لە ساڵی ٢٠٢٠دا چالاکیە بەهێزەکانی گەریلا بەردەوام بوون

سەرباری ئەوەى دەوڵەتى تورک هەموو جۆرە تەکنیک و تەکنەلۆژیایەکی سەربازی بەکار دەهێنێت، بەڵام چالاکییەکانی گەریلا بە درێژایی ئەمساڵ تاوەکو دەهات زیاتر دەبوون.

ساڵی ٢٠١٩دا بۆ بزووتنەوەى ئازادیی کورد یەکێک لە ساڵە گرنگە پڕ لە بەرخودانەکان بوو. بە تایبەت بۆ گەریلا بووە ساڵێک، کە هەڵمەتی گەورە و گرنگیان بەڕێوەبرد. بە پێچەوانەى بانگەشەکانی دەوڵەتی تورک هێزەکانی گەریلا هەڵمەتێک بە ناوی "سەر لەنوێ خۆ بونیاتنانەوە"یان لە ئاستێکی گرنگ دا جێبەجێ کرد و لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە ئامادەکاریی تەواوە و لە هەمو ئاستەکاندا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

دەوڵەتی تورک ساڵی ٢٠٢٠ هەموو تواناکانی خۆی خستەگەڕ و بەکاری هێنان، دەستی بە هەوڵێک کرد، کە هەموو چالاکییەکانی گەریلا بشارێتەوە یان بە ئاماری پێچەوانەوە بە رای گشتییان نیشان بدات. چونکە دەوڵەتى تورک بەپێی ئەو بانگەشانەى دەیکرد، گوایە گەریلا پاکتاو دەکات، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەو بانگەشانەدا چالاکییەکانی گەریلا ئەوانی تووشی شۆک کرد و بە شێوازی گەریلای سەردەم و تاکتیکەکانیان تووشی سەرسوڕمانیان کردن. بۆیە دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا دەستی بە شەڕی تایبەت و پڕوپاگەندە و چەواشەکاری کرد.

کاتێک سەیری ساڵی ٢٠٢٠ دەکەین، دەبێت ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورک و هێزەکانی گەریلا چۆن بێت؟

گەریلا لێهاتووییەکی چۆنی لە خۆی نیشاندا؟

دەوڵەتی تورک چی کردە ئامانج و تا چەند سەرکەوت؟

ئێمە لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەوانە لە ساڵێ ٢٠٢٠دا بەپێی ئەنجامەکانی شەڕ دەخەینەڕوو. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، کە لەلایەن ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ەوە بڵاوکرایەوە، ئامارەکانی شەڕی ساڵی ٢٠٢٠ دەخەینە بەرچاوی هەموان.

کانوونی دووەم

لە مانگی کانوونی دووەم دا گەریلا بەبێ ئەوەى چاوەڕێی مانگەکانی بەهار بکات خێراییان بە چالاکییەکان بەخشی. بە هۆی بەهێزبوونی چالاکییەکانی گەریلا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە دەوڵەتی تورکیش ناچار بووە ئۆپراسیۆن و شەڕی ئاسمانیی خۆی زیاتر بکات.  بە تایبەتی لە ناوچەکانی حەفتانین، سەرحەد و خواکورک ئەوە دەبینرێت، کە گەریلا چالاکیی زۆر بەهێزی  ئەنجامداوە. لە چالاکییەکاندا لە دژی سوپای تورک لە شاخی پارتیزانی ناوچەى حەفتانین، دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەکی زۆر کەرەستەى سەربازیدا.

چالاکییەکانی گەریلا: ١٠

ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک: ٤٢

ئۆپراسیۆن و هێرشە زەمینییەکانی سوپای تورک: ٥

شوبات

لە مانگی شوبات دا گەریلا لە ناوچەکانی حەفتانین، سەرحەد و خواکورک لە دژی سوپای تورک چەندین چالاکییان ئەنجامدا. لە رۆژانی ٢١ و٢٣ و ٢٦ی شوبات دا گەریلا لە ناوچەى خواکورک چەندین چالاکیی کاریگەریی ئەنجامدا و ژمارەیەکی زۆر سەربازی تورک سزا دران. هاوکات گەریلا چالاکییان لە سەرحەد، حەفتانین و زاگرۆس درێژە پێدەدا.

