هەپەگە: دەوڵەتی تورک لە گارە دەستی بە هێرشی داگیرکردنی باشوور کرد

هەپەگە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە ناوچەی گارە بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانی دەستی بە هێرشی داگیرکەری بۆ سەر باشوور کرد و شەڕ بەردەوامە. راشیگەیاند، "کۆپتەرە کۆبرا و سکۆرسکییەکانی نەک لە باکووری کوردستانەوە، بەڵکو لە باشووری کوردستانەوە هاتوون بۆ ناوچەکە".

هەپەگە لەبارەی هێرشی داگیرکەریی شەوی رابردوو بۆ سەر ناوچەى گارە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە:

لە ئاسمانەوە بۆردومانێکی چڕ و قورسی گارەیان کرد

"سوپای تورکی داگیرکەر لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ ی بەرەبەیانی ١٠ی شوبات لە ناوچەى گارە دەستی بە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان کرد. لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ تاوەکو کاتژمێر ٠٦:٠٠ ئەم بەیانییە، سنووری گوندەکانی گوندی گوزێ، مەیرۆکێ، سیانێ، چەمشەریتکێ، یەک مالێ و کانی سارکێی سەر بە ناوچەی گارە و دەشتی کافییە و دەشتی نەهلی لەلایەن فڕۆکەی چاودێری و شەڕەوە دەیانجار بۆردومانکران.

دەورووبەری گوندی چەمرۆبۆتکێ لە کاتژمێر ٠٤:٣٠ دا دوو جار و لە ئەم بەیانییەش جارێکیتر لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومانکرا.

کۆپتەرە کۆبراکان لە هەمان کاتدا دەورووبەری گوندەکانی یەک ماڵ و سیانێیان بۆردومانکرد.

سەربازیان لە گوندی سیانێ دابەزاند و شەڕ روویدا

هاوکات لەگەڵ بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان و کۆپتەرەکانی کۆبرادا، داگیرکەران خۆیان لە گوندی سیانێ دابەزاند. لەوێ لە نێوان هێزەکانمان و داگیرکەراندا شەڕ روویدا و شەڕەکە تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە. هێزەکانمان لە کۆپتەرە کۆبرا و سکورسکییەکانی داگیرکەرانیان دا، کۆپتەرەکان لە دوای لێدانی گەریلا لە ئاسمانی ناوچەکە دوورکەوتنەوە.

ئەو داگیرکەرانەی بەشداری ئەو ئۆپراسیۆنە بۆ داگیرکردنی گارە بوون، نە لە باکوری کوردستانەوە، بەڵکو لە باشوروی کوردستانەوە بە کۆپتەری کۆبرا و سکورسکی هێنراون بۆ ناوچەکە".

هێرشی ئاسمانی

هەپەگە لەباری هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی تر رایگەیاند، "لە ٣٠ی کانوونی دووەم دا لە کاتژمێر ١٢:٢٠ دا ئارس فارس لە ناوچەی ئاڤاشین لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومانکران.

لە ٣٠ی کانوونی دووەمدا و لە کاتژمێر ١٢:٠٠ دا ناوچەى جیلۆی بچووک و کارکەر لە زاپ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردومانکران.

لە ٢ی شوبات دا لە کاتژمێر ١٠:٣٠ بۆ ١٢:٣٠ دەورووبەری گوندی شینێ لە چیای مامەنت لە ناوچەى ئاڤاشین بە فڕۆکەى جەنگی بۆردومانکرا. بە هۆی ئەو بۆردومانەوە زیان بە باخ و باخچەى هاووڵاتییانی گوندی ناوچەکە گەیشت".

هێزی بەرگریی ئاسمانیی شەهید دەلال لە شاخی مێرگانیش چالاکیی ئەنجامدا

هەپەگە لەبارەی چالاکیی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە رایگەیاند:

"هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی شەهید دەلال لە چوارچێوەی هەڵمەتی 'کات کاتی ئازادییە' لە ٩ی شوبات و لە کاتژمێر ٠٧:٣٠ دا لە دژی داگیرکەران لە سەر شاخی مێرگانیش لە ناوچەى چەلێی جۆلەمێرگ بە ئامێری ئاسمانی چالاکیی بۆردومانیان ئەنجامدا. چالاکییەکەکە سەرکەوتوانە ئەنجامدرا و لە ئامانجە دیاریکراوەکەى دا".

ژ.ت