دیاکۆ ئەحمەدی ناسراو بە هەڵمەت دێرسیم لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی چاوی بە دونیا هەڵێنا و لە ساڵی ١٣٩٤ بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو. هەڵمەت دێرسیم بوو بە هەڵمەتێک لە دژی نەیارانی نیشتمان لە رۆژهەڵات هەتا باکوور. هەڤاڵ هەڵمەت لە درێژەی ژیانه گەریلایەتیدا خولیای ئەوەی هەبوو کە ئازادی مسۆگەر بکەن و بە ئازادی لەم نیشتمانە دا ژیان بکەن. لە پێناو ئەو خولیایەیدا بە درێژایی ٣ ساڵ ژیانی گەریلاایەتیی بە بێ وەچان بە تێکۆشانی چڕوپڕ بەڕێوەبرد. هەڤاڵ هەڵمەت لە ساڵی ١٣٩٧ لە ئەیالەتی گارزان پەیوەستی کاروانی نەمران بوو.
سنە مەڵبەندی شۆڕشگێڕان و هونەرمەندانی کورد
یەکێک لە کۆرپەکانی هونەری کوردستان لە لانکەی شاری سنەدا راژێندراوە و هونەرمەندی و ڕۆشنبیری گەورە و بلیمەت لەم شارە پێگەیشتوون. هونەر بووە بە تاجی سەری شاری سنە و هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی بە وێنەی مەستوورە ئەردەڵانی لە لانکەی ئەم شارەدا لاوانەوە و بوون بە یەکێک لە ئەستێرەکانی هونەر و ڕۆشنبیریی کوردی. سنە پایتەختی میرانی ئەردەڵان نە تەنیا جێگە و بێشکەی هونەر بووە، بەڵکو هەر لە سەردەمانی کۆنەوە جێگەی شۆڕشگێڕان و رۆشەنبیرانی کورد بووە و بۆ میرانی ئەردەڵان بووە بە پایتەختی حکومەت دارییان. لە رۆژهەڵاتی کوردستان شاری سنە وەکوو شاری سنەی خوێناوی ناودەبرێت و ئەم پێناسەیە نیشان لە زوڵم و زۆری زۆرداران و خۆڕاگری و سەردانەنەواندنی گەلی ئەم شارە لە بەرامبەر زوڵم و زۆرییە.
بە بزەی فریشتەیەکەوە بەڕووی دونیادا پێکەنی
دیاکۆ ئەحمەدی لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی (١٩٩٦) لە شاری سنەی خوێناوی چاوی بە دونیا هەڵێنا و بەو چاو هەڵێنانەیە لە نیگایەک دا داهاتووی خۆی دیت و بۆ ئەمە بزەیەک لە بزەی فریشتەکان لەسەر لێوی نیشت و بەڕووی ئەم دونیا نوێیەدا پێکەنی. دیاکۆ بە کلتووری کوردەواری ئەردەڵان و هەورام گەورە دەبێت و دەوڵەمەندی ئەم کلتوورانە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەسایەتی ئەو دانا چونکە لە بنەڕەتدا خەڵکی هەورامان بوون و ئەمەش وای لێکرد کە لەو کلتوورەدا خۆی بتوێنێتەوە و بەشێک لە کلتووری نیشتمانپەروەری هەورامان و سنەی خوێناوی لە خۆیدا ئاوا بکات. ١٢ ساڵ لە مەکتەبی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران دەخوێنێت، بەڵام زانابوون و ئاستی هێزی کلتووری، کە لە بنەماڵەکەی گرتوویەتی ناهێڵێت کلتووری رژێمی داگیرکەری ئێران لە ناخی دا تەشە بستێنێت. وێڕای خوێندنی بۆ ئەوەی لە تەرخان کردنی بژێوی ژیانیاندا یارمەتیدەری بنەماڵەکەی بێت روو لە کاریگەری (کرێکاری) دەکات و بەمشێوەیە بارێک لەسەر شانی بنەماڵەکەی هەڵدەگرێت و بۆ پێشکەوتنی خۆی هەنگاوێک هەڵدێنێت.
