گەریلای یەرەکە: پێویستە هەر مرۆڤێک پشتیوانی لە شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل بکات

گەریلایەکی یەرەکە، کە بەشداری بەرخۆدانی کۆبانیش بووە، دەڵێت: پێویستە هەر مرۆڤێک پشتیوانی لە شەڕی شۆڕشگێڕیی گەل بکات و داواش دەکات هەمووان بەشداری بەرخۆدانی گەورە ببن.

دەنیز سەرخوەبوون خەرزان، گەریلای یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، کە خەڵکی باکووری کوردستانە، لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر کۆبانێ بەشداری ئەو بەرخۆدانە بووە و ئێستاش لە ڕیزی گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایە، باسی هێرش و داگیرکارییەکانی دوژمن دەکات و داوا لە گەنجان و ژنان دەکات بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بن.

دەنیز سەرخوەبوون خەرزان کە بۆ ئاژانسی فورات قسەیکردووە، لەسەر چونیەتی بەشداریی خۆی دەڵیت: ساڵی ٢٠١٤ بەشداری ڕێکخستن بووم بەڵام دوای ماوەیەکی کورت شەڕی کۆبانێ دروست بوو، ئێمەش بەشداریمان لەو شەڕەدا کرد، ئەزمونێکمان نەبوو  بەڵام بە پێشەنگایەتی هەڤاڵانی شەهیدمان لە شەڕدا ئەزمونمان بەدەستهێنا، کاتێکیش ڕاستیی دوژمنمان بینی، ڕێگەیەکمان جگە لە ڕزگارکردنی وڵات نەدۆزییەوە.

دەنیز سەرخوەبوون، بە بیرهێنانەوەی هەڤاڵێکی شەهیدی، دەلێت: سوێند دەخۆین کە تۆڵەی هەڤاڵانی شەهیدمان بکەینەوە و بە شەڕی شۆڕشگێڕانەمان سەربکەوین، ئەرکێک کە دەکەوێتە سەر شانمان وەک گەریلای یەرەکە، ئەوەیە کە کۆتایی بەو هیڕشانەی دەکرێتە سەر بزوتنەوە و ڕێبەرمان بێنین و بۆ وڵات، ناسنامە و کلتوری خۆمان تێبکۆشین.

لە بەردەوامی قسەکانیشی، دەنیز سەرخوەبوون، ڕوو لە ژنان و گەنجان دەڵێت: لە هەر دین و باوەڕییەک، ئەوانەی باسی سۆسیالیزم و دیموکراسی دەکەن و خۆیان بە مرۆڤ دەزانن، با بە ویژدانی خۆیان بۆ پاراستنی کوردستان بەشداری ڕێزەکانی گەریلا ببن و بەشداری بەرخۆدانی گەورە ببن، دوژمن شەڕێکی تایبەت دژی گەنجانمان دەکات و دەیەوێت لە ڕاستیی خۆیان دووریان بخاتەوە، هەر چۆنێک بێت ئێمە ڕێبەرمان ئازاد دەکەین بۆ ئازادیی گەلیش چی پێویست بکات دەکەین و تا دووا دڵۆپی خوێنمان شەڕ دەکەین.

لە کۆتایی قسەکانیشی گەریلا دەنیز سەرخوەبوون وتی: هیچ هێزێک ناتوانێت پێش لە ئازادیی وڵاتمان بگرێت، وەک سەید ڕەزا وتی؛ “نەوەکانمان ئازادیی کوردستان دەبینن”، ئێمەش شەڕی بۆ دەکەین.

ف.ق