گەلی مەخمور یادی بەرخۆدێرانی خۆبەڕێوەبەری جزیریان لە پێنجەمین ساڵیادی بەرخۆداندا کردەوە
گەلی مەخمور لە ٥مین ساڵیادی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری جزیردا، یادی بەرخۆدێرانی خۆبەڕێوەبەریەکەی کردەوە.
گەلی مەخمور لە ٥مین ساڵیادی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری جزیردا، یادی بەرخۆدێرانی خۆبەڕێوەبەریەکەی کردەوە.
چالاکوانانی مانگرتووی مەخمور، لە کەسایەتی هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی گەل، محەمەد تونج و ئاسیە یوکسەل-دا، هەموو شەهیدانی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتییان بەبیرهێنایەوە.
چالاکیی مانگرتن بۆ ئازادیی ڕێبەر ئۆجالان و پشتیوانیی مانگرتن لەخواردنی زیندانیان لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، بە پێشەنگایەتی ژنان، لەڕۆژی ١٨ی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٠ـەوە، دەستیپێکردووە و لە ٥٢ـەمین ڕۆژیدا بەردەوامە.
چالاکوانانی مانگرتوو، دوای دەقەیەک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، بەبۆنەی پێنجەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی ژێرزەمینەکەی جزیرەی باکوری کوردستان، ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە کە لەلایەن کاژین ئۆزەک خوێندرایەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەسەر ناوی چالاکوانانی گروپی ٢٦ـەمدا، بە بۆنەی پێنجەمین ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی گەلی جزیرە، محەمەد تونج و ئاسیە یوکسەل، هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی و بە گشتی شەهیدانی شۆرشی کوردستان بەبیردێنینەوە و بەژنی خۆمان لە بەرامبەریان نەوی دەکەین.
هەروەها هاتووە: بەرخۆدانی ٢١ ساڵەی بێوێنەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی، ئەو داستانانەی کە گەریلاکانی ئازادی کوردستان لە جەنگی هەفتانیان و چیاکانی کوردستان خولقاندوویانە، چالاکیی مانگرتنی گیراوانی دۆزی پەکەکە و پاژک، هەروەها بەرخۆدانی گەلی کورد لە چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، چۆکی فاشیستەکانی خستووەتە لەرزە و مۆراڵ و هیوایەکی گەورەی بۆ گەلانی ئازادیخواز دروستکردووە.
لە بەشیکی دیکە ئاماژە بە ناڕەزایی خوێندکارانی زانکۆی بۆغازچی تورکیا کراوە و پشتیوانیی خۆیان لەو ناڕەزایەتییە دەربڕیوە و لە بەردەوامی هاتووە: زوڵم و گۆشەگیریی لە کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لەسەر گەلی کورد، گەلانی تورکیا و هەموو گەلانی بندەست دەکرێت، ئێمە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەڵمەتی “کاتی ئازادییە” بۆ شکاندنی گۆشەگیریی و بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە چالاکی داین، بەم بونەیەوە سڵاو لە مانگرتنی زیندانەکان و یۆنان دەکەین، بە بەرزکردنەوەی بەرخۆدان، لەگەڵ ڕێبەرمان بە ئازادی دەژین.
ف.ق