هاووڵاتییانی شەنگال بە کۆبوونەوەیەک پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتیان ئیدانە کرد

لە چالاکیی ئێشکگریی "ئێمە هەموومان ئاسایشین" بە پێشەنگایەتی تاژێ کۆبوونەوەیەک بۆ ئیدانەکردنی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات رێکخرا، کە ئەو پیلانگێڕییە لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەڕێوەچوو بوو.

بۆ ئیدانەکردنی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات بە پێشەنگایەتیی بزووتنەوەى ئازادیى ژنانى ئێزیدخان (تاژێ - TAJÊ) لە چادری بەرخودانی بەردەم ئاسایشی ئێزدخاندا بۆ هەموو رێکخراو و دام و دەزگاکانی شەنگال کۆبوونەوەیەکی رێکخرا.

کۆبوونەوەکە لەلایەن سەبیحە سەبری وتەبێژی تاژێ و خالید شەنگالی بەرپرسی ئاسایشی ئێزدخان بەڕێوەچوو.

سەبیحە سەبری لە سەرەتای وتەکانیدا پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لەلایەن دەوڵەتە نێونەتەوەییەکانەوە ئیدانە کرد.

سەبری رایگەیاند، خواستیان بەو پیلانگێڕییە هەموو گەلی کورد بێ ئیرادە و بێ ریبەر بکەن و وتی، "بەڵام رێبەر ئاپۆ بە تێکۆشان و بەرخودانی ٢٣ ساڵە بێ هاوتاکەى لە ئیمراڵی ئەو پیلانەى پووچ کردەوە. ئەگەر ئێمە ٧١ رۆژە لێرە لە بەردەم ئەم چادری بەرخودانەداین و بۆ دەستکەوتەکانی ئێزدخان تێدەکۆشین، هەموو ئەمانە لە سایەی فیکر و رامانی رێبەر ئاپۆوە بەدیهاتووە. بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ ئیمە وەک ژنانی ئێزدی تاوەکو دوا هەناسە تێدەکۆشین و بەرەنگاری و بەرخودان دەکەین".

خالید شەنگالیش رایگەیاند، "پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات بۆ ئێمەش رۆژێکی رەشە و ئێمە ئەو رۆژە و دەوڵەتە پیلانگێڕەکان بە توندی ئیدانە دەکەین".

ژ.ت