بە دیمەن

هێمن حەسیب: بە ئێستاشەوە جینۆسایدی سەر کوردسان بەردوامە

هێمن حەسیب چالاکوانی بواری جینۆساید و ئەنفال ئاماژەی بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەنفال لەسەر کۆمەڵگە کرد و گوتی: "تائیستا "کۆمەڵگای کوردی لەژێر کاریگەری نەرێنی پرۆسەکەدایە، پێویستە دامەزراوەیەکی نیشتمانی تایبەت بە جینۆساید لە کوردستان دابمەزرێت."

هێمن حەسیب، نووسەرو چالاکوانی بواری جینۆساید و ئەنفال، هاوکات سەرنووسەری گۆڤاری "تۆپزاوە"، کە گۆڤارێکی تایبەت بە جینۆساید و ئەنفال سەبارەت بە بەجینۆسایدی سەر گەلی کورد لە کوردستان بەگشتی و باشوری کوردستان و پرۆسەی جینۆسایدی ئەنفال کە لە ساڵی ١٩٨٨ بە چەندین قۆناغ لەسەر گەلی کوردی باشوور لە لایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە ئەنجمامدرا، تێیدا نزیکی ١٨٢ هەزار کورد زیندەبەچاڵ و قڕکران، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) قسەیکرد و هەڵسەنگاندنی بۆ پرسی ئەنفال و بە تایبەت جێکەوتە نەرێنییەکانی پرۆسەکە لەسەر کۆمەڵگەی کوردی کرد.

'ئاماجی قڕکردنی مرۆڤی کورد و سڕینەوەی شوناسی کورد بووە'

هێمن حەسیب، نووسەرو چالاکوانی بواری جینۆساید و ئەنفال سەرەتا سەرنجی بۆ ئامانجی پرۆسەی ئەنفال ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە ئەو پرۆسەی ئەنفالەی کە دژی کورد ئەنجامدرا بەمەبەستی جینۆساید و لەناوبردنی میللەتی کورد بووە و وتی: "تاوانی ئەنفال پرۆسەیەکە کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس بەرامبەر بە گەلی کورد لە باشوری کوردستان پیادەی کرد کە ئامانج لێی قڕکردنی مرۆڤی کورد و سڕینەوەی شوناسی کورد بووە لە باشوری کوردستان، وە هەڵتەکاندنی کۆمەڵگای کوردی بووە لە خاکی ڕەسەنی خۆی، دواتریش ئەم پرۆسەیە چووە قۆناغی لەناوبردن و سڕینەوەی شوناسی کورد چ وەک مرۆڤ چ وەکوو نەتەوە، ئەگەر تەمەشا بکەین ئەم پرۆسەیە لە هەڵتەکاندن لەناوبردن و ڕاگواستنیان لە گوندەکانەوە دواتر دەستگیرکردنیان دواتر کۆکردنەوەیان لە سەربازگەو زیندانەکان پاشان کۆمەڵکوژ کردنیان یاخود زیندەبەچاڵکردنیان، بۆیە بەپێی هەموو پێوەرو ستاندارتە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە تاوانی جینۆساید، تاوانی ئەنفال یەکلایی بووەتەوە کە جینۆسایدە".

'ئێمە تائێستا لە ژێر کاریگەرەکانی تاوانی ئەنفال داین'

هێمن حەسیب ڕایگەیاند، نەک تەنها کەسوکاری قوربانییەکان بەڵکو هەموو باشوری کوردستان کاریگەری پرۆسەی ئەنفالیان لەسەرە، و ڕایگەیاند: "بە داخەوە ئێمە لە دوای ٣٧ ساڵ لە تاوانی ئەنفال تائێستا کۆمەڵگای کوردی لە باشوری کوردستان لەژێر کاریگەرییەکانی ئەو تاوانەدا ژیان ئەگوزەرێنێن، نەک تەنها کەسوکاری قوربانیان بەلکو کۆمەڵگای کوردی بەگشتی، کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگای کشتوکاڵی ئاژەڵداری بووە بەڵام لە دوای تاوانی ئەنفالەوە ئەم کۆمەڵگەیە بووە بە کۆمەڵگایەکی بخۆر وئەمە دەرئەنجام وایلێکردووە کە ئێمە ئێستا کۆمەڵگایەکی بەکاربەرو بخۆرین نەمانتوانی کۆمەڵگایەکی بەرهەم هێنەربین، بۆیە ئەگەر تەمەشا بکەین ئێمە تائێستا لە ژێر کاریگەرەکانی تاوانی ئەنفال داین".

