"گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان شەڕێکی دەرونییە دژی گەلی کورد"

نووسەران و رۆژنامەنووسیانی کەرکوک ڕایدەگەیەنن، گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان شەڕێکی دەرونییە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت و نووسەرێکیش دەڵێت: "بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هێمای نەتەوەیەکە و پێویستە هەموو کورد خاوەنداری لێبکات".

دوای ئەوە لە رۆژی ١٤ی نیسان بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەستیپێکرد و لە رۆژی ١٧ی نیسان هێرش و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی بۆسەر خاکی باشوری کوردستان بەهاوکاری پەدەکە دەستی پێکرد، هەمیشە لەگەڵ چربوونەوە و سەختبوونی هێرشەکەی دەوڵەتی فاشستی تورکیا گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد ڕێبەر ئۆجالان بەردەوام قورستر دەبێت.

رێبەری گەلی كورد عەبدۆڵا ئۆجالان لەساڵی ١٩٩٩ەوە كە بەپیلانگێڕیەكی نێونەتەوەیی دەستگیركرا، لەزیندانی جۆری ئێف لەژێر چاودێریەكی توندوتۆڵ و قورسدا لە دوورگەی ئیمرالی و لەژێر گۆشەگیری هەرە دژوار و قورسدا راگیراوە.

دوایین جار لە رێكه‌وتی ٢٥ی ئاداری ساڵی ٢٠٢١دا لەگەڵ براكەی بەرێگەی تەلەفۆن قسەی كردووە و ئەو دیالۆگەش لەنیوەدا بڕابوو.

پارێزەرانی رێبەری گەلی كورد؛ عەبدۆڵا ئۆجالان دوای هەشت ساڵان لە ٢٢-٢ گوڵان، ١٨-١٢ حۆزەیران و ٧ی ئابی ٢٠١٩ توانیان چاویان پێبكەوێت. لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ەوە بەدواوە وەڵامی هەموو سەرلێدانەكان نەدراوەنەتەوەو، بێ وەڵام ماونەتەوە.

هەروەها سەبارەت بە لەشکرکێشی و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و درێژە پێدانی گۆشەگیری سەخت و دژوار بۆسەر ڕێبەر ئۆجالان لەلایەن دەوڵەتی فاشستی تورکیاوە، چین و توێژەکانی شاری کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان.

داگیرکاری زیاتر بەڕێوەیە، لەداهاتوودا ڕوون دەبنەوە

عیماد محەمەد رۆژنامەنووسێکی شاری کەرکوکە، سەبارەت بە هێرش و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "هێرش و لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان نوێ نییە، وە ئامانجی ڕاستەقینەش لەپشت ئەم لەشکرکێشییەی تورکیا لێدانی پەکەکە نییە، بەڵکو تورکیا دەیەوێت ئەزموونی بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناوببات، ئەگەر پلانەکەی تورکیا سەربگرێت ئەوەی موسڵ و کەرکوکیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان داگیر دەکرێن، دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە ئامانجی داگیرکردنی وولایەتی موسڵە کە هەرێمی کوردستان و شاری کەرکوک و موسڵ دەگرێتەوە، دەبینین لەئێستادا تورکیا چەندین ناوچەی داگیرکردووە کە لەکۆتایشدا هەر بەجێی دەهێڵن و هەوڵە داگیرکارییەکانیان شکستدەهێنێت".

پیلانگێرییەکی هەرێمی دژی تەواوی گەلی کورد بەڕێوەدەچێت

هەروەها عیماد محەمەد ووتیشی: "هەرچەندە تورکیا لەڕێگەی بەیاننامەی فەرمی وەستانی قۆناغی یەکەمی هێرشەکەی ڕاگەیاند بەڵام هێرشەکان هەر بەردەوامن، کە ئەمش ئەوە دەگەینێت کە ڕاوەستانی لەشکرکێشی و هێرشەکان جۆرێکە لە تەڵەکەبازی و تورکیا ئامانجی داگیرکردنی زیاتری هەیە کە لەداهاتوودا زیاتر ڕوون دەبێت، ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لەخاکی باشوری کوردستان ئەنجامی دەدات کاولکاری و داگیرکارییە، ناکرێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەرامبەر ئەم هێرشە داگیرکارییانە بن، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا دەکات دەبین هێز و چەکی قورس ڕەوانەی شەنگال دەکات ئەمانەش هەمووی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە پیلانگێرییەکی هەرێمی هەیە بۆ لاوازکردنی گەلی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان".