چالاکییەکانی گەریلا: ٦

ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک: ٦١

ئادار

هەروەها لە مانگی ئاداردا هێزەکانی گەریلا لە ناوچەکانی سەرحەد، حەفتانین و خواکورک چالاکیی کاریگەرییان ئەنجامدا. بە تایبەت لە ٢ی ئادار لە دژی ٣ پاسی سەربازانی تورک لە سەر رێگای سنووری گیوربولاک لە ناوچەى بازیدی پارێزگای ئاگری و هەروەها لە ٣١ی ئاداردا گەریلا سەما کۆچەر لە سنووری ئێران – تورکیا چالاکییەکی ئەنجامدا، کە بۆری غازیی سروشتیی ئێران بۆ تورکیا تەقاندەوە و دوای ئەوەش بە ئەنجامدانی چالاکییەکی فیدایی، ژمارەیەکی زۆر سەربازی سزا دا. ئەو چالاکییە دوژمنی شۆک کرد. ئێمە دەبینین، کە لە مانگی ئادار دا چالاکییەکانی گەریلا لە ناوچەکانی سەرحەد بەردەوامییان هەبوو. لە مانگی ئاداردا هیزەکانی گەریلا لە ناچەکانی حەفتانین و خواکورک دا گورزی بەهێزیان لە سوپای تورک دا.

چالاکییەکانی گەریلا: ١٨

ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک: ٧٨

ئۆپراسیۆن و هێرشە زەمینییەکانی سوپای تورک: ٣

نیسان

بە هاتنی مانگی نیسان و وەرزی بەهار ژمارە و رێژە وقەبارەی چالاکییەکانی گەریلا چ بە لە باکووری کوردستان و چ لە باشووری کوردستان زیادیان کرد. گەریلا سەرەتا لە حەفتانین، سەرحەد، بۆتان و دێرسیم تاوەکو ئامەد، ئاڤاشین و مێردین چالاکیی کاریگەریی ئەنجامدا. رۆژی ٢٥ی نیسان هێزەکانی گەریلا لە شاخی شەهید شێخموس لە ناوچەى شەهید کەنداڵ لە حەفتانین چالاکییەکی کاریگەرییان ئەنجامدا. ئەو چالاکییە کە بە شێوازی بروسک ئەنجام درا و چوونە ناو ژمارەیەکی زۆر لە سەنگەرەکانی سوپای تورک و تێکیانشکاندن و دەستیشیان گرت بە سەر ٢ چەکی جۆری MPT-55 ، ٢ کامێرای لەیزەر و چەندین ئامێر و کەرەستەى تری سەربازیدا. لەلایەکی ترەوە لە رۆژی ٢٣ی نیسان هێزەکانی گەریلا لە دژی سوپای تورک، کە خۆیان لە شاخی شەهید دەرمان لە ناوچەى گەڤەر جێگیر دەکرد، چالاکیی دەستبەسەرداگرتنیان ئەنجامدا و لەو چالاکییەکەدا چەندین سەنگەری دوژمن تێکشکێنرا و دەستیشیان گرت بەسەر ١ چەکی جۆری BKC و چەکێکی قەناس و چەکێکی MPT-74 و چەندین بەڵگەنامەى سەربازیدا.

چالاکییەکانی گەریلا: ٢٥

ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک: ٦١

ئۆپراسیۆن و هێرشە زەمینییەکانی سوپای تورک: ٩

ئایار

بە بەرزبوونەوەى ژمارەی چالاکییەکانی گەریلا لە مانگی ئایاردا، ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیش زیادیان کرد. لە ئەنجامدا مەگەر تەنها ئێمە بڵێن، ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورک نەیانتوانی چالاکییەکانی گەریلا سنووردار بکەن، بە پێچەوانەوە گەریلا چالاکییەکان گەیاندە ئاستێکی زۆر بەرزتر. بە تایبەتی ئەو چالاکییانەى لە شاخی هاکان لە سنووری زاپ و ناوچەى شێخ جومعەی سەر بە ناوچەی گارزان ئەنجامدران زۆر کاریگەربوون، کە بە شێوازی هێڵی گەریلایی هاوچەرخ ئەنجامدران. هێزەکانی گەریلا سەنگەرەکانی سوپای تورک-یان لە شاخی هاکان لە زاپ کردە ئامانج و چالاکییەکی خێرای دەستبەسەرداگرتنیان ئەنجامدا و هەموو سەنگەرەکانیان تێکشکاند و دەستیشانگرت بەسەر چەکێکی جۆری MPT-76 دا.

