گۆشەگیریی ئیمراڵی و هێرشەکان شەرمەزارکرا

گەلی دێرک و شارۆچکەی عامودا بە دوو خۆپیشاندانی جیا بانگەوازیان کرد بۆ هاوپشتی نێوان پێکهاتەکان دژی پیلانەکانی قڕکردن بەرامبەر هەرێمەکەیان، دووپاتیان کردەوە " پاشەکشە ناکەین لە بەرخۆدان و تێکۆشان تا بەدیهاتنی سەرکەوتن و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان".

دژی هێرشەکانی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەئامانجگرتنی هاوڵاتیان و سەپاندنی سیاسەتی گۆشەگیری و ئەشکەنجە بەرامبەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، سەدان کەس لە گەلی دێرک و دەوروبەری خۆپیشاندانیان کرد.

لە خۆپیشاندانەکەدا ئەندامانی دامەزراوەکان و مەجلیسە مەدەنییەکان و مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و ئەندامانی کۆنگرەی ستار و تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتی ژنانی گەنج بەشداربوون.

خۆپیشاندانەکە لە گۆڕەپانی ئازادی دەستیپێکرد و خۆپیشاندەران لافیتەیان بەرزکردەوە بە دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێ"، "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ"، "ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، ئازادی گەلانە"، بە گوتنەوەی دروشمی ستایشکردنی بەرخۆدانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی بەناو گەڕەکەکانی شارەکەدا سوڕانەوە.

لەکاتی گەیشتنیان بە بازاڕی ناوەندی خولەکێک بە بێدەنگی وەستان بۆ گیانی شەهیدان، پاشان بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار لە دێرک، بەنەفش عەبدۆ، پیلانگێڕییەکانی شەرمەزارکرد کە ئیرادەی گەلان دەکەنە ئامانج و داگیرکەری تورک لەڕێگەی گۆشەگیری ئیمراڵی و هێرشەکانی سەر ناوچەکەوە پیادەی دەکات.

داوا لە هەموو توێژەکان کرا هاوپشتی زیاتر بکەن دژی پیلانگێڕییەکانی قڕکردن کە گەلانی بەرخۆدەر بەئامانج دەگرێت، دووپاتکرایەوە "پاشەکشە ناکەین لە بەرخۆدان و تێکۆشان تا بەدیهاتنی سەرکەوتن و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان".