گەلی شەنگال: دەوڵەتی عێراق ڕێگەدەدات بە هێرشەکان بۆ سەر شەنگال

ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ نەعیم بەدەل ڕایگەیاند دەوڵەتی عێراق ڕێگە دەدات بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال، گوتی: "دەوڵەتی عێراق بەم بێدەنگییەی بەرەو لەناوچوون دەچێت بەبێ ئەوەی بزانێت".

گەلی شەنگال پاش هێرشەکە، لەو شوێنەی ئۆتۆمبیلە مەدەنییەکە کرایە ئامانج کۆبوونەوە و ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. ئەندامی کۆردیناسیۆنی تاژێ نەعیم بەدەل ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، گوتی: "بە دەوڵەتی عێراق دەڵێین دەست لەم خیانەتە هەڵبگرە، ئەو هێرشەی ئەمڕۆ بۆ سەر ڕۆڵەکانمان ڕوویدا بەبێ ئاگاداری دەوڵەتی عێراق نەبووە. چونکە شوێنی ڕووداوەکە لە هەردوو لاوە نزیک بوو لە سوپای عێراق. هێرشەکە لە نزیک خاڵەکانی سوپای عێراق بووە".

نەعیم بەدەل ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک دوژمنایەتی هەبوونی ئێزدیان دەکات، گوتی: " گلەیی ئێمە لە دەوڵەتی عێراق ئەوەیە کە ڕێگە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال دەدات. دەوڵەتی عێراق بەم بێدەنگییە بەرەو لەناوچوون دەڕوات، بەبێ ئەوەی بزانێت. زەوی و ئاسمانەکەی ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە داگیردەکرێت و هیچ هەڵوێستێکی نییە بەرامبەر بەو کردەوانە".

"با دەوڵەتی عێراق هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە"

نەعیم بەدەل ڕایگەیاند عێراق لەسایەی بەرخۆدانی گەلی ئێزدیمان و ڕۆڵەکانمان مایەوە، کەچی ئێستە هاوکاری دەوڵەتی تورک دەکات، دەوڵەتی تورکیش ئەو ڕۆڵە ئێزدییانە شەهید دەکات کە خاک و شکۆی عێراقیان پاراست، گوتی: "با عێراق هەڵوێستی خۆی بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدی ڕوون بکاتەوە. گەر ئێمە هاوڵاتی عێراقین با بڵێت، ئەگەر ئێمەش بە هاوڵاتی نابینێت، تا ئێمەش لەمەودوا بزانین چۆن مامەڵە لەگەڵ سوپای عێراق بکەین".

نەعیم بەدەل ڕایگەیاند هەرگیز بەرامبەر ئەم هێرشانە پاشەکشە ناکەن، بەڵکو بەهێزتر دەبن، گوتی: "هەڵوێستمان ڕوونە، هەموو هەنگاوێکمان بەرەو ئازادی و خۆبەڕێوەبەری دەبێت، ئەمەش دەبێت وەڵام بۆ دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی شەنگال" و "بژی ئاسایشی ئێزیدخان" کۆتایی هات.