گەریلاکان لە ناوچەى شێخ جومعە لە هەرێمی گارزان لە دژی سوپای تورک، کە لە ئۆپراسیۆن دا بوون، بە هەمان شێوازی چالاکیی دەستبەسەردا گرتنی خێرا چالاکییان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا یەکەکی سوپای تورک بە تەواوەتی لەناو برا و دەستیش گیرا بەسەر چەکێکی قەناسی جۆری رەشاش، چەکێکی جۆری BKC ، چەکێکی M16 و دوو کامێرای شەو و رۆژ و چەندین کەلوپەل و کەرەستەى تری سەربازی و کەسیی سەربازەکان و بەڵگەى سەربازیدا.

لەلایەکی تریشەوە لە درێژەی ئەو چالاکییانەدا لە مانگی ئایار دا لە زنجیرە شاخەکانی زاگرۆس لە گەڤەر، چەلێ، شەمزینان، دێرسیم، ئامانۆس، ئامەد، سەرحەد، حەفتانین، خواکورک و هەموو ناوچەکنی بۆتان چالاکییەکانی گەریلا زیادیان کرد و بەردەوامییان پێدرا.

چالاکییەکانی گەریلا: ٣٩

ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک: ١٠٦

ئۆپراسیۆن و هێرشە زەمینییەکانی سوپای تورک: ٢٢

حوزەیران

لە مانگی حوزەیران دا و هاوکات لەگەڵ زیادبوونی چالاکییەکانی گەریلادا ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیش خێراتر و زیاتر بوون. بە تایبەتی لە ١٦ی حوزەیران دا سوپای تورک ئۆپراسیۆنێکی بە ناوی "پەنجەى ٣" بۆ سەر حەفتانین بە توندوترین شێواز و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەک و توانایەکی سەربازییان دەستیپێکرد. سوپای تورک لە هەموو رۆژێک و لە هەموو کاتژمێرەکانی رۆژیشدا لە حەفتانین هەموو جۆرە کەرەستە و توانای سەربازی و ئاسمانی و زەمینیی خۆی بەکار دەهێنا، بەڵام سەرباری ئەوەش نەیتوانی خۆی لە بەرامبەر گورزە قورس و گەورەکانی گەریلا رزگار بکات. رۆژی ٢٥ی حوزەیران لە ناوچەى شەشدارا بەرخودان بە پێشەنگایەتی گەریلا ئەسمەر دەڤریم گەیشتە لوتکە و هەموو خەون و خەیاڵی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بووە بڵقی سەر ئاو و چالاکییەکانی گەریلا وەرچەرخان بۆ بەرخودانی ئەفسانەیی.

هاوکات لەگەڵ ئەوەى بەرخودانی حەفتانین بە هەموو هێز و خێرایی خۆییەوە بەردەوام بوو، لە هەموو ناوچەکانی بۆتان دا گەریلا چالاکیی کاریگەری ئەنجام دەدا. رۆژی ٨ی حوزەیران لە ناوچەى کاتۆ خەلیل و رۆژی ١٥ی حوزەیران لە ناوچەى جودی زرێپۆشەکانی سوپای تورک بە تاکتیکی سابوتاژ کرانە ئامانج و تێکشکێنران. هەروەها ژمارەیەکی زۆر سەرباز و کۆنترا لەو چالاکییە کاریگەرانەدا سزا دران.   

لە کۆتایی مانگی حوزەیران دا تاوەکو دەچوو شەڕ قورستر دەبوو. هاوکات لەگەڵ حەفتانین و بۆتان چالاکییەکانی گەریلا بە تاکتیکی دەستبەسەرداگرتنی خێرا، سابوتاژ و نیشانەشکێنی لە ناوچەکانی گەڤەر، خواکورک، دێرسیم، سەرحەد، زاپ و ئاڤاشین بەردەوامییان هەبوو.

