"هاووڵاتیان بەهۆی بێ هیوابوون لە داهاتوویان ووڵات بەجێدەهێڵن"

چادێرێکی سیاسی دەڵێت: "چۆڵکردنی ووڵات خزمەت بە دەسەڵاتی ئێستای بنەماڵەکان دەکات".

کۆچ دیاردەیەکی نوێ نییە لە کۆمەڵگا جیھانییەکاندا و لە کۆمەڵگای کوردیشدا، لە راستییدا کۆچ لە رابردوودا ھۆکاری دروستبوونی شارستانیەتە جۆراوجۆرەکان بووە، لە سەردەمی ئەمڕۆدا و بە تایبەت لە سەدەی ١٩ بە دواوە کۆچ شێوە و پێناسەی جیاوازی گرتەخۆی، کۆچ لە ئێستادا ھەوڵدانە بۆ گەیشتن بە ژیانی باشتر و ئەزموونکردنی جۆرێکیتر لە ژیان، دۆزینەوەی جوگرافیایەکی نوێ بۆ ژیان و گەیشتن بە ژیانێکیر و ھەڵھاتن لە جەنگ و ماڵوێرانی و برسێتی و نائەمنی لە تایبەتمەندییەکانی ئەمڕۆی کۆچە.

لەئێستادا لە کۆمەڵگای باشوری کوردستان کۆچ بۆ درەوەی ووڵات دەستی پێکردووەتەوە. ئەم کۆچکردنەش بە واتای بەجێھێشتنی نیشتمانە بۆ خاک و ووڵاتێکی دیکە، بەپێی شارەزایانیش ئەم کۆچکردنەی ئەم جارە جیاوازە لە کۆچ کردنەکانی پێشووی گەلی کورد.

"ئاماژەیەکە بۆ خاڵیکردنەوەی هەرێمی کوردستان لەتواناکانی گەنجان"

محەمەد نەسرەدین چاودێری سیاسی سەبارەت بە دەستپێکردنی شاڵاویکی مەزنی کۆچکردنی هاووڵاتیانی باشوری کوردستان بۆ دەرەوەی ووڵات، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ووت: "ئەوەی ئێستا دەیبینین شەپۆلێکی کۆچکردنی گەنجانی هەرێمی کوردستان و گرتنە بەری ئەو ڕێگا پر مەترسییە دەستیپێکردووە، ئەمە ئاماژەیەکە بۆ خاڵیکردنەوە و بەتاڵکردنی هەرێمی کوردستان لە تواناکانی گەنجان، ئەو گەنجانەی کە دەتوانن لە داهاتوودا ئایندەیەکی باشتر بۆ کوردستان دروست بکەن لەئێستادا ووڵات جێدەهێلن، لێشاوی ئەم جارە پەیامێکی مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگای کوردی بەگشتی و حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتدارانی کورد بەتایبەتی."

"ناکرێت چاوەڕوانی حکومەتێکی بێ باک بکەین"

هەروەها سەبارەت بێ هەڵوێستیی حکومەت بەرامبەر لێشاوی بەکۆمەڵی کۆچبەران محەمەد نەسردەین ووتی: "کۆمەڵگای کوردی بە گشتی بەرپرسە لەم لێشاوی کۆچکردنە، ئەگەر ئەمڕۆ دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان بێباکە لە کۆچی گەنجان و بەتاڵ کردنی هەرێمی کوردستان لە توانای گەنج، ئەوە ئێمەی تاکی کۆمەڵگا پێویستە ڕێگربین لەو لێشاوی کۆچکردنە، هەر تاکێکی کۆمەڵگا پێویستە هاوکاربێت لە دابینکردنی کار بۆ گەنجان و دۆزینەوەی ڕێگە چارە بۆ ڕێگریکردن لەم کۆچە بە کۆمەڵە، ناکرێت چاوەڕوانی حکومەتێکی بێ باک بکەین ڕیگەچارە بدۆزێتەوە."

"ناکرێت ئەم ووڵاتە بۆ ئەو کەسانە بەجێبهێلین"

هەروەها ناوبراو ووتیشی: " پێویستە لەسەر ئەوانەی خەمی داهاتووی ووڵاتیانە ڕێگە چارەیەک بدۆزنەوە و گفتوگۆیەک لەگەڵ گەنجان ئەنجام بدەن، ناکرێت ئەم ووڵاتە بۆ ئەو کەسانە بەجێبهێلین کە خێر و سەروەت و سامانەکەی دەخەنە خزمەتی بەرژەوەندیی خۆیان، باشترین خزمەت بەم دەسەڵاتەی ئێستا چوۆلكرنی ووڵاتە لەگەنجان."

