گەنجان دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشور بڕیاری سەفەربەریان ڕاگەیاند

گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر بە دروشمی "بە هەڵۆبوونی گەنجان بەرەو سەرکەوتنی زاگرۆس بۆ ئەو بەرخۆدانەی دەکرێت سەفەر بەر دەبین" ڕوویان لە بناری قەندیل کرد و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا بانگەوازییەکان بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.

دوای راگەیاندنی بانگەوازکەی کۆمەڵەی گەنجان لە ژێر دروشمی ( وەرنە جەنگی ئازادی) هەر یەک لە گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشە لە وڵامێکدا بە ڕاگەیاندنی هەڵمەتێکی سەفەر بەری بۆ بەرخودانی لە دژی سوپای تورکیا داگیرکەر پشتیوانی بانگەوازیەکەی کۆمەڵەی جەوانیان کرد.

ڕاگەیاندی بانگەوازەکەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی شەهیدبوونی قاسم ئەنگین ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری پەکەکە، گەنجان لەسەر مەزاری شەهید قاسم و تەواوی شەهیدانی تر هەڵمەتەکەیان ڕاگەیاند دواتر ئاگر ڕاپەڕین بەیاننامەی خوێندەوە کە ئەمە دەقی بەیاننامەکەیە.

 دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی پەیمانی میساقی میللی واتا داگیرکردنی موسڵ و کەرکوک هەر وەها خەونی بەدیهێنانی خەونەکانی کە ئەویش زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانیە، لەم ساڵانەی دوایدا هێرشێکی داگیرکارانەی بەرفراوانی کردۆتە سەر کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئەم مەبەستەش بە هەزاران چەتەی بەکرێگیراوی سوری لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا و لیبا و ئەرمنیا بۆ داگیرکردنیان بەکاری هێنا، دوای داگیرکردنی هەندێک لەو ناوچانە دەزانین کە گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەمیدا بۆ بەدیهێنانی پرۆژەکەی بریتیە لە پەکەکە و گەریلاکانی ئازادی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی مانگێکە هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر هەرێمەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا دەستپێکردووە، بەڵام هەر زوو وەک چۆن لە هەفتانین و گارە ڕووبەڕووی گورزی کوشندە بوویەوە و لە سەر دەستی گەریلاکانی هەپەگە کە زیاتر لە ۲٥۰ سەربازی تورکیا سزادران.

لەبەردەوامی راگەیاندنەکەدا هاتووە: شایەنی باسە ئەو هێرشە بە ڕەزامەندی هێزە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکانە وەک چۆن لە هەڵەبجەی شەهید و سەردەشت و بالیسان بە چەکی کیمیایی هێرش کرایە سەر کوردستان بە هەمان شێوە لە چیای مام ڕەشۆ لە ئاڤاشین لە دژی گەریلاکانی کوردستان چەکی کیمیایی بەکار هێنراوە و چەندین گەریلاش بە هۆی ئەو چەکەوە شەهید بوونە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: ئەوەی جێگای داخە لەباشوری کوردستان هێندێک لە حزبەکانی باشوری کوردستان لەبەر بەرژەوەندیە ماددیەکانی خۆیان هەتا ئێستا بێدەنگن و لە کەناڵە ڕاگەیاندنەکانیان وای پێشان دەدەن کە هیچ هێرش و شەڕێک لەئارادا نییە و ئەم شەڕە شەڕی پەکەکە و تورکیایە، دەبێت خەڵکی ئێمە باش بزانن دوای داگیرکردنی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر قەندیل قەلای کوردان و دواتر موسڵ و کەرکوک و هەولێر و سلێمانی داگیر دەکات.

لە کۆتایی لێدوانەکەدا هاتووە: لەم چواچێوەیەدا ئێمە وەک کۆمەڵێک لە گەنجانی باشوری کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم سوپا داگیرکەرە فاشیستە بڕیارمان دا هەڵوێستی وڵاتپارێزی خۆمان نیشان بدەین، ڕێکخستنی گەنجانی ئاپۆیی لەهەر چوار پارچەی کوردستان کە ناوی کۆمەڵەی گەنجە بۆ ئەم شەڕە بانگەوازی لە گەنجانی باشوری کوردستان کردبوو بۆ بە شداری بوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم شەڕە، ئێمەش بانگەوازی کۆمەڵەی جەوان سڵاو دەکەین و بڕیار دەدەین شان بە شانی گەریلاکانی کوردستان بەرامبەر بەم دوژمنە بەنەفرەتە شەڕ بکەین نەهێڵین خەونە پیس و گڵاوەکەی بەدیبهێنیت بەڵێن دەدەین کە هەر پۆستاڵێکی گەنیوی عەسکەری تورک بکەوێتە سەر چیاکانی کوردستان بە قاچیەوە دەیشکێنین.

چالاکیەکەی گەنجان لە ژێر دروشمی ئەی گەنجانی باشوری کوردستان وەرنە جەنگی ئازادی، بژی بەرخۆدانی گەریلا کۆتاییان بە چالاکیەکە هات.

ک-ش