"هێنانی دوژمن بۆسەر خاکی کوردستان بۆتە نەریت لەلای پەدەکە"
محەمەد نەسڕەدین، چاودێرێکی سیاسی دەڵێت: "خیانەتی ٣١ی ئاب ڕێخۆشکەربوو بۆئەوەی پەلکێش کردنی هێزی داگیرکەر بۆسەر خاکی کوردستان ببێتە نەریت لەلای پەدەکە".
محەمەد نەسڕەدین، چاودێرێکی سیاسی دەڵێت: "خیانەتی ٣١ی ئاب ڕێخۆشکەربوو بۆئەوەی پەلکێش کردنی هێزی داگیرکەر بۆسەر خاکی کوردستان ببێتە نەریت لەلای پەدەکە".
ئەمرۆ ٢٧ ساڵی تەواو بەسەر خیانەتی ٣١ی ئاب-دا تێدەپەڕێت، ئەو ڕۆژەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بووە چاوساغ و پێشڕەوی سوپا و تانکەکانی رژێمی پێشووی بەعسی عێراق و تاکو ناو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پەلکێشی کرد، بەو پەلکێش کردنی سوپای داگیرکەر شاری ھەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و ناوەندی دامەزراوە سەروەرییەکان داگیرکران و زیانێکی کوشندە لە بەها نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەکانی گەلی کورد درا.
لەلای خۆیەوە، محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، سەبارەت بە خیانەتی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ و ئاسەواری بەردەوامی ئەو خیانەتە لەسەر نەتەوەی کورد بەتایبەتی لە باشوری کوردستان، وە تیشکی خستنەسەر بەردەوامی هاوکارییەکانی پەدەکەی لە پەلکێش کردنی سوپای دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و بەهێز کردنی دەستی دوژمن و نەیارانی کورد لە باشور بەگشتی و لە کەرکوک بەتایبەتی، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) دوا.
خیانەتی ٣١ی ئاب گورزێکی کوشندەبوو لە بەها نەتەوەییەکانی کورد
سەبارەت بە خیانەتی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ کە پەدەکە هەستا بە هێنانی سوپای رژێمی بەعس بۆ کوردستان، محەمەد نەسڕدەین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ووتی: "کێشەی ٣١ی ئاب ئەوەیە کە تا ئێستا بەردەوامە، خیانەتی ٣١ی ئاب گورزێکی کوشندەبوو لە بەهای شۆرشگێری و خەباتگێری و بەها نەتەوەییە پیرۆزییەکانی کورد درا، هێزێک خۆی وەکو خەباتگێر هەژمار بکات و بچێت دەستی دوژمن بگریت و بە تانکی دوژمن بێت پایتەخت و پەرلەمانی خۆی پێداگیر بکات، ئەم خیانەتەش گومانی لای هاووڵاتیانی کورد دروست کرد لەسەر ئەو بەهایانەی کە پەدەکە بانگەشەی بۆ دەکرد".
٣١ی ئاب بەردەوامە و پەدەکە دەستی لەگەڵ داگیرکەری تورکیا تێکەڵ کردووە
هەروەها سەبارەت بە بەردەوامی خیانەتەکانی پەدەکە لە پەلکێش کردنی سوپای دوژمن و داگیرکەر بۆسەر خاکی کوردستان، ئەو چاودێرە سیاسیە ووتی: "ئەمرۆ کە یادی ٣١ی ئاب دەکەینەوە دەبینین کە تا ئیستا ئاسەواری ٣١ی ئاب بەردەوامە لەسەر هاووڵاتیانی باشوری کوردستان و لەسەر بەها نەتەوەییە نشتیمانییەکانی گەلی کورد ڕەنگدانەوەی هەیە بۆیە دەبینین ئەو هێزەی خیانەتی ٣١ی ئابی کرد ئیستاش ئامادەیە دەست لەگەڵ داگیرکەر تێکەڵ بکات، کە لەئیستادا دەستی لەگەڵ داگیرکەری تورکیا تێکەڵ کردووە".
