هاڤین کییە: کاردەکەم بۆ بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی
یەک لە کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز لە وان هاوین کییە داوای کرد کە بۆکۆتاییهێنان بە ستەم لە سەر گەلی کورد، ئازادی زیندانیان و شکاندنی گۆشەگیری هەموو کەس دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن.
یەک لە کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز لە وان هاوین کییە داوای کرد کە بۆکۆتاییهێنان بە ستەم لە سەر گەلی کورد، ئازادی زیندانیان و شکاندنی گۆشەگیری هەموو کەس دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن.
هاڤین کیە کاندیدی ژمارە ٧ی پارتی چەپی سەوز لە وان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)رایگەیاند، تاکە ئامانجی ئەو چارەسەری پرسی کوردە. سەرچاوەی هەموو کێشەکان چارەسەرنەکردنی پرسی کوردە و وتی، "من مامۆستای زمانی کوردیم. پرسی کورد ١٠٠ ساڵە هەیە و کاتی ئەوە هاتووە کە ئیتر چارەسەر بکرێت".
کیە ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و گەنجانیشدا هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ و وتی، " تاکە چارەسەری هەموو کێشەکان پارتی چەپی سەوزە. پارتی ژن و گەنجانە. هەروەها وەک مامۆستایەکی زمانی کوردی لە دژی سیاسەتەکانی تواندنەوەی کولتوری دژی زمانی کوردی لە پەرلەمان تێدەکۆشم. لەپێناو ئەوەدا کاردەکەم کە زمانی کوردی بە فەرمی بناسرێت، ئەوە دەىیتە یەک لە سەرەکیترین کارەکانم. هەروەها بۆ ئەوەی رێگری لە کوشتنی ژنان بکرێت تێدەکۆشم. کاردەکەم بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی ژنان دەکوژن، دەستدرێژیان دەکەنە سەر بە توندترین شێوە سزا بدرێن. ئامانجی ئەو جۆرە مێشکە ئەوەیە کە ژنان لە مالاندا بە دیل بگرن و نەیانخەنە بەرخوێندن. ئێمە لە دژی ئەو مێشک و ئەقڵیەتە تێدەکۆشین".
'دەبنە دەنگی گەنجان'
کیە بە بیریهێنایەوە کە وان لە رووی دانیشتوانەوە زۆرینەی گەنجە، بەڵام کار و دەرفەتی کار بۆ گەنجانی شارەکە نەڕەخساوە و وتی، " بەهۆی بێکارییەوە گەنجان ناچارن بچنە گەورەشارەکانی تورکیا. ئەو گەنجانەش کە کۆچ دەکەن رووبەڕووی توندوتیژی و کوشتن دەبنەوە، سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانەش پرسی کورد کە چارەسەرنەکراوە. هەربۆیە دەبێت بە پێداگرییەوە پرسی کورد چارەسەر بکرێت. بەتایبەتی گەنجانی کورد کە لە زێدی خۆیان کۆچبەر دەبن ناگەڕێنەوە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە. گەنجان لە کولتور، زمان و جەوهەری خۆیان دادەبرن. ئامانجی ئەم سیستمە ئەوەیە کە نەوەیەکی نەزان بخولقێنێت. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەمەوێت ببمە دەنگی گەنجان.
'گوشاری ئاکەپە ناهێڵدرێت'
قەیرانی ئاببووری پشتی دوکاندارەکانی وانی شکاندووە. نە دوکانداران دەتوانن هیچ بفرۆشن نە دانیشتووان دەتوانن هیچ بکڕن. سەرچاوەی ئەو کێشانەش پرسی کوردە. ئاکەپە بە ئابوری، بە گوشار و بە گرتن ئەم مرۆڤانە دەترسێنێت. ئێمەش لە رێگەی لیژنەکانی قایکردنەوە خۆمان دەگەیەنینە ئەو مرۆڤانە و کاتێک قسەیان بۆ دەکەین ئەوان دەڵێن دەنگ دەدەینە پارتی چەپی سەوز. کارەکانمان لەو رووەوە بەردەوامە".
'گەلەکەمان لەگەڵماندایە'
کیە رایگەیاند کە گەلی وان پشتیوانی زۆریان لێدەکات و بە گەرمی پێشوازییان لێدەکات و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "گەلەکەمان لەگەڵماندایە و بەتەنیامان ناهێڵێت. کۆمەڵکوژی، توندوتیژی و قەدەغە بەسەر گەلەکەماندا سەپێنراوە.
'دەنگی خۆیان بەکاربهێنن'
بانگەوازمان بۆ گەلەکەمان ئەوەیە لە هەر شوێنکن با بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان بەکاربهێنن. بۆ ئەوەی کۆتایی بەم ستەمە بێت دەبێت هەموان دەنگ بدەن بە پارتی چەپی سەوز. ئەگەر دەنگتان بەکارنەهێنن، ئەو ستەمە بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بەم ستەمە بێت، بۆ ئەوە بەدیلگیراوەکان ئازاد بن، بۆ شکاندنی گۆشەگیری دەبیت هەموان مافی دەنگدانیان بەکاربهێنن و دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن و خاوەنداریش لە دەنگەکانیان بکەن".
هـ .ب