گەنجانی کەرکوک: پەدەکە مانەوەی خۆی لەمانەوەی داگیرکەراندا دەبینێت
گەنجانی شاری کەرکوک دەڵێن: "پەدەکە و حکومەتی عێراق بەشدارن لە پلانگێرییەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژ بە گەلی کورد".
گەنجانی شاری کەرکوک دەڵێن: "پەدەکە و حکومەتی عێراق بەشدارن لە پلانگێرییەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دژ بە گەلی کورد".
کەجەکە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو هۆشداریدا، کە تورکیا بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەچوارچێوەی پیلانگێریەک دا لە رۆژی ١٥ی مانگی نیسان هەوڵدەدەن شەڕێکی بەرفراوان دژی گەریلا ئەنجام بدەن. دوای ئەوە لە رۆژی ١٤ی نیسان بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەستیپێکرد و لە رۆژی ١٧ی نیسان هێرش و لەشکرکێشی بەهاوکاری پەدەکە دەستی پێکرد.
هاوسەرۆکایەتیی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان لە روی هەواڵگری و لۆجستییەوە پشتیوانی سوپای توركیا دەكات لە هێرشەكانی دژ بە پەكەكە لە باشوری كوردستان و دەشڵێت: ئەوەی پارتی كە دەڵێت ‘پشتگیری لە هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک ناکات’ بۆ هەڵخەڵەتاندن و بۆ ئەوەیە کە گەلی کورد ناڕەزایی دەرنەبڕێت، بەڵام هاوکاریکردنی ئەو هێرشانە، خیانەتە لە گەل و دۆزی کورد.
هەروەها سەبارەت بەناڕەزایەتیەکانی گەلی باشوری کوردستان دژ بەداگیرکاری و هاوکاری داگیرکەران گەنجانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ەوە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر لەشکرکێشیی تورکیا و هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ داگیرکەران دەربڕی، گەنجانی کەرکوک ڕایانگەیاند، هاوکاریکردن و چاوساغیکردنی پەدەکە بۆ دەوڵەتی فاشستی تورک ئیدانە و شەرمەزار دەکەن، هەروەها گەنجانی کەرکوک داوا لە پەدەکە دەکەن بەخۆیدا بچێتەوە و چیتر بەهاوکاریکردنی دوژمن و داگیرکەر نەکات و زیان لە بەرژەوەندیی باڵای گەلی کورد نەدات.
پەدەکە بەڕوونی لەڕێگەی هێزەکانیەوە هاوکاری داگیرکەر دەکات
ئەفسانە عوسمان گەنجێکی شاری کەرکوکە، بەم شێوەیە باسی لە ئامانج لە لەشکرکێشی و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆسەر خاکی باشوری کوردستان کرد: "لەشکرکێشی و هێرشەکانی تورکیا ڕوون و ئاشکرایە کە بۆ داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوری کوردستانە، چاوپۆشی کردنی حکومەتی عێراق لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی تورکیا هاوبەشییەکە لەو پیلانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەروەها لەو هێرشەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هاوکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) بەڕوونی دیارە کە لەڕێگەی هێزەکانی وەکو(زێرەڤانی، پێشمەرگەی رۆژ و هێزی بارازن) هاوکاری تورکیا دەکات بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان و هیرش کردنە سەر ناوچەکانی گەریلا، فەرمەندەکانی زێرەفانی ئاشکرایان کردووە کە پێش دەستپێکردنی هێرشەکان ئامادەکراون بۆ هێرش کردنە سەر هێزەکانی گەریلا".
پەدەکە و حکومەتی عێراق بەشدارن لە پیلانگێرییەکەی تورکیا
هەروەها سەبارەت بەدۆخی شەنگال و هێرشی سوپای عێراق بۆسەر ئەو هێزانەی کە ئێزدییەکان دەپارێزن، ئەو گەنجەی شاری کەرکوک وتی: "ئاگادارین کە لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان، هیزەکانی حکومەتی عێراق هێرشیان کردە سەر شەنگال و بەهاوکاری پەدەکە هیزە عێراقییەکان دیوارێکیان دروستکرد بۆ دابڕانی کوردانی ئێزدیی و لەگەڵ کوردانی رۆژئاوای کوردستان کە تەواوی ئەم کردەوە دوژمنکارانە دژ بە گەلی کورد سەلمینەری ئەوەیە کە پەدەکە و حکومەتی عێراق بەشدارن لە پلانگێرییەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک".
