گەریلا تی ڤی دیمەنی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێری لە گردی هەکاری بڵاوکردەوە

گەریلا تی ڤی دیمەنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ٢٦ی تشرینی دووەمی بڵاوکردەوە کە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی هەکاری ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا ٤٢ داگیرکەر سزادران.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لەبارەی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێریدا ئەم زانیاریانەی بڵاوکردەوە:

" ٢٦ی تشرین دووەم کاتژمێر ١٣:٣٠ لە بەرامبەر داگیرکەران لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی هەکاری ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێری دەستی پێکرد. لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێریدا لە سێ لاوە بە بۆمبی دەستی و چەکی نیو ئۆتۆماتیک لە گردی شەهید زەمانی لە داگیرکەراندرا.

هێزەکانمان بە رۆحێکی بەرزەوە هەڵیانکوتایە سەر داگیرکەران و ١٧ سەنگەری داگیرکەرانیان یەک بە یەک کۆنتڕۆڵ کرد و داگیرکەرانیان سزادا. هێزەکانمان گردی شەهید زەمانیان بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کرد و لەوێ دەست بەسەر دوو چەکی ئەی٤ی دوژمندا گیرا. چەکەکان لەدژی داگیرکەران بەکارهێنران و دواتر بە تەواوی لەناوبران. هێزەکانمان چەکی سووک و جبەخانەی داگیرکەرانیان کۆنتڕۆڵ کرد و لەدژی دوژمن بەکارهێنا و لەگەڵ سەنگەرەکانی داگیرکەران، کۆگای خواردنی دوژمنیشیان بە تەواوی لەناوبرد.

هەڤاڵ ئامەد فەرماندەی یەکەی هێرشبردن کە بە رۆحی فیدایی ئاپۆیی هەڵیکوتایە سەر دوژمن، لەگەڵ ئەوەی بریندار بوو، داوای لە هاوڕێکانی کرد کە بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنەکە بدەن و بە برینداری هەڵیکوتایە سەر دوژمن. هاوڕێکانمان ئامەد، بنەوش و باران کە پێشەنگایەتیان بۆ ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێری کرد و بە بوێریەکی گەورە شەڕیان کرد، تاوەکو دواهەناسەی خۆیان بە فیداکاری شەڕیان کرد و شەهید بوون.

هێزەکانمان لە هەمانکاتدا لەدژی داگیرکەران لە گردی شەهید ئاکیف و گردی شەید ڤیان لە دوولاوە بە چەکی قورس و سووک لە داگیرکەرانیاندا. لانیکەم ٥ داگیرکەر سزادران.

لەم ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێریەکەدا ٤٢ داگیرکەر کە ژمارەیەکیان فەرماندەی داگیرکەران بوون سزادران. لە هەمانکاتدا ١٧ سەنگەر، دوو چەکی ئەی٤، چەکێکی بۆمبهاوێژ، کۆگاکانی خواردن، دوو سیستمی کامێرای مۆبێس، ژمارەیەکی زۆر چەک و کەلوپەلی سەربازی بە تەمامی لەناوبران. ٤ چەکی ئێم پی تی – ٥٥، ٤ دووربینی چەکی ئێم پی تی – ٥٥، چەکێکی بۆمبهاوێژ، ئامێریكی کەشفکردن، چەکێکی قەناسی تایبەت، دووربینێکی تەرمال، تەلەفۆنێک، خەنجەرێک کە ناوی ئۆغوزخان ئاڵپی لەسەر نووسرابوو و ٣ پاوەر بانک دەستیان بەسەرداگیرا.

داگیرکەران لە کاتی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێریدا و دوای ئۆپەراسیۆنەکە بە ئۆبۆس، هاوەن و فڕۆکەی جەنگی هێرشیان کردە سەر گۆڕەپانەکە و ویستیان رێگری لە پێشڕەوی هێزەکانمان بگرن، بەڵام نەیانتوانی."

ف.ق