چالاکییەکانی گەریلا: ١٠٧

ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک: ٣٢٤

ئۆپراسیۆن و هێرشە زەمینییەکانی سوپای تورک: ١٧

تەممووز

لە سەرتاسەری مانگی تەممووز دا لە حەفتانین، زاپ، زاگرۆس، بۆتان و دێڕسیم چالاکییەکانی گەریلا بەردەوامییان هەبوو. لە ١٢ی تەممووزدا زنجیرە چالاکییەک لە حەفتانین ئەنجامدران، کە بەهۆی گەورەیی و کاریگەرییانەوە زۆر بوونە جێگای سەرنج. سوپای تورک، کە خۆی لە گردەکاندا جێگیر کردبوو، سەرباری بەکارهێنانی هەموو توانا تەکنەلۆژی و سەربازییەکانی نەیتوانی خۆی لە دەست چالاکییەکانی گەریلا رزگار بکات. بەرخودانی حەفتانین بەردەوامیی هەبوو، کە لە ١٧ی تەممووزدا گەریلاکان لە دێرسیم چالاکیی کاریگەرییان لە دژی سوپای تورک لە مەودایەکی نزیکەوە ئەنجامدا. رۆژی ٥ی تەممووز لە گەڤەر چالاکییەک بە شێوازی دەستبەسەرداگرتنی خێرا ئەنجامدرا. هەروەها لە سەرتاسەری سنووری چەلێ چەندین چالاکی ئەنجامدران و چەلێ بووە گۆڕەپانی چالاکی. رۆژی ١٨ی تەممووز ئۆتۆمبێلێک، کە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازییان تیادا بوو بە تاکتیکی سابوتاژ کرایە ئامانج و تێکشکێنرا. رۆژی ١٤ی تەممووز لە بۆتان گورزێکی تری گەورە لە سوپای تورک درا. دوای ماوەیەک لەوەى کە یەکە تایبەتەکانی سوپای تورک لە ناوچەکەدا دەستیان بە سوڕانەوە کردبوو، لەلایەن گەریلاکانەوە چاودێری کران و گەریلا لە مەودایەکی نزیکەوە گورزی کاریگەری لێدان و لەناوی بردن. ئۆپراسیۆن لە ئامانۆس، کە بۆ ماوەی ٢ مانگ بەردەوامیی هەبوو چەندین پێکدادان لە نێوان هێزەکانی گەریلا و سوپای تورک دا روویدا و لە هەمان کاتدا لە دژی هێزەکانی هێزەکانی ئۆپراسیۆن چەندین چالاکی ئەنجامدران.

چالاکییەکانی گەریلا: ٩١

ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک: ١٣٨

ئۆپراسیۆن و هێرشە زەمینییەکانی سوپای تورک: ١٧

ئاب

لە مانگی ئاب دا ئەوە دەبینین، کە چالاکییەکانی گەریلا لە ئاستێکی دیار و بەرزدا بەردەوامییان هەیە. لە بەرامبەریشدا ئۆپراسیۆنە ئاسمانی و وشکانییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە. رۆژی ٤ی ئاب لە گارزان چالاکییەکی کاریگەر بە تاکتیکی سابوتاژ ئەنجامدرا. لە ٨ی ئاب دا لە سوپای تورک خۆی بەردایە گەلیی پیربولا لە حەفتانین و لەلایەن هێزەکانی گەریلاوە گەمارۆدرا و لە مەودایەکی نزیکەوە، یانی لە مەودای هەڵدانی بۆمبی دەستییەوە، لە چەند قۆڵەوە کرانە ئامانج و لێیاندرا. سوپای تورک، کە گورزی گەورەی لێدرابوو، دوای ماوەیەک ناچار بوو پاشەکشە بکات. لە دێرسیمیش چالاکییەکی کاریگەر و ئەنجامگیر ئەنجامدرا. هەروەها لە بۆتان و لە بەردەوامیی چالاکییە سابوتاژە کاریگەرەکاندا چالاکی لە دژی هێزەکانی ئۆپراسیۆنی سوپای تورک ئەنجامدەدرا. لە سەرتاسەری سنووری زاگرۆس چالاکییەکانی گەریلا بەردەوامییان هەبوو. لەو کاتەدا چالاکیی سەرنجڕاکێش ئەوە بوو، کە لە ناوچەى چارچەلای سەر بە گەڤەر لە کۆپتەرێکی جۆری سکۆرسکی درا. کۆپتەرەکە بەهۆی ئەوەى زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو نەیتوانی زۆر دوور بکەوێتەوە و هەر ئەوەندەی چووە ئەو دیو گردێکی ترەوە کەوتە خوارەوە و دەنگی تەقیەوەکەی بیسترا. بەپێی زانیارییەکان، کە لەسەرچاوە خۆجێیەکانەوە دەستمان کەوتوون، کۆپتەرەکە لە گەلیی مهەنەد کەوتووەتە خوارەوە و پاشماوەکانی بە خێرایی لەلایەن سەربازانی دوژمنەوە کۆکراوەتەوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. بەو شێوەیە سوپای تورک، کە ئامادەکاریی ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی دەکرد، گورزی گەورەی لێدرا و ناچار بە پاشەکشە کرا.   