دەستپێکردنی ئۆپڕاسێۆن لە ساڵرۆژی ئەنفال، پەیامی کۆمەڵکوژکردنی کوردە
سەبارەت بە پەیامی نهێنی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەپشت دەستپێکردنی ئۆپڕاسێۆن لەساڵرۆژی یادی پرۆسەی ئەنفال، ئەفسانە عوسمان وتی: " ساڵی پێشوو دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەهەمان مانگدا بۆ ماوەی شەش مانگ ئۆپراسێۆنێکی دەستپێکرد بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان، بەڵام بەهۆی بەرخۆدانی قارەمانانەی هێزەکانی گەریلا پلانەکەی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان شکستیهێنا، ئەمساڵ لە رۆژی ١٤ی نیسان کە دەکاتە ساڵرۆژی یادی پرۆسەی ئەنفال کە تیدا گەلی کورد لە باشوری کوردستان جینۆساید و زیندە بەچاڵکرا لەلایەن رژێمی بەعسی پێشووەوە، دەستپێکردنی لەشکرکێشی و هیرشەکانی تورکیا لەو بەروارەدە پەیامی ئەوەیە کە جارێکی دیکە گەلی باشوری کوردستان جینۆساید و کۆمەڵکوژ دەکەین".
پەدەکە مانەوەی خۆی لەمانەوەی داگیرکەر دەبینێت
هەروەها سەبارەت بە بەردەوامی هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ داگیرکەرانی باشوری کوردستان، ئەو گەنجە وتیشی: " پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) هەمیشە هاوکاری داگیرکەرانی کردووە چونکە مانەوەی پارتەکەی خۆی لەمانەوەی داگیرکەر دەبینێتەوە کە ڕێکەوتننامەی ٥٠ ساڵەی نەوتی هەرێمیش لەچوارچیوەی مانەوەی خۆی و داگیرکەرە، بەڵام پەدەکە بێ ئاگایە لەوەی کە بەهۆکاری بوونی پەکەکە دوژمنان نرخ دەدەن بە پارتی بەبێ بوونی پەکەکە پارتیش هیچ نرخ و بوونێکی نامینێت لەلایەن دوژمنانەوە چونکە داگیرکەران بۆ جێبەجێ کردنی ئەجینداکانیان پارتی دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بەکاردەهێنن".
پێویستە چالاکی دژی داگیرکاری فراوان بکرێت
هەروەها ناوبراو دەربارەی گرنگی فراوان کردنی چالاکییەکان دژ بە داگیرکاری دەوڵەتی تورک ووتی: "چالاکییەکانی وەکو خۆپیشاندان، گردبوونەوە، ناڕەزایەتی دەربڕین و هەلوێست وەرگرتن زۆر گرنگە، بەهۆی هەڵوێست و ناڕەزایەتی گەلەوە داگیرکەران و هاوکارەکانیان لەباشوری کوردستان ناتوانن بەئاشکرا پلانگێرییەکانیان ئەنجام بدەن".
فاشستی تورک بوونی هیچ نەتەوەیەکی دیکە قەبوول ناکات
سەبارەت بە مەترسییەکانی پلانی داگیرکەر و نۆکەرەکانی لەباشوری کوردستان، ئەفسانە عوسمان وتی: " لەئەگەری سەرکەوتن و جێبەجێ کردنی پیلان و ئەجیندای تورکیا، نەک قەوارەی هەرێمی کوردستان نامینێت بەڵکو گەلی کورد بوونی نامینێت لەباشوری کوردستان، چونکە تورک هیچ نەتەوەیەکی پێ قەبووڵ نیە کە دەزانین لە تورکیا ٣٩ زمانی جیاواز هەیە بەڵام دەوڵەتی تورکی فاشیست تەنها زمانی تورکی بەزمانی فەرمی دەزانێت".
بەفیتی تورکیا، پەدەکە ئێران و روسیای کردە دوژمنی هەرێمی کوردستان
لەکۆتایدا ئەفسانە عوسمان گەنجی شاری کەرکوک هۆشداریدا و ووتی: "پەیامی منیش بۆ پارت و کەسایەتی و تەواوی هاووڵاتیان ئەوەیە کە بێ دەنگ نەبن چونکە پلانی داگیرکەران مەترسی لەسەر بوونی گەلی کورد بەگشتی هەیە، لەئیستادا لایەنە کوردییەکانی باشوری کوردستان پەرتەوازەن وە بەفیت و پیلانگێری تورکیا لەڕێگەی ڕێکەوتنی غازی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدرێت ووڵاتانی ئێران و روسیا دژی هەرێمی کوردستان بجولێندرێت".
ئامانجی ڕاستەقینەی تورکیا داگیرکردن و تاڵانی سامانی باشورە
کوردۆ محەمەد گەنجێکی دیکەی شاری کەرکوکە، سەبارەت بەهەڵوێستی گەنجانی شارەکە وتی: "ئێمە وەکو گەنجانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ئەم لەشکرکێشی و هەوڵانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، ئێمەی کەرکوکی دەزانین کە ئامانجی ڕاستەقینەی تورکیا داگیرکردنی تەواوی خاکی باشوری کوردستان و تاڵانکردنی سەرەوەت سامانی ئەم هەرێمەیە، تەنها ڕێگر لەبەردەم ئەم داگیرکارییە پەکەکەیە بۆیە تورکیا بەهاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) هەوڵدەدات پەکەکە و بوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان لەناوبەرێت".
بەرپرسانی تورکیا بەئاشکرا باس لەداگیرکرنی باشوری کوردستان دەکەن
هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا دەربارەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان و لەناوبردنی گەلی کورد، کوردۆ محەمەد ئاشکرای کرد کە : " تورکیا پشێتر لە هێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بەپێش چاوی هەموو جیهان بینیمان کە خاکی رۆژئاوای داگیرکرد و گەلی کوردی کۆمەلکوژ کرد و پرۆسەیەکی ڕاگواستنی دژ بەکوردانی ناوچە داگیرکراوەکان بەڕێوەبرد، هەروەها لەبۆنە و ئاهەنگە فەرمییەکانی تورکیادا بەرپرسانی ئەو ووڵاتە نەیانشاردۆتەوە کە هەوڵدەدەن بۆ داگیرکردنی هەرێمی کوردستان و موسڵ و کەرکوک".
چاوساغی بۆ داگیرکەر مەکەن
ئەو گەنجەی شاری کەرکوک پەیامێکی ئاڕاستە پارت و لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان کرد و وتی: "ئێمە وەکو گەنجانی شاری کەرکوک داواکارین لە تەواوی پارت و لایەنەکان کە چاوساغی بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک نەکەن بۆ داگیرکردن و بەتاڵان بردنی سەروەت و سامان و کۆمەڵکوژی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان".
پەدەکە هاوکارە لە کۆمەڵکوژی کورد
هەروەها ناوبراو ئیدانەی نۆکەری و هاوکاریکردنی داگیرکەری تورکی کرد لەلایەن پەدەکەوە، و وتی: "هاوکارییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، پێویستە (پەدەکە) هاوکاری داگیرکەران نەکات لەکۆمەڵکوژکردنی گەلەکەمان و تاڵانکردنی سەرەوت و سامانی نشتیمان، دەست خستنە ناودەستی دەوڵەتانی داگیرکەر لێدانە لە بەرژەوندی باڵای نەتەوەیی کورد و هاوکاری دوژمن و داگیرکەر دۆزی کورد دەیان ساڵ دەگەڕێنێتە دواوە".
بێ دەنگ نەبن لەبەرامبەر داگیرکاری
لەکۆتایدا کوردۆ محەمەد گەنجی شاری کەرکوک وتی: "داواکارم لە مامۆستایانی ئاینی، کەسایەتی، چالاکوان، ماف پارێزاو و تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەلگا کە بێ دەنگ نەبن لەبەرامبەر داگیرکاری دەوڵەتی فاشستی تورک بۆسەر خاکی باشوری کورستان وە هەڵوێست بنوێنن و ئەم داگیرکارییە ئیدانە و شەرمەزار بکەن".
بەهاوکاری هێزە سەربازییەکانی پەدەکە تورکیا هێرشەکانی فراوان کردووە
گەنجیکی دیکەی شاری کەرکوک بەناوی ئەدهەم ئەحمەد، سەبارەت بە هێرش و لەشکرکێشییەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆناو خاکی باشوری کورستان وتی: "دەبینین کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەناوەڕاستی ئەم مانگە جارێکی دیکە هێرش و لەشکرکێشی بۆسەر خاکی باشوری کوردستان دەستپێکرد، دەستپێکردنی لەشکرکێشی و هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەهاوکاری پارت و لایەنی دەسەڵاتی باشوری کورستان ئەنجام دەدرێت، بەهاوکاری هیزە سەربازییەکانی سەر بە پەدەکە تورکیا هێرشی سەربازی فراوان دەستپێکردووە بۆسەر ناوچە ستراتیژییەکانی باشوری کوردستان".
ئامانجی تورکیا تەنها لەناوبردنی هێزێک نیە
هەروەها سەبارەت بەهێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی فاشستی تورک، ئەو گەنجەی شاری کەرکوک وتی: " تورکیا بەبیانوی لەناوبردنی هێزێکی کوردی لەشکرکێشی کردووە بۆناو خاکی باشوری کوردستان، بەڵام ئامانجی ڕاستەقینەی تورکیا لەو لەشکرکێشییە داگیرکردنی خاک و سەرچاوەی سەروەت و سامانە سروشتیەکانی باشوری کوردستانە".
پشتیوانی بەرخۆدانی گەریلا بکەن
لە کۆتایدا ئەدهەم ئەحمەد وتی: "پێویستە گەنجانی هەرچوار پارچەی کوردستان، بەیەک هەڵوێست دژی داگیرکاری بوەستنەوە و بەرپەرچی تەواوی هەوڵەکانی داگیرکەر ببینەوە، وە پێویستە پشتیوانی هێزەکانی گەریلا بین، وە هەرورها ئەو هیز و لایەنانەی کە هاوکاری داگیرکەر دەکەن پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە و دەستبەرداری هاوکاریکردنی دوژمن بن و پشتیوانی بەرخۆدانی هێزەکانی گەریلا بکەن بۆ بەرگری کردن لە کوردستان دژ بەداگیرکاری لەپێناو پاراستنی گەلەکەمان".
ژ.ت