"چۆڵکردنی ووڵات خزمەتە بە دەسەڵاتی ئێستای بنەماڵەکان"

ئەو چاودێری سیاسییە هۆشداری دا لە جێهێشتنی ووڵات و ووتی: "ئەگەر کۆچکردنی بەلێشاوی خەڵکی کوردستان بەهۆی نادادپەروەری و حکومی بنەماڵەکان بێت ئەوە، چۆڵکردنی ووڵات خزمەتە بەو دەسەڵاتەی بنەماڵانەکان و سیستمی حکومڕانیی ئێستا، عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانێکی ئابوریی بەهێزن ئەوەی وایکردووە، کە هاووڵاتیان سوود لەو سەرەوەت سامانەی ووڵات وەرنەگرن ئەو دەسەڵاتە خراپەیە، بۆیە من پێموایە بەباشکردنی سیستەمەکە هاووڵاتیان دەتوانن سوود لەو توانا ئابوریەی ووڵات وەبگرن، بۆیە چۆڵکردنی ووڵات خزمەتە بە دەسەڵاتی ئێستای ووڵات."

"کۆچ ئەنجامی پەیڕەوکردنی سیاسەتە هەڵەکانی هەرێمە"

چێنەر سیروان کە چارەسەرکارێکی دەروونییە دەربارەی دیاردەی کۆچکردنی مرۆڤەکان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "دیاردەی کۆچکردن هەمیشە لە مێژووی مرۆڤایەتی هەبووە، هۆکاریش زۆرن بۆ کۆچکردنی مرۆڤەکان سەرەکیترینیان هۆکاری نەبوونی سەلامەتیی سەر ژیان و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانە، هۆکارەکانی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستان جیاوازە و دەبینین هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باردۆخە ناجێگیرە سیاسی و ئەمنیە، کە لە هەرێمی کوردستان دا هەیە. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی کە لە هەرێمی کوردستان پەیرەو دەکرێت، کە بۆتە هۆی قەیرانێکی ئابوری، کە ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگادا."

"خەڵکی چیتر هیوا و بڕوای ئەوتۆی نەماوە"

سەبارەت بەهۆکاری دەروونی کۆچکردنی تەواوی چین و توێژەکان، چێنەر سیروان پسپۆری دەروونی ووتیشی: "ئەگەر لەلایەنە دەرونییەکەوە تەمەشای بارودۆخی خەڵکی بکەین، دەبینین دوای قەیرانی ئابوری و سیاسی لە ووڵات خەڵکی چیتر هیوا و بڕوای ئەوتۆی نەماوە بەلایەنە سیاسیەکان تا بزانن ئایندە ڕوونە و بۆکۆی دەچێت، بۆیە بێ هیوایەکی زۆر لەنێوان خەڵکی دروستبووە."

"بەهۆی بێ هیوابوون لە داهاتوو، ووڵات بەجێدەهێڵن"

چێنەر سیروان ئەوەشی ووت: "دەبینین خەڵکێکی زۆر پارەیەکی زۆریان سەرف کردووە بۆ گەیشتن بەو ووڵاتانە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە خەڵکی لە برسا ووڵات بەجێناهێڵن، بەڵکو بەهۆی بێ هیوابوون لە داهاتوو ووڵات بەجێدەهێلن، ئەم بێ هیوابوونە هۆکاری سەرەکییە بۆ تەواوی چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان بە گەنج ، پیر، ژن و منداڵ بەرەو چارەنووسێکی نادیا روودەکەنە سنورەکانی هەندەران."

"نیشتمان بوون و بڕوا بە ئایندە زۆر لاوازبووە"

سەبارەت بە هۆکارانەی خەڵکی تەواو بێ هیوا کردووە لە گۆڕانکاری وایکردووە هاووڵاتیان هەست بە ئارامی نەکەن لەم ووڵاتەدا، ئەو چارەسەرکارە دەروونییە ووتی: "ئەم بێ هیواییە وایکردووە تەواوی چین و توێژەکان ووڵات بەجێبهێلن، هۆکاری ئەم بێ هیوایەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک ڕوودای یەک لەدوای یەکی کەڵەکە بوو، کە دیارترینیان ئەوەیە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەنووسان و چآلاکوانان کوژران و زیندانیکران و تۆمەت درایە پاڵیان، بە فەرمانی دەسەڵات ڕێگری لەسەرۆکی پەرلەمان دەکرا، کە بچێتەوە پەرلەمانەوە  و پەرلەمان داخرا، خەڵکی ئەشکەنجە دەدرێت، هەموو ئەوانە خەڵکی بەچاوی خۆیان دەیبینن، دووبارە بوونەوەی ئەم ڕووداوانە ئەو بڕوایەی لەلای خەڵکی دروستکردووە، کە بابەتی وەکو نیشتمان بوون و بڕوا بە ئایندە زۆر لاوازبووە، دوای ئەوەی خەڵکی ئەزموونی ئۆپزسیۆنی بینی زیاتر بێ هیوا بوو لە گۆڕانکاری."

