڵی بارزانی لە ئەو کردارانەی سەرەوە کە ئاماژەمان پێکردووە ئەو خاڵانەی خوارەوەیە.

١-دڵنیایی دان بە مانەوەی ماڵی بارزانی لە لوتکەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و بادینان.

٢-دڵنیایی دان لە گۆرینی دیمۆگرافیا لە دەڤەرەکە.

٣-گۆرێنی ناوچەکە بۆ ناوچەیکی قەدەغەکراوی سەربازی و تەسفییە حسابکردنی نەژاد پەرستانە.

٤-بەهێزکردنی بەهای ئابووری ناوخۆی تورکیا.

٥-زیادکردنی بەهای ئابووری کۆمپانیای تورکی بە تایبەتی کۆمپانیاکانی تایبەت بە درۆن و ڕۆکێت و چەندین ئامانجی دیکە.

لە کۆتای قسەکانیدا، داود سلێمان، لەسەر ناوی خەڵکی بادینان  داوا دەکات هەرچی زووە بە هانای گەلی بادینانەوە بچن و کار بۆ ئەوە بکرێت ئەو قڕکردنە لەسەر گەلی بادینان کۆتای پێ بهێنرێت و ڕزگاریان بێت لە ژیر دەستەی بنەماڵەی بارزانی و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر.