گەریلا رۆزا نوژین سەردەشتی: هەموو ساتێکی ژیان دەبێتە ئەزموونێکی گەورە

گەریلا رۆزا نوژین خەڵکی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی ژیانی گەریلاییەوە وتی، "گەریلاکانی ئازادی هەموو ساتێک بە هەستەکانی هەستپێکردن و پاراستنی جوگرافیا دەژین.

گەریلا رۆزا نوژین خەڵکی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی ژیانی گەریلاییەوە وتی، "گەریلاکانی ئازادی هەموو ساتێک بە هەستەکانی هەستپێکردن و پاراستنی جوگرافیا دەژین. ئەگەر ئەوە نەبێت چۆن ئەو هەموو کچە و کوڕانە، کە دەیانەوێت ژیانێکی ماناداریان هەبێت لەو چیایانەدا بەرەنگاری و خۆڕاگری دەکەن".

رۆژا نوژین گەریلای یەژاستار لە ناوچەى سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵی ٢٠١٧ لە قەندیل بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو و باس لە ژیان لە ناو ریزەکانی گەریلا و چیاکانی کوردستان دەکات.

گەریلا نوژین بە کولتور و نەریتی وڵاتپارێزی بنەماڵەکەى گەورە بووە، بۆیە بە حەماسەت و جۆش و خرۆشێکی زۆر گەورەوە دەژی. سات بە سات لەگەڵ گەورەبوونیدا و گەیشتنی بە هۆشیاری ئیدی پرسیار و ناکۆکی لەبارەی ژیان و کۆمەڵگە بۆ دروست دەبێت. لە هەندێک لە بابەتەکاندا وەڵامەکانی دەست ناکەوێت، بۆ ئەوەش لە ئەنجامی گەڕان و هەوڵەکانیدا و بۆ بەردەوامیدان بە دەستکەوتنی وەڵامی پرسیارەکانی رووی لە ریزەکانی بزووتنەوەى ئازادیی پەکەکە کرد و خۆی تیادا پێشدەخات.

گەریلا رۆزا نوژین باس لە کاریگەریی پەکەکە و چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی دەکات و دەڵێت، "یەکەم کاریگەریی من لە بنەماڵەکەمەوە لە مندا دروست بوو. من ناوی سەرۆکایەتی و گەریلام لە دوورەوە بیستبوو، بەڵام نەمدەناسین. ئەوەى مرۆڤ تیایدا بژی و هەستی پێ بکات لە بیستن جیاوازە، هەر خۆی لە بنەماڵەکەماندا زۆر باس لە پەکەکە بۆ ئێمە دەکرا، بەڵام من خۆم نەمدەناسی. هێدی هێدی تامەزرۆیم بەرامبەر بە بزووتنەوەى ئازادی و سەرۆکایەتی تیادا دروست بوو. براکەم زۆر باسی هەڤاڵانی دەکرد، بەڵام من بە خۆمم وت، پێویستە من خۆم تیایدا بژیم و بیبینم. کاتێکیش هاتم فەلسەفەی رێبەرایەتی بۆ من زۆر جیاواز بوو. سەرەتا و کاتێک من هەڤاڵانم بینی و ئەوەى کاریگەریی لەسەر من دروستکرد، شێوازی ژیانی هەڤاڵان بوو، بە هەڵوێست و بە پێوەر بەرامبەر بە یەکتر دەجوڵانەوە، شێوازی ژیانیان زۆر سەرنجی منی راکێشا.

دووەمین خاڵ، کە زۆر سەرنجی من بۆ لای خۆی راکێشا، پێشەنگایەیی ژنان بوو لە ناو پەکەکەدا و ئەوە زۆر سەرنجی راکێشام و کاریگەریی لە سەرم دروستکردم، چونکە دەیان و سەدان بزووتنەوە و راپەڕین لە کوردستاندا روویانداوە، بەڵام ئەنجامیان نەبووە، بەڵام کاتێک من حیزبم ناسی، ئەوەم بینی، کە ژن لە هەموو گۆڕەپانەکاندا پێشەنگە و هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە و دەنێن، ئەو دەرگا و رێگایە، کە سەرۆکایەتیی بۆی کردوینەتەوە، کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر من دروستکرد.