لە درێژەی قسەکانیدا هێمن حەسیب ئاماژەی بەوەکرد کۆمەڵگای کوردی لەژێر کاریگەرییەکانی تاوانی ئەنفال دایە و هیچ شتێک تائێستا بۆ کۆمەڵگا نەکراوە و وتی: "بەداخەوە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کە ڕژێمی بەعس لەناوچوو دەبوو یەکەم هەنگاو حکوومەتی عێراقی وەک ئەرکەکی یاسایی و ئەخلاقی بەرامبەر بە گەلی کورد پیادەی بکردایە ئەوەبوو دادگەری ڕاگوزەرەی(عەدالەی ئینتیقالی)، کە خۆی لە دەستگیرکردنی تاوانباران و دادگای کردن و قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی کەسوکاری قوربانییان وە گەڕاندنەوە ژیان بۆ پێش ئەو دۆخی ئەنفالەی کە ڕوویدا، بەڵام بەداخەوە لە قۆناغی دادگەری ڕاگوزەرەی ئەوەی بینیمان تاوانبارە سەرەکییەکان کە خۆی لە سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید و شەش بۆ حەوت کەسی تر ئەبینیوە دەستگیرکران و دادگای کران، بەڵام هیچ یەک لە خالەکانی دادگەری ڕاگوزەرەی پیادە نەکرا، بۆ نموونە دەستگیرکردنی جاش و موستەشارەکان دەستگردنی ئەو ئەفسارانەی ناو سوپای پێشووی ڕژێم کە تائێستاش لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا بەرپرسیارێتیان هەیە، ئەم ئەفسەرانە هیچیان دەستگیر نەکران لەگەڵ جاش مومستەشارەکان دادگایی نەکران، قەرەبووی مادی و مەعنەوی نەکرا گوندەکان ئاوەدان نەکرانەوە، هیچ شتێک نەکرا".

'هەمووی هەوڵی تاکە کەسییە'

هەروەها هێمن حەسیب لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە تائێستا تەنها تاکەکان خەمی ئەنفالیان کردۆتە خەمی خۆیان و حکومەت بێدەنگ بووە و دەڵێت: "تا ئێستا کۆمەڵگای کوردی لە ژێر کاریگەری ئاسەوارەکانی پرۆسەی تاوانی ئەنفال دایە و بەداخیشەوە وەکو حکومڕانی کوردیش چ پەرلەمان چ حکومەت چ حزبە کوردییەکانیش هیچ شتێکیان نەکردووە لەسەر ئاستی گەورەیی ئەم تاوانە، لە دوای ساڵی ١٩٩١ تائێستا ئەوەی کە کراوە هەوڵی تاک بووە، بۆ نموونە لێرە نووسەرێک خەمی ئەم تاوانەی کردۆتە خەمی خۆی لێدوانێک یان چاوپێکەوتن لەگەڵ شاهحاڵەکان کردووە و ووتەکانی نوسیوە بە دیکۆمێنتی کردووە، یان هونەرمەندێک فلیمێکی لەسەر ئەو توانە بەرهەم هێناوە، یان چەند کەسێک لە ڕێکخراوێکدا کۆبوونەتەوەو ئامانجیان کارکردن بووە بۆ پرسی تاوانی ئەنفال، هەمووی هەوڵی تاکە کەسی بوە."