هێنانی داگیرکەر و دوژمن بۆسەر خاکی کوردستان بۆتە پیشە لای پەدەکە
هەروەها محەمەد نسڕەدین چاودێری سیاسی ووتیشی: "دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ داگیرکەر و هێنانی سوپای داگیرکەر و دوژمن بۆسەر خاکی کوردستان بۆتە پیشە لای ئەو لایەنە سیاسییە(پەدەکە)، بۆیە دەکرێت بڵێین ٣١ی ئاب ڕێخۆشکەربوو بۆئەوەی پەلکێش کردنی هێزی داگیرکەر بۆسەر خاکی کوردستان ببێتە نەریت لەلای لایەنێکی سیاسی (پەدەکە) کە خیانەتی ٣١ی ئابی کردووە".
پەدەکە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە عەرەبە شۆڤێنییەکان و تورکمانە فاشیستەکان دەکات
محەمەد نەسڕەدین، تیشکی خستەسەر هاوپەیمانی پەدەکە لەگەڵ دوژمنانی کورد لە کەرکوک و ئاشکرای کرد: "هەر چۆن لە ٣١ی ئاب پەدەکە پەلکێشی هێزی داگیرکەری کرد بۆسەر خاکی کوردستان وە دووبارە دەست لەگەڵ دەوڵەتێکی داگیرکەری وەکو تورکیا تێکەڵ دەکات، ئیستاش پەدەکە دەست تێکەڵ دەکات لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دژایەتی مافە ڕەواکانی گەلی کورد دەکەن لە کەرکوکدا کە پەدەکە ئامادەیە لەگەڵ ئەو تورکمانانەی کە نوێنەری دەوڵەتی تورکیا دەکەن کە وەزیری داوە پیان لە هەرێمی کوردستان هەروەها لەگەڵ ئەو عەرەبە شۆڤینیانەی کە دژی کوردن لە کەرکوکدا پەدەکە دەستیان لەگەڵ تێکەڵ دەکات و هاوپەیمانیان لەگەڵ دەبەستێت".
پەدەکە دەستی نەیارانی کورد لە کەرکوک بەهێز دەکات
دەربارەی پشتیوانی کردنی پەدەکە لە نەیارانی کورد لە کەرکوک، ئەو چاودێرە سیاسییە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ڕایگەیاند: "چۆن پەدەکە لە ڕابردوودا دەستی دوژمنی بۆسەر خاکی کوردستان پەلکێش کرد ئەمرۆش دەستی نەیارانی کورد بەهێز دەکات لەناو شاری کەرکوک بۆئەوەی دووبارە کورد دەسەڵات و پۆستەکانی شاری کەرکوک بەدەست نەهێنێتەوە".
پەدەکە چۆن پێشتر هاوکاری دوژمن بووە ئەمرۆش هاوکاری دەسەڵاتی سەپێندراوی کەرکوکە
لە کۆتایدا محەمەد نەسڕەدین چاودێری سیاسی و سیاسەتمەداری دیاری شاری کەرکوک، سەبارەت بە هاوکاری کردنی پەدەکە لە مانەوەی پارێزگارێکی شۆڤێنی عەرەب وەکو پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک لە دەسەڵاتدا، ئاشکرای کرد: "ئەگەر پەدەکە ڕازیبووایە پارێزگاری سەپێندراوی ئیستای کەرکوک لادەدرا، کەواتە هەر چۆن لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ سوپای داگیرکەری هێنایە سەر خاکی هەرێمی کوردستان هەروەها داگیرکەری تورکیای هێنایە سەر خاکی کوردستان، ئەمرۆ لە کەرکوک هاوکاری ئەو دەسەڵاتەیە کە خۆی پێی دەڵێت خۆسەپێن، پەدەکە چۆن لە ڕابردوودا هاوکاری دوژمنانی کوردی کردووە ئەمرۆش هاوکاری ئەو دەسەڵاتەیە کە سەپێندراوە بەسەر کەرکوک-دا".