"هەموو ساتێکی ژیانمان دەبێتە ئەزموونێکی زۆر گەورە"

من لە ماڵەوە بیرم دەکردەوە، کە لە ناو حیزب دا تەنها یەک زمان هەیە، بەڵام کاتێک هاتم و بینیم، کە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و تورکی و کولتور و رۆشنبیرییەکانی تر لە ناو حیزبدا هەیە، ئەوەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر من دروستکرد. یانی وەک ئەوە نەبوو، کە من بیرم لێدەکردەوە. ئەو عەقڵییەتە کە دەڵێت، یەک زمان و یەک نەتەوە نەبوو. بۆ نمونە من لە پەکەکەدا نەمبینی، بۆ ئەوەش بۆ من زۆر جیاواز و نوێ بوو. خاڵێکی تری سەرنجڕاکێش، کە بووە هۆی تێڕامانم، قوڵبوونەوە بوو لەسەر راستیی کۆمەڵگەکەم؛ ئەو هەڵسوکەوت و رەفتارانەى لە ئاستی خۆیدا و لە پەیوەندیی هەڤاڵێتیدا هەیانبوو و بە تایبەت لەوەی کۆمەڵگە زۆر لە پێشتر بوو، بۆیە کاتێک من لەناو پەکەکەدا هەڵسوکەوتی هەڤاڵێتیم بە رێزگرتن و بەو جۆرە بینیم ئیدی هەستکردنم بەو پەیوەندییانە و هەڤاڵێتی زۆر زیاتر بوو.

 بۆ نمونە زۆر مرۆڤ، کە لە کۆمەڵگەدا نەبوون بە خاوەنی هێز و ئیرادە دوای ئەوەى بەشداری ریزەکانی بزووتنەوەى ئازادی دەبن زۆر بەهێز دەردەکەون. دەیان نمونەى لە جۆرە هەیە. لەبەر ئەوەى بە هاتنیان بۆ ناو بزووتنەوەى پەکەکە هێزی خۆیان دۆزیوەتەوە و ناسیوە، لە مێژووی خۆیان تێگەیشتوون و ناسیویانە و بەو شێوەیە بوونەتە گەورەترین فەرماندە و پێشەنگ. کاتێک منیش بۆ خۆم هەستم بەو شتانە کرد و تیایدا ژیام زۆر پێیان کاریگەر بووم. دەبێت کاریگەرییەک، کە لە لایەنی منەوە پێشکەوت بە هەستیارییەوە بوو بێت، بەڵام من چوومە ناوی و هەموو ساتێک لە ژیانمان دەبێتە ئەزموونێکی زۆر گەورە. تەنانەت من بە خۆمم وت، من ٢٢ ساڵ لەو کۆمەڵگەیەدا ژیام و بەو ئەنجام و بڕوایە گەیشتبووم، کە ژیانێکی بێ ئەنجامە، بەڵام ئێستا من لەو بڕوایەدام هەموو ساتێکی ژیانمان و ئەوەى ژیاوین زۆر بە حەماسەت و جۆش و خرۆشی زیاتر و رەنگاورەنگترە، چونکە ئێمە بە بیر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ دەژین".

"چیاکانی کوردستان بە رەنگی ژنان جوانن"

گەریلا نوژین بە شکۆ و هەیبەتی چیاکانی کوردستانیش کاریگەر بووە و ئەویش وەک گەریلایەکی ژن ئەو ئەرکەى رێبەرایەتی خستوویەتی سەرشانی، کە چیاکان بپارێزێت و ئەو ئەرکەش بە جێدەهێنێت و دەڵێت، "کاتێک ئێمە سەیری ئەم چیایانە دەکەین، هەست بەوە دەکەین، کە ئەوان چۆن ئێمە دەپارێزن دەبێت ئێمەش جوانییەکانی ئەوان بپارێزین. وەک سەرۆکایەتی دەڵێت، "دەبێت ژنان ئەم چیایانە بپارێزن" و لە چڵێکی زۆر بچووکەوە تاوەکو چیایەکی زۆر بەرز، پێویستە ئێمە هەستی خۆمانی نیشان بدەین، بەڵام ئەوە بە جەوهەر دەبێت و دەرخستنی ئەوەش ئایدۆلۆژیک دەبێت.