هیچ کات تورکیا ئامانجی ئاشتی نەبووە بەڵکو ئامانی خوێن رشتن بووە

سەبارەت بە توندکردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان، ئەو رۆژنامەنووسە ووتی: "لە دوای دەستگیرکردنی بەڕێز ئۆجالان تورکیا بەردەوام بەهەموو شێوەیەک هەوڵی داوە بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ گەلەکەی دابڕێنێت بەجۆرێک کە ڕێگە ناەدەن چاوی بکەوێت بە بنەماڵە و پارێزەر و هیچ کەسێک دیکە، ئەگەر تورکیا ئاشتی بوێت پێویستە سەرەتا گۆشەگیری لەسەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگرێت چونکە لەرێگەی دانوستان لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئاشتی بەدی دێت، بەڵام تورکیا هیچ کات ئامانجی ئاشتی نەبووە بەڵکو ئامانجی تورکیا خوێن رشتن و کاولکاری بووە، دەوڵەتی تورکیا بەردەوام هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردنی کورد نەشاردۆتەوە هەولەکانیشی تائێستا بەو ئاڕاستەیە بەردەوامە".

گۆشەگیری شەڕێکی دەرونییە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت

دەربارەی هۆکاری بەردەوامی گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، ناوبراو ووتی: "گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان شەڕێکی دەرونییە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت، گۆشەگیری شەڕێکە تورکیا بەڕێوەی دەبات بۆ تێکشانی گەلی کورد، کە دەبینین گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ساڵانێکی درێژە بەردەوام".

تورکیا بە(ئاگر و ئاسن) هەوڵی سڕینەوەی گەلی کورد دەدات

هەروەها لەلایەکی دیکەوە ڕەشید ئەحمەد نووسەر و شاعیر و کەسایەتی رۆشنبیری شاری کەرکوک، سەبارەت بە لەشکرکێشی و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەناو خاکی باشوری کوردستان، ڕایگەیاند: "بەپی خوێندەوەمان بۆ لەشکرکێشی و هیرشەکانی تورکیا دەتوانین بلین ئامانج لەم هێرشانە پەکەکە نییە، بەڵکو داگیرکردنی خاکی باشوری کوردستانە کە لەو هەوڵە داگیرکارییەدا تورکیا هەوڵدەدات بەهێز لەڕێگەی (ئاگر و ئاسن) گەلی کورد بسڕێتەوە وە سەروەت و سامانی خاکی کوردستان بەتاڵان بەرێت".

هەوڵدەدرێت بەڕێز ئۆجالان لە گەلەکەی دابڕێنن

سەبارەت بە ئامانجی دەوڵەتی فاشستی تورک لە چرکردنەوەی گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەو نووسەرە ووتی: " یەکێک لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا لاوازکردنی بەڕێز ئۆجالانە لە ڕێگەی چرکردنەوەی گۆشەگیری کە ئەمەش ئامانجەی تورکیاش سەرکەوتوونابێت، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە دەیانەوێت لەڕێگەی گۆشەگیرییەوە بەڕێز ئۆجالان فشار بکەنە سەری تا هەڵوێستەکانی بگۆڕێت کە ئەمەش دورە لە ڕاستیەوە چونکە بەڕێز ئۆجالان سەرکردەیەکی ڕاستەقینەیە، هەروەها هەوڵدەدرێت بەڕێز ئۆجالان لە گەلەکەی دابڕێنن تا پەیامەکانی نەگات گەلی کورد لەکاتی گۆڕانکاری لەناوچەکدا".

بەردەوامی گۆشەگیری تورکەکان ناشرین دەکات

هەروەها ئەو رۆشنبیرەی شاری کەرکوک، ووتیشی: " تورکیا لەڕێگەی گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان پەیامێک دەدات بەکوردان کە دەڵێت 'هەرچەندە کەسێکی بەتوانا بن وەکو بەڕێز ئۆجالان زیندان و گۆشەگیرتان دەکەین'، بەڵام پلانەکەی تورکیا سەرکەوتوو نابێت و گەلی کورد خاوەنداری لەسەرکردەکانی دەکات، گەلی کورد قوتابخانەی کوردایەتی هەیە کە لەڕێگەی ئەم قوتابخانەیەوە درێژەی بەخەباتی گەلەکەمان دەدرێت، گۆشەگیریش هیچ سودێکی نابێت جگە لە ناشیرین کردنی تورکەکان".

ئۆجالان هێمای نەتەوەیەکە و پێویستە هەموو کورد خاوەنداری لێبکات

لەکۆتایدا ڕەشید ئەحمەد کەسایەتی رۆشنبیری شاری کەرکوک، ووتی: ”داواکارین لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوە ڕێکخراوانەی کە داوای مافی مرۆڤ دەکەن کە بێ دەنگ نەبن لەبەرامبەر گۆشەگیری و فشارەکانی سەر بەڕێز ئۆجالان و پێویستە هەوڵبدرێت فشارەکانی سەر بەڕێز ئۆجالان کەمبکرێتەوە چونکە ئەو سەرەتا مرۆڤە و دوای ئەوەش کاریزما و سەرکردەی گەلێکە و هێمای نەتەوەیەکە، پێویستە تەواوی کورد هۆشیاربێت لەوەی کە دوژمنان وەکوک بەڕێز ئۆجالان تەمەشای گەلی کورد دەکەن و ئەگەر پیان بکرێت هەمووان زیندانی دەکەن، پێویستە هەموو تاکێکی کورد خاوەنداری لە ئۆجالان بکەن".

