بە گوێرەی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دوو چالاکوان بە ناوەکانی نەرگس سولەیمانی و فریشتە فەدایی فەر، خەڵکی شاری قوروە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتی ئیران، دەستبەسەرو راگوێزی شوێنێکی نادیار کران. بە پێی زانییارییەکان، دەستبەسەرکردنی ئەم دوو کەسە بە بێ خستنەڕووی فەرمانی دادوەر بووە.
جێگای ئاماژەیە، نەرگس سولەیمانی پێشتریش لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.
هاوکات لە شاری دێوڵانیش گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوی محەمەد زەند کەریمی خەڵکی گوندی بلبلان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، دوای لێدان و ئەشکەنجەی زۆر دەستبەسەر و گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە.
لە شاری سنەش دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی کەیوان کەمانگەرنەسەب و موختارر زارعی، لە چالاکوانانی مەدەنی ئەو شارە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە دەستبەسەرکران و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
بەهەمان شێوەش لە شاری خۆڕەمئاوای لوڕستان چالاکوانێکی بواری ژینگە بەناوی ئەحمەد عەلیخانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و هۆکاری دەستبەسەرکردنیشی دەگەڕێنرێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.
جیا لە دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژ چارەنوسی بەشێک لە دەستگیرکراوانی رۆژانی رابردووش نادیارە.
وەک کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە شاری دەڕەشاری ئیلام هاووڵاتیەکی تەمەن ٣٢ ساڵ بەناوی ئەدیب هیمەتی ماوەی نزیکەی هەفتەیەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە.
هاوکات بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە شاری ئیلام بە تۆمەتی بەشداری لە رێورەسمی یەکەم ساڵیادی گیانبەختکردنی موحسین قەیسەری، لە گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی چوار کەس بە ناوەکانی محەمەد حسێن قەیسەری (برای موحسین)، عەلی شێرخانی، مەحمود سادقی و کچەکەی بە ناوی هودا سادقی دەستبەرسەرکرابوون. پاش چەند کاتژمێرێک محەمەد حسێن قەیسەری و مەحمود سادقی ئازاد کرابوون، بەڵام تائێستا چارەنوسی هودا سادقی وعەلی شێرخانی نادیارە و نازانرێت لە کوێ راگیراون.
بەپێی راپۆرتێکی پێشووتری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ (٢١ی ئاب تا ٢٢ی ئەیلول) زیاتر لە ٥٠٠ چالاکوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون و هەڕەشەیان لێکراوە کە بەهیچ جۆرێک نابێت بەشداری لە مەراسیمەکانی ساڵیادی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا بکەن و هەر لەو مانگەشدا ١٦٢ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی و ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانەکە دەستبەسەرکراون، کە تائێستاش زۆرینەیان بە دەستبەسەرکراوی ماونەتەوە.
هـ .ب