'دەبێ دامەزراوەیەکی نیشتمانی تایبەت بە جینۆسایدی دابمەزرێ'

ئەو چالاکوانەی بواری جینۆساید و ئەنفال، تیشیکی خستەسەر ئەوەی کە پێویستە دامەزراوەیەکی نەتەوەیی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد دابمەزرێت و وتی: "ئێمە ئەگەر بمانەوێت هاوشێوەی جینۆسایدی ئەرمەنەکان و هۆلۆکۆست ئەم دۆسییە بەرەو پێشەوە ببەین دەبێت دامەزراوەیەکی نیشتمانی تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێ، کە ئەم دامەزراوەیە هاوشێوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان یاخود کۆمسێنی مافی مرۆڤ دەستەیەکی سەربەخۆ بێت، واتا دەستەیەکی سەر بە حکوومەت نەبێت یان ئەنجومەنی وەزیران یان لایەنی جێبەجێکار بەڵکو دەستەیەکی سەربەخۆ بێت بە یاسایەک دامەزرێت بودجەی تایبەتی خۆی هەبێت، بۆئەوەی بتوانێت ستراتیجیەتێک دانانێن نەک تەنها لە بابەتی تاوانی ئەنفال بەڵکو لە هەڵەبجەشدا هەمان کێشەمان هەیە لە جینۆسایدی بەرزانییەکان، کوردانی فەیلی جینۆسایدی ئێزیدیەکانە، ئەویش لە سەردەمێکی جیاوازتر ڕوویدا وە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خۆی چاوی بەسەرەوەبوو پێچەوانەی ئەو دۆسیانەی دیکە، هیوادارم بەو ئاڕاستەیە هەموومان کاربکەین کە دامەزراوەیەکی نیشتمانی دامەزرێت کار لەسەر ئەم دۆسیەیە بکات".

'ئەمە کارەساتە، لەئاست گەورەی ئەو تاوانە کەمتەرخەم بووینە'

هێمین ئاماژەی بەوەشکرد، دەبوو کارێکی بەهێزتر و باشتر بکرایە بۆئەوەی رووفاتەکانی قوربانیان بگەرێندرایەتەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ خەمێک و هەوڵێک نەبوو، و وتی: "تائێستاکە زیاتر لە ١٨٢ هەزار مرۆڤ کە لە پرۆسەی ئەنفال لەناوچوونە، رژێمی بەعس کۆمەڵکوژیانی کردووە بەڵام تائێستا نێزگەی ٣٣٠٠ رووفات هاتووە کە ئەکاتە کەمتر لە ١٪ی ئەو قوربانیانە، ئەمە کارەساتە لە کاتێکا ٢٠ ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕەژێمی بەعس تێپەڕیووە، دەبوو بەلایەنی کەمەوە نزیگەی پەنجا هەزار لەو ڕووفاتانە لە گۆڕەکان دەر بهێنرایە، بۆیە چ وەک دەسەڵاتی کوردی و چ وەک کۆمەڵگای کوردی لەئاست گەورەی ئەو تاوانەدا کەمتەرخەم بووینەو نەمانتوانیوە شتێکی بەهێز بکەین".

'عێراق گرنگە ببێتە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی'

هێمن حەسیب لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد کە زۆرترین تاوانی کۆمەڵکوژی لە سەد ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە، وە پێویستە لێکۆڵینەوە لەو کۆمەڵکوژییانە بکرێت و یاسایک بۆی دروست بکرێت و دەڵێت: "بەپێی (پەیماننامەی ڕۆما)ی بنەڕەتی کە دەستووری دادگای تاوانی نێودەوڵەتییە، ئەم پەیماننامەی کە دامەزراوە لە ١٧-٠٧-١٩٩٨  واژوو کراوە لە نێوان وڵاتان، پاشان ژمارەیەک وڵاتیش پەیوەست بوونە پێوەی، ئەم پەیماننامەیە هەر تاوانێک پێش ساڵی ١٩٩٨ ڕووی دابێت لێکۆڵینەوەی تێدا ناکات بەڵکو ئامانجی ئەم دادگایە ئەوەیە ڕێگری بکات لەو تاوان و جینۆسایدانەی کە لە داهاتوودا ڕووبدات، بەڵام لە عێراقدا زۆرترین تاوانی کۆمەڵکوژی لە سەد ساڵی ڕابردووا ڕوویداوە هەتا پێش ڕژیمی بەعسیش لە سبێلیش کۆمەڵکوژی کریستیانییەکان لە چلەکان ڕوویداوە، پێشتریش لە رەواندز ئەم حاڵەتانە روییداوە، بۆیە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە گرنگە ببێتە بە ئەندام لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، چونکە بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە واتای گرنگی دانە بەوەی کە جارێکی دیکە تاوانی جینۆساید لەسەر ئەم خاکە دووبارە نابێتەوە".