بە درێژایی مانگی ئاب لە ناوچەکانی سەرحەد، خواکورک، بۆتان و ناوچەکانی تردا هێزەکانی گەریلا چالاکییەکانی لە ئاستێکی دیار و کاریگەردا درێژە پێدەدا و بە کورتی ئاماری شەڕ لەمانگی ئاب دا بەمشێوەیەیە:

چالاکییەکانی گەریلا: ٤٢

ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک: ١٢٥

ئۆپراسیۆن و هێرشە زەمینییەکانی سوپای تورک: ١٠

ئەیلول

سوپای تورک لە مانگی ئەیلول دا خێرایی بە ئۆپراسیۆنەکانی دا، بەڵام بەهۆی چالاکییەکانی گەریلا لە دژی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورک زۆربەى ئۆپراسیۆنەکانیان بەبێ ئەنجام بوون. بە تایبەتی لە رۆژی ١١ی ئەیلول دا دەستەیەک لە هێزەکانی گەریلا لە دژی ئۆپراسیۆنی سوپای تورک لە ناوچەى ماسیرۆی سەر بە ناوچەى چاتاک لە وان چالاکییەکیان بە فەرماندەیی عەگید جڤیان فەرماندەی ناوچەى بۆتان ئەنجامدا و لەو چالاکییەکەدا دەستەى بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپراسیۆنەکە کرایە ئامانج و بەو هۆیەوە ٥ بەرپرسی باڵای سەربازیی سوپای تورک و چەندین بەرپرسی تری سوپای تورک کوژران. لە ١٣ی ئەیلول دا سوپای تورک ناچار بوو بکشێتەوە و چەندین ئۆپراسۆنی وەک "یڵدرم"، "کاپان" و ... هتد، بە شێوەیەکی گەورە و بەرفراوان لە ناوچەکانی بۆتان و بە گشتی لە باکووری کوردستان ئەنجامدا، بەڵام بە سەر شۆڕی و ئابڕووچوونەوە تێکشکان و کۆتاییان پێهات. لە مانگی ئەیلولدا چالاکییە کاریگەرەکانی رۆژی ٩ی ئەیلول لە حەفتانین، رۆژانی ٣ و ١٣ی ئەیلول لە گەڤەر، رۆژی ١٧ی ئەیلول لە چەلێ و ٢٨ی ئەیلول لە خواکورک ئەنجامدران، بە درێژایی مانگی ئەیلول لە گۆڕەپانەکانی تردا چالاکییەکانی بەگەریلا بەردەوامییان هەبوو.