ئەو شوێنەی کە ئازادی تێدا مسۆگەر ببێت مەگەر چیا سەرکێش و ئازادەکان بێت
گەریلا خولیایەک و ژیانی ئازاد ئامانجی ئەو بوو. ئیدی کاتی ئەوە هاتبوو کە یەکەمین بزەی کە کاتێک کۆرپەبوو بە دیتنی داهاتووی خۆی هاتە سەر لێوانی بکات بە خەندە و پێکەنینێکی هەمیشەیی. لە پێش چاوانی نیگاری گەریلای بە وێنەی فریشتەیەکی پاک دەکێشا. حەقیقەت ئامانجی سەرەکی ئەو بوو. رێگەی ئازادی لە گەریلایەتی و تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجیدا دیت. هەر کەس دەیوت کە ئازادی تەنیا خەیاڵێکە و لەسەر خاکی ئەم وەڵاتە ئازادی بوونی نییە. کەچی ئەو هەر لە ساوایەتییەوە ئەو ئازادییەی دیتبوو و ئەم قسانەی جیددی نەدەگرت. ئەمەی دەزانی کە ئەو شوێنەی کە ئازادی تێدا مسۆگەر ببێت مەگەر چیا سەرکێش و ئازادەکان بێت. بە ساڵان لە رێگەیەک گەڕا کە بتوانێت خۆی بگەیێنێتە ئامێزی ئازادی و تێیایدا وەحەسێت. هەرگیز لە ئامانجی پاشگەز نەبووەوە و بۆ گەیشتن بە ئازادییەک کە هەر لە منداڵییەوە دیتبووی هەموو رێگەیەکی تاقی کردەوە هەتاوەکوو لە ساڵی ٢٠١٥ رووی لە چیا ئازادەکانی کوردستان کرد.
بوو بە هەڵمەت لە دژی هەر جۆرە داگیرکارییەکی سەر خاکەکەی
هەنگاو هەڵێنانی دیاکۆ بەرەو ئازادییەک کە هەر خولیای بوو بە وێنەی هەڵمەتێک بوو لە دژی سیستەمی داگیرکرد. بۆ ئەمە لە رێگەی ئازادی دا بوو بە هەڵمەت لە دژی هەر جۆرە داگیرکارییەکی سەر خاکەکەی بۆ ئەمەش هاوڕێ دیاکۆ ناوی خۆی کرد بە هەڵمەت دێرسیم. هاوڕێ هەڵمەت بە وێنەی هەموو هاوسەنگەرەکانی شتێک کە سەرەتا سەرنجی راکێشا؛ سەرەڕای هەموو ئاستەنگی و زەحمەتییان هاوڕێیەتییەک بوو کە لە نێو پەکەکەدا دەیدیت. لەسەر ئەو چیا ئازادانە تێکۆشان لە پێناو ئازادی و دیموکراسی و هەروەها هاوڕێیەتی هاوڕێیانی وای لێدەکرد کە هیچ زەحمەتی و ئاستەنگییان نەناسن و شان بە شانی یەکتر ئەو رێگایەی پێیان تێیا ناوە بپێون. ژیان کردن لەلای هاوڕێیانی و تێپەڕاندنی ئاستەنگییەکانی ژیان بەیەکەوە جیاوازی هاوڕێیەتی نێو سیستەم هاوڕێیەتی پەکەکەی نیشانی ئەو دەدا. هەڤاڵ هەڵمەت لەسەر ئەو چیایانە خۆی ئاوێتەی سروشتی رەنگینی کوردستان کرد و لەگەڵ سروشتیش بوو بە هاوڕێ. هەر رێچکەیەک کە تێیایدا تێدەپەڕی، هەر دارێک کە لەبن سێبەرەکەی وەچانی دەدا، هەر کانییەک کە تێیایدا قومێک ئاوی خواردەوە و فێنکایی ئاوەکەی میوانی جەستەی شەکەتی کرد، هەر ماندوو نەبییەک کە لە زاری هاوڕێیانییەوە دەیبیست وای لێدەکرد کە زیاتر ئەو ژیانەی خۆشبوێت و خۆی ئاوێتەی بست بە بستی ئەو خاکە دەکرد و لە تێکۆشان لە پێناو ئازادی ئەم نیشتمانە رەنگینەدا لە ناخییەوە مایەی دانا.