"ئامادەن لەبرسا و لەسەرمان بمرن، بەڵام ئامادەنین بێنەوە هەرێمی کوردستان"

لەکۆتایدا چێنەر پسپۆری دەروونی ووتی: "لە تەواوی ووڵاتانی پێشکەوتوو گرنگترین سەرمایە مرۆڤە لەنیو مرۆڤەکانیش گەنجە، بەڵام بەداخەوە لە ووڵاتی ئێمە هیچ خویندنەوەیەک بۆ ئەم دۆخە ناکرێ، کە بۆ هاووڵاتیانی ئێمە لەسەر سنوری ووڵاتان لەسەرما و لەبرسا دەمرن، سەەرڕای ئەمەش هیچ هەڵوستێکی جدی نابینرێت بەرامبەر ئەم دۆخە ئەمەش لەلایەنی دبلۆماسییەوە، ئەمەش خاڵێکی خراپە بۆ سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان وعێراق، پێویستە بەرپرسان دەستبکەن بەڵێکۆڵینەوە تا بزانن بۆچی هاووڵاتیانیان ئامادەن لەبرسا و لەسەرما بمرن، یان پێرژنێک بە گۆچانێکەوە ئامادەیە چەندین رۆژ لەسەرما بەبرسێتی بژێت، بەڵام ئامادە نییە بێتەوە هەرێمی کوردستان، بێ هیوایی وایکردووە هاووڵاتیان بۆ گەیشتن بەژیانێکی باشتر بەرگەی ئەو بارودۆخە سەختە بگرن."

 "ئەمڕۆدا جیاواز لە ڕابردوو گەلی کورد لە ستەمکاریک و دڕندەیەک هەڵدێت کە هاوزمانی و هاونەتەوەی خۆیەتی"

حەمەی شانۆ گەنجێکی شاری کەرکوکی باشوری کوردستانە، سەبارەت بە کۆچکردنی هاووڵاتیان بەگشتی و گەنجان بە تایبەتی کرد، کە وەکو گەنجێک بۆچی ئاواتە خوازن ووڵاتەکەیان بەجێبهێڵن، ووتی: " دەستپێکردنی شاڵاوێکی کۆچکردنی لەم شیوەیە، نیشانەی شکستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ٣٠ ساڵ لە حکومڕانی، ئەو دەسەڵاتەی هەرێمی کوردستان توانیویەتی تەواوی خەون و هیواکانی گەنجان ئیفلیج بکات، رۆژگارێک کە گەلی کورد لە باشوری کوردستان هەڵدەهاتن لە ستەمکار و دڕەندەیەک بەناوی (سەدام حوسین)، بەڵام لەئەمڕۆدا گەلی کورد لە ستەمکاریک و دڕندەیەک هەڵدێت کە هاوزمانی و هاونەتەوەی خۆیەتی."

"پەنا ئەبەنە بەر سنورەکان، چونکە لەخاکی خۆیان غەریبن"

سەبارەت بە رۆڵی گەنجان لە حکومەتی باشوری کوردستان، ئەو گەنجە شانۆکارە ووتی: "ئەم دەسەڵاتە، کە ٣٠ساڵە حوکمی هەرێمی کوردستان دەکات لەبریی پێشخستنی وزە و توانای گەنج کاری لەسەر کوشتنی گەنجێتی گەنجان کردووە، لە نیشتمانێکدا کە بەرپرسان ئاسامان و شاخەکانیان لێمان داگیرکردووە، لەم نیشتمانەدا تروسکایەک هیوا و ئومید نەبینراوە، بۆیە پەنا ئەبەنە بەر سنورەکان، چونکە لە خاکی خۆیان غەریبن و بێ پارەن و روحیان دەشکێنریت."

"ناچار بەجێهێشتنی ووڵات دەکرێن"

هەروەها ناوبراو لە درێژەی قسەکانی ووتیشی: " دوای ٣٠ساڵ لە حکومڕانی بەرپرسان تەنها دروشمیان بە گەنجان فرۆشتۆتەوە، هاووڵاتیان ناچار بەجێهێشتنی ووڵات دەکرێن، گەنجان لەم ووڵاتە هەڵدێن تا داهاتوویان مسۆگەر بێت نەوەک رۆژێک لە رۆژان منداڵی بەرپرسێک بیانکوژێت، یان بیانخاتە زیندانەوە، لەم ووڵاتەدا گەنج دوای ١٨ساڵ خوێندن دێت پاڵ بە عارەبانەوە دەنیت و کەسێکی نەخوێندەواریش لە جێگەی ئەو لە دەزگایەک دادەنرێت، ئەم نادادپەروەریە گەنجانی بێ هیوا کردووە."

"قومار بە خوینی شەهیدان و شاخەکانی کوردستانەوە دەکەن"

لەکۆتایدا حەمەی شانۆ ووتی: "ئەو مافیا و دز و قومارچیانە، کە ماوەی ٣٠ساڵە حوکمی ئەم ووڵاتە دەکەن، قومار بە خوینی شەهیدان و شاخەکانی کوردستانەوە دەکەن ، هەر رۆژەوە دەبینین و دەبیستین کە دوژمن شاخێکی داگیر کردووە و گوندێکی خاپورکردووە. ئەمانە وادەکات هاووڵاتییان ووڵات بەجێبهێڵن، لەم شەقامانەدا گەنجان دەبینین، کە پۆشتەن و گرنگیان بە شیوەی دەرەوەیان داوە، بەڵام لەناخەوە گەنجان مردوون، ئەم سیستمە کاری لەسەر ئەوە کردووە، کە ئەو گەنجانە لەناخەوە داڕزێنێت و بیانڕوخینێت."

ژ.ت