 کاتێک تۆ وەک ژنێک سەیری ئەم چیایانە دەکەیت تۆ دەڵێیت، وەک ئەوە وایە کە قسەت لەگەڵ دەکەن. ئەوەش هەر لە کۆنەوە وابووە، لەو کاتەوە کە دایکانمان لەگەڵ سروشت قسەیان دەکرد هەستیان بەوە دەکرد؛ منیش بۆ خۆم ئەوەم بینی و تیایدا ژیام. زۆرجار هەڤاڵانمان لەو چیایانەدا پارێزەراون و شەڕیان کردووە و بەرخودان و بەرەنگارییان کردووە. وەک سەرۆکایەتی دەڵێت، "ژن لە چیادا راستیی خۆی دەدۆزێتەوە و دەیناسێت و لە چیا دوورکەوتنەوەش دوورکەوتنەوەیە لە راستیی خۆت". لەبەر ئەوانەش ئێمە وەک ژنان کاتێک مێژووی خۆمان دەناسین و لێکۆڵینەوە دەکەین بەیەکگرتووییەک، کە ژنان و سروشت دروستی دەکەن، زیاتر رەنگاورەنگ و رەنگاڵە دەبێت و بە هەستکردنێکی گەورە نزیک دەبنەوە.

 زاگرۆس بۆ من شوێنێکی زۆر گرنگە و تەنانەت کاتێک سەرۆکایەتی بۆ چیا شیکاری دەکات لەگەڵ من هەستی هەستکردن بە چیا زیاتر پێشدەکەوێت. هەر گەریلایەک کاتێک هەیبەت و شکۆی ئەم چیایانە دەبینێت و تیاندا رەنج دەدات، بۆ ئەوە دەبێتە مەئوا و هەوارێک، کە هەموو کات و بە بەردەوامی خەباتی تیادا بکات و واتای ژیان بە جوانیی جوگرافیاکەیەوە مانابەخشتر دەکات. من بڕوام بە خۆم نەدەکرد کە زوو چیای زاگرۆس ببینم، بەڵام هاتنی من بۆ ئەم شوێنە، کە مرۆڤایەتی تیادا دەستپێکردووە، بۆ من شانس و دەرفەتێکی گەورە بوو. بۆ ئەوەش هەموو کات، کە من سەیری ئەو چیایانە دەکەم رەنجی ئەو هەڤاڵانە دێنە بەرچاوم، کە خوێنی خۆیان رژاندووە و بەڵێنی تۆڵەکردنەوەیان دەدەم. هەروەها بەو جۆش و خرۆشەوە دەژیم و هەر واش دەژیم".

"نووسینی هەر چیرۆکێک نووسینی مێژوویەکە"

گەریلا رۆزا نوژین باسی بیرەوەریی ئەو گەریلایەنە کرد، کە لەسەر ئەو چیایانە دەژین و لە یادداشتە رۆژانەکانیاندا دەیانکەن بە بەشێک لە مێژوو و وتی، "بۆ من نووسین زۆر جیاوازە، چونکە وەک مێژوو دەمێنێتەوە. کاتێک من ئەوەش بڵاودەکەمەوە تاوەکو ئەو شوێنەى لە دەستم دێت و تواناییم بەسەریدا دەشکێت، راستیی خۆم دەنووسم، رەنگە هەموو ساتێک کە من تیادا ژیاوم لە کاتی نووسیندا تووشی قورسی و ناڕەحەتی ببم بۆ نووسین و داڕشتنی، بەڵام دەزانم ئەوە بۆ هەڤاڵانی دوای ئێمە دەمێنێتەوە و ئەوانیش بۆ خۆیان ئەزموونێکی گەورەی لێوەردەگرن. من بۆ خۆم بە زمانی فارسی و کوردی و زاراوەکانی سۆرانی و کرمانجی دەنووسم. زۆر جار  من بۆ رۆژە تایبەتەکان بابەتم نووسیوە و لەو رۆژانەشدا باس لە هەستەکانی خۆم دەکەم".

گەریلا نوژین لە کۆتایی وتەکانیدا هێرشی سەر گەریلا و گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردی ئیدانە کرد و بانگەوازی ئەوە بوو، "لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، کە ئێستا لەسەر گەلەکەمان هەیە و ئەو گۆشەگیرییە قورسە، کە لەم چەند ساڵەدا لەسەر رێبەرمان هەیە، ئێمە دەڵێین، با گەنجان و گەل بە گەورە و بچووکەوە هەموویان راپەڕین و گۆشەگیری پووچ  بکەنەوە. بە راپەڕینی خۆیان و ئیدی بە هێزی خۆیان بژین، بەسە، بۆ ئەو داگیرکەرییە، کچان و کوڕانی گەنج لە بەرامبەر ئەو گۆشەگیری و هێرشەدا راپەڕن، ئەو زوڵمە، کە لە کۆمەڵگە دەکرێت بە بەشداربوونی خۆیان بۆ ناو ریزەکانی گەریلا پووچی بکەنەوە".

ژ.ت