بیرکردنەوەکانی تورکیا ئەوپەڕی دوژمناکارانەیە دژ بەگەلی کورد

حەسەن حوسێن چالاکوانی مەدەنییە سەبارەت بە دۆزی کورد و هێرشەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر ووتی: "خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان مێژوویەکی دوورودریژی هەیە بەتایبەتی خەباتی کورد لەباکوری کوردستان کە لەئێستادا چۆتە قۆناغێکی مەترسیدار، هەڵوێست و کردارەکانی تورکیا بیرکردنەوەیەکی ئەوپەڕی دوژمناکارانەیە دژ بەگەلی کورد وە پێمانوایە، کە کردارەکانی تورکیا خزمەت بە پێشچوونی ئاشتی لە تورکیا ناکات، هێرش و لەشکرکێشییەکانی تورکیا بەهاوکاری حکومەتی عێراق و لایەنی پەیوەندیدار لە باشوری کوردستان جێگەی نیگەرانییە".

پێویستە ئێمەی کورد چەک دژی یەکتر هەڵنەگرین

هەروەها ئەو چالاکوانە مەدەنییە ووتیشی: "چونکە دۆزی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و بەتایبەتی لە باکوری کوردستان بە کوشتن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد چارەسەر ناکڕێت، ئەوەی گرنگە بەلایەن ئازادیخوازان و چالاکوانان چارەسەرکردنی پرسی کوردە لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆدا، پێویستە ئێمە کوردانی باشور دەست هەڵگرین لە بەکارهێنانی چەک دژی  پەکەکە یان هەر هێزیکی دیکەی کوردی بەبیانوی جیاواز".

لە رۆژئاوای کوردستان مەترسی داگیرکارییەکانی تورکیامان بینی

هەروەها حەسەن حوسێن ووتیشی: "تەواوی داگیرکەرانی کوردستان دژایەتی هەر هەوڵێک دەدەکەن بۆ خۆبەرێوەبردن و پەرەسەندنی ئەو حزب ولایەنانەی کە لەپێناو دۆزی گەلی کورد هەوڵ دەدەن، پێویستە گەلی کورد هۆشیار بێت لەوەی، کە تورکیا هەوڵدەدات باشوری کوردستان داگیربکات، بۆ ڕێگریکردن لەداگیرکارییەکانی تورکیا پێویستە تەواوی ئازادیخوازن و چالاکوانن و حزب لایەنەکانی یەکگرتوو و یەک هەڵوێستبن لە بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا، چونکە لە رۆژئاوای کوردستان مەترسی داگیرکارییەکانی تورکیامان بینی".

پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەلە لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان دەکرێت

سەبارەت بە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان، ئەو چالاکوانی مەدەنییە ووتی: "ئەو گۆشەگیرییە دەوڵەتی تورکیا دژ بە بەڕێز ئۆجالان ئەنجامی دەدات پێچەوانەی تەواوی یاسا و رێزەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییە، بۆیە ئێمە وەکو چالاکوانان داواکارین بە مرۆڤانە مامەلە لەگەڵ پرسی گەلی کورد و پرسی بەڕێز ئۆجالان بکرێت، ئەوەی دەرهەق بە بەڕێز ئۆجالان و زیندانیانی سیاسی ئەنجام دەدرێت خزمەت بە پێکەوەژیانی کوردس و گەلانی دیکە لەناوچەکە ناکات".

گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان شەڕێکی دەرونییە

لە کۆتایدا حەسەن حوسێن چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە هۆکاری سەختکردنی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان ووتی: "گۆشەگیری شەڕێکی دەرونییە کە ئامانج لێی فشار خستنەسەر سەرکردەکانی کورد بەتایبەتی بەڕێز ئۆجالان و چالاکوانانی سیاسییە، گۆشەگیری سەر بەڕێز ئۆجالان دەچێتە خانەی دژایەتیکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد، کە ئەمەش دورە لە خزمەتکردن بە برایەتیی نێوان گەلان بەتایبەتی برایەتی نێوان گەلی کورد و تورک، بۆچارەسەرکردنی دۆزی کورد لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا باشترە لەڕیگەی دیالۆگ و گفتوگۆو لێکتێگەیشتن هەنگاو بنین".

ژ.ت