بە هەر هەنگاوێک کە هەڵیدێنا دەیزانی کە هەنگاوێک لە خولیاکەی نزیک دەبێت
بە هەر پەروەردەیک کە دەیدیت پاکتر لە جاران دەبوو و لە ژیاندا هەر رۆژەی بە واتاوە تێدەپەڕاند. بە خۆ ئاوێتەکردن لە ژیانی گەریلادا کەسایەتییەک کە سیستەم تێیایدا ئاوا کردبوو هەر دەهات کەمڕەنگتر دەبوو و کەسایەتی شۆڕشگێڕێک لە ناخیدا خۆی بەجێ دەکرد. گەریلایەتی لە دڵیدا بوو بە هەر شتێک و گەریلایەتی فێری ئەوی کرد کە نەک ژیان بکات بەڵکو لەو تێکۆشانەدا ژیان ئاوا بکات. لە خۆ پێشخستن لە فەلسەفە و رامانی رێبەر ئاپۆ دا هەرگیز خۆی تێرکەر نەدیت و بە بەردەوامی لە پارادایمی رێبەر ئاپۆدا خۆی قووڵ کرد. لە ساڵی ١٣٩٦(٢٠١٧) ئاکادیمیای پزیشکیی شەهید محەمەد خەیری دورموشی دیت و وەک گریلایەکی شارەزا لە بواری دۆکتۆرتی گەریلاشدا خۆی پێشخست بۆ ئەوەی بتوانێت لە شوێنێک کە پێویست بکات گیانی هاوڕێیانی رزگار بکات. هاوڕێ هەڵمەت لە تێکۆشانی ئازادی دا لە قەندیل هەتا باکوور رێگەی پڕ هەوراز و نشێوی بڕی. هەر هەنگاوێک کە لە ژیانی گەریلاییدا هەڵیدێنا دەیزانی کە هەنگاوێک لە خولیاکەی نزیک دەبێت و بەم زانابوونەوە هەوڵیدەدا لەو رێگەیەدا هەنگاو بە هەنگاو رووەو پێشەوە بڕوات و وەکوو ناوی لەبەرامبەر هەموو دوژمن و نەیارانی کورد ببێتە هەڵمەتێک و زیاتر خپی لە خولیاکەی نزیک بکاتەوە.
رۆحی ئەو بە خولیاکەی گەیشت
هەڤاڵ هەڵمەت بە پێشنیازی خۆی لە ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨)دا رووی لە باکووری کوردستان کرد. هەڤاڵ هەڵمەت پەی بەوە بردبوو کە کلیدی شۆڕشی کوردستان لە باکووری کوردستانە و بۆ ئەوەی ئەم کلیدە بەدەست بخەن و قفڵی داگیرکەری سەر خاک و نیشتمانیان بشکێنن لە ئاستێکی بەرز دا لە باکووری کوردستان لە تەنیشت هاوڕێیانی درێژەی بە تێکۆشانی ئازادی دا. بە بانگەشەیەکی مەزن بۆ بەدەست خستنی ئەم کلیدە و پێکهێنانی خولیای منداڵی چووە باکووری کوردستان و بەو جۆش و خرۆشەوە لە رێگەی باکووردا رێوەچوو هەتا گەیشتە ئامانجەکەی. هاوڕێ هەڵمەت لە رێکەوتی ٢١ی پوشپەڕ ١٣٩٧ (١٢ی تەمموزی ٢٠١٨)دا لە ئاکامی هێرشی هەوایی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لە ئەیالەتی گارزان پەیوەستی کاروانی نەمران بوو بەڵام هەتا دوایین هەناسەشی لەوە دڵنیا بوو کە لە خولیاکەی نزیک بۆتەوە و هاوڕێیانی هەن کە درێژە بە تێکۆشانی ئەو دەدەن و رۆحی ئەو بەم خولیایەی دەگەیێنن. بەم ئاسودەییەوە چاوانی بەرووی دونیا لێکنا.
ژ.ت