چالاکییەکانی گەریلا: ٢١

ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک: ٩٥

ئۆپراسیۆن و هێرشە زەمینییەکانی سوپای تورک: ٢١

تشرینی یەکەم

لە مانگی تشرینی یەکەم دا سوپای تورک بۆ ئەوەى رێگری لە ئامادەکارییەکانی گەریلا بۆ وەرزی زستان بکات، دەستیکرد بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە بەرفراوانەکانی. هێزەکانی گەریلاش بە چالاکییەکانیان گورزی گەورەیان لەو ئۆپراسیۆنانە دا. رۆژی ٢ی تشرینی یەکەم ئۆپراسیۆن لە چیای ئاگری دەستیپێکرد و لە ٤ی تشرینی یەکەمدا بەرفراوانیان کرد و لەگەڵ هێزەکانی گەریلادا دەستیان بە شەڕ کرد. رۆژی ٩ی تشرینی یەکەم شەڕ قورس بوو و دوای ئەوە هێزەکانی گەریلا گورزێکی گەورەیان لە سوپای تورک دا و چەندین بەرپرسی سەربازی و سەربازی تورک لەو ئۆپراسیۆنەدا سزدران، تەرمی سەربازی سزادراوەکانی سوپای تورک بۆ ١٢ کاتژمێر لە گۆڕەپانەکاندا کەوتبوون و لە ژێر کۆنترۆڵی گەریلادا بوون و گەریلا دەستیان بەسەر هەموو چەک و کەرەستە و بەڵگەنامەکانیاندا. سوپای تورک لە ماوەی نزیکەى مانگێکدا ٣ جار هێزی ئۆپراسیۆنی خۆی گۆڕی تاوەکو گەیشتنە رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەم درێژەیان بە ئۆپراسۆنەکەیان دا، بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ کوژرا و بریندار و زیانیان زیاتر دەبوو و لە ئەنجامدا بە تێکشکاندنێکی گەورەوە ناچار بوون هێزەکانیان بکشێننەوە. هێزەکانی گەریلاش بەبێ ئەوەى شەهیدێک یان بریندارێکیان هەبێت، لەو ئۆپراسیۆنە گەورە و قورس و بەرفراوانەدا، کە مانگێک بەردەوامیی هەبوو، دەستکەوتی گەورەیان بە دەستهێنا و پلانەکانی سوپای تورک-یان لەو ناوچەیە پووچ کردەوە.

لەلایەکی ترەوە لە حەفتانین هێزی ئاسمانیی شەهید دەلال ئامەد لە هەپەگە چالاکیی نیشانەشکێنی و تاکتیکی سابوتاژیان لە ئاسمانەوە لە دژی سوپای تورک ئەنجامدا و ئەو چالاکییەکانە بە هەموو خێرایی خۆیانەوە بەردەوامییان هەبوو. ئەوە دەبینرێت، کە هێزەکانی گەریلا لە ناو رێوشوێنی جدیدا لە سەرتاسەری مانگی تشرینی یەکەم دا لە سنووری بۆتان تاوەکو زاگرۆس گورزی گەورەیان لە ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورک داوە و دریژەیان بە چالاکییەکانیان داوە.

چالاکییەکانی گەریلا: ١٨

ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک: ١٥٥

ئۆپراسیۆن و هێرشە زەمینییەکانی سوپای تورک: ١٢

تشرینی دووەم

لە مانگی تشرینی دووەمیشدا سوپای تورک لە حەفتانین وانەى پێدرا و ئەمجارە بە بێدەنگی ئۆپراسیۆنێکی زۆر بەرفراوانیان بۆ داگیرکردنی ناوچەى زاپ دەستپێکرد، لە ١٤ی تشرینی دووەمدا ئۆپراسیۆنێکی لە ناوچەى کینیانس، گوندی نێروە و قەلا بێدەو لە سەر سنووری چەلێ لە خاکی باشووری کوردستان دەستپێکرد. هەرچەند سوپای تورک لەو ئۆپراسیۆنەدا بە ئەندازەی نوکە دەرزییەکی دەستنەکەوت، بەڵام ئەوە روون بوویەوە، کە ئەو سوپایە هەناسەى لە بەر بڕاوە. ئیدی سوپای تورک ناتوانێت لێرەدا ئەوە روون بکاتەوە، کە ئۆپراسیۆنەکەی لۆکاڵ، یان بەرفراوانە، بەڵام ئەوە روونە، کە لە لێرەدا دەیەوێت لە دۆخەکە تێبگات و بۆ تاقیکردنەوە ئەو ئۆپراسیۆنەى ئەنجامدا. دوای ٥ رۆژ  لە شەڕ و چالاکیی گەریلاکان، رۆژی ٢٩ی تشرینی دوەم سوپای تورک دیسان بە هەمان بێدەنگی کە دەستی بە ئۆپراسیۆنەکەى کردبوو، بە بێدەنگی کشایەوە