ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ڕۆژی ٣١ی ئابی ٢٠٢٣، کاتێک هاوڕێیانمان شۆڕش و دەیندار لە ناوچەی قەلقەلی سەر بە وان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکێکدا بوون، لە نێوان هاوڕێیانمان و سوپای تورکی داگیرکەر شەڕ ھاتە ئاراوە. لە بەرەبەیاندا دوژمن هەوڵیدا ئەو شوێنەی کە ھاوڕێیانمانی لێبوو گەمارۆ بدات. ھاوڕێیانمان بەرپەرچی دوژمنیان دایەوە و شەڕێکی قورس ڕوویدا. سەدان داگیرکەر لە زەمینەوە نەیانتوانی ڕووبەڕوو و دەستەویەخە شەڕ بکەن و هێرش بکەنە سەر هاورێیانمان. داگیرکەران چەند کاتژمێرێک بە فڕۆکەی شەڕ و هەلیکۆپتەری هێرشبەر ئەو شوێنەیان بۆردومان کرد، کە دوو ھاوڕێکەمانی لێبوو و لە ئەنجامدا هاوڕێیانمان شۆڕش و دەیندار شەهید بوون.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "ئەو ڕۆڵە ئازا، گیانباز و بەنرخانەی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، ھەموو ژیان و گیانی خۆیان لە پێناو دۆزی ئازادی گەلەکەماندا بەخت کردبوو. لە نێو تێکۆشانی ئازادیدا بێ دوودڵی ڕێپێوانیان کرد. بەرخۆدانی گەریلایان لە باکوری کوردستان گەشتر کرد و بەشدارییەکی گرنگیان کرد. لە هەموو شەڕ و هەلومەرجێکی دژواردا خۆڕاگری و شەڕیان کرد. لە ئەرکێکەوە بۆ ئەرکێکی تر، لە سەنگەرێکەوە بۆ سەنگەرێکی تر، بە خۆشەویستی، بە جۆش و خرۆشەوە خەباتیان بەڕێوەبرد. هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییەکیان سەرکەوتوووانە جێبەجێ کرد. بوونە جەنگاوەری گیانبازی ئاپۆیی کە ڕۆڵی پێشەنگی پارتەکەمان پەکەکە و ڕۆڵی سەردەمیان گێڕا. کاتێک بۆ دواجار ڕووبەڕووی دوژمن بوونەوە، ئازایانە خۆڕاگری و شەڕیان کرد. لە بەرامبەر دوژمن سەریان دانەنواند و بە زمانێک کە داگیرکەران لێی تێبگەن، وەڵامیان دانەوە. بێ دوودڵی بەرەو شەهیدبوون ڕۆیشتن.
ھەپەگە ھەروەھا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی ھاوڕێیانیان شۆڕش و دەیندار و گەلی وڵاتپارێزی کوردستان کردووە و جەختیکردووەتەوە، "یادەوەری و گیانبازی ھاوڕێیانمان هەرگیز لەبیر ناکرێت".
زانیارە لەبارەی ناسنامەی ئەو دوو گەریلا شەھیدە بەمجۆرەیە:
ناسناو: شۆڕش بەرخۆدان
ناو و پاشناو: نەبی ئەحمەد
شوێنی لەدایکبوون: عەفرین
ناوی دایک - باوک: سوڵتان - محەمەد
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٣١ی ئابی ٢٠٢٣ / وان
*
ناسناو: دەیندار خالید
ناو و پاشناو: ئیسماعیل شوجاع
شوێنی لەدایکبوون: کۆتول
ناوی دایک - باوک: باجی - نادر
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٣١ی ئابی ٢٠٢٣ / وان