ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە دەربارەی تەقینەوەی مینێکی چێنراو لە سیدەکان ڕاگەیەنراویکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەستنیشانیکرد کە ئەوان هیچ پێوەندییەکیان بەم ڕووداوە نییە.
لە ڕاگەیەنراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، " ڕۆژی ١٢ی ئادار لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە هەرێمی سیدەکان پیشمەرگەیەکی پەدەکە گیانی لەدەستدا و یەکێکی تریش بریندار بووە. لەم بارەیەوە لە چەند دەزگەیەکی ڕاگەیاندنی پەدەکەوە هێزەکانی ئێمەیان وەک بەرپرسیار نیشانداوە.
ئەم ڕووداوە دڵ تەزینە لە تەنگاوی سیدەکان-ی هەرێمی خواکورک ڕوویداوە. ئەو شوێنە لە سەردەمی رژیمی بەعسەوە مین ڕێژ کراوە و تائیستا پاک نەکراوەتەوە. ساڵەکانی ٢٠١٩- ٢٠٢٠ لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمی خواکورک هەندێک ناوچەی مین ڕێژکراوە. هەم گەلی هەرێمەکە و هەمیش بەرپرسانی پەدەکە ئاگادار کراونەتەوە کە ئەو شوێنانە ناوچەی سەربازین و مین ڕێژە و ئاگاداری پیویست کراوە. لە ڕۆژی ١٢ی ئاداردا سەرەرای ئەوەی کە هێزەکانی پەدەکە ئەو شوێنانەیان دەناسی و چوونەتە ناوچە مین ڕێژکراوەکان و ئەو ڕووداوە دڵتەزینە ڕوویداوە.
ئێمە وەک هێزەکانی پاراستنی گەل ڕادەگەێنین کە هیچ پێوەندیەکی هێزەکانی ئێمە بەم ڕووداوە نییە و هێزەکانی ئێمە لەم تەقینەوەیە بەرپرسیار نیین."
ک-ش