'عێراق خۆی لە بەرپرسیارەتی دەدزێتەوە'

هێمین سەرنجی بۆ یاساکانی عێراق ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە یاساکانی عێراق لاوازن و وتی: "بەداخەوە تائێستا عەقڵیەتی حوکمڕانی لە عێراق دا عەقڵیەتێکە تەواوکەری ڕژیمی بەعسە، چەندین هەوڵیش دراوە لە ساڵی (٢٠٠٧)ەوە ئێمە کەمپینی فشارمان هەیە و چەندین ئیمزامان کۆکردەوە و چەندین چالاکی کراوە، دوا جاریش موخاتەبەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش کراوە بەڵام بەداخەوە تائێستا خویان لەو بەرپرسیارەتیە ئەدزنەوە، دوایین وڵامشیان ئەوە بووە لە ساڵی ٢٠١٥ بە ووتەی ئەوان کە یاساکانی عێراق یاسایەکی ئەوەندە باشن کە ئەتوانێت تاوانبارانی جینۆساید دادگایی بکە، بۆیە پێویست ناکات کە بچنە چوارچێوەی دادگا، لە کاتێکدا یاساکانی عێراق یاسای زۆر کچوکاڵن، دوو یاسا هەیە یاسای سزادانی عێراقی ساڵی ١٩٦٩ وە یاسای تیرۆە، لە کاتێکدا ئەم دوو یاسایە کە دوو یاسای تایبەت بە تاوانەکانی جینۆسایدی بوون".

'تورکیا ڕێکەوتننامەی قەدەغکردنی چەکی کیمیایی پێشێلکردووە'

لە کۆتایی قسەکانیدا هێمن حەسیب سەرنجی خستەسەر کە تاوانەکان بە حزبی ئەگرنە دەست هەر بۆیەش هەمیشە دۆڕاوین، و وتی: "بە داخەوە تا ئێستا پرۆسەی جینۆسایدکردنی کورد بە شێوەیەک بەردەوامە، لە باشور لە باکوور وڕۆژئاوا، یەکێک لە کێش گەورەکانی ئێمە ئەوەیە کە دۆسیەکان بە حزبی ئەکرێت، من پێشتریش نموونەیەکی ئەوەم هێنایەوە کە کاتێ دەوڵەتی تورکیا چەکی کیمیایی بەرامبەر بە گەریلا بەکارهێنا نەئەبوو ئەم دۆسیەیە بە حزبی بکرێ، لە چوارچێوەی ئەوەی بەرامبەر بە گەریلا بەکارهێنراوە نەخێر دەبوو قسە لەسەر ئەوە بکرێت کە تورکیا ڕێکەوتننامەیەکی پێشەڵکردووە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە خۆی واژووی کردووە، کە ئەوەش ڕێکەوتنامەی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییە، کە کار لەسەر ئەم لایەنە بکەین و کە ئەم دۆسیەیەت چەسپاند لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەوکاتە دەواتر ڕاسەوڕۆڕە ئەچێتەوە خزمەتی ئەوەی کە کێ قوربانیەکەیە، قوربانیەکە گەریلایە بۆیە ئێمە لە شێوازی ئیشکردندا بەداخەوە من پێم وایە سەرکەوتوونین، من پێم وایە هۆکارەکەی بەشێکی نەزانینە وبەشێکی دیکەی کاریگەری حزبی و ئایدلۆژیای سیاسییە".