گەنجانی شەنگال بە ڕێپێوانێکی بە مەشخەڵ نەورۆزیان پیرۆزکرد

گەنجانی شەنگال بە ڕێپێوانێکی بە مەشخەڵ نەورۆزیان پیرۆزکرد و ڕایانگەیاند، هیچ کەسێک ناتوانێت ڕێگری لە تێکۆشان و بەرخۆدانیان بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بکات.

شەوی ڕابردوو گەنجانی ئێزدی بە پێشەنگایەتیی یەکێتیی ژنانی گەنجی ئێزدی و یەکێتی گەنجانی ئێزدی بۆ پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە گوندی کۆلکا لە چیای شەنگال کۆبوونەوە و ڕێپێوانێکی بى مەشخەڵیان ڕێکخست.

هاوکات لەگەڵ مەشخەڵەکان، گەنجان ئاڵاکانی پەکەکە، یەبەشە، یەژەشە و وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردبووە. گەنجان بە دروشمی "نەورۆز پیرۆز" و "بێ سەرۆک ژیان نابێت" بەرەو گۆڕستانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخودان بەڕێکەوتن.

دواتر گەنجان ئاگری نەورۆزیان کردەوە و سارا بۆتان بەناوی گەنجانەوە وتی: "بە ڕۆحی کاوەی هاوچەرخ لە تێکۆشان و بەرخۆدانمان بۆ ئازادی و ئازادی رێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبین.

ئێمە گەنجانی ئێزدی بە دوژمنی داگیرکەر دەڵێین، هەرچییەک بکەن ناتوانن ئیرادەی کۆمەڵگەی ئێزدی بشکێنن و ڕێگە لە پێشکەوتنی ئێمە بگرن".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتبوو، بەم دواییانە قوربانیی زۆر گەورە و قورسمان بۆ پاراستنی ئەم دۆزە داوە و لە سایەی ئەواندا ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین.

دوای راگەیەندراوەکە، گەنجان لە دەوری ئاگر گۆڤەند و هەڵپەڕکێیان کرد و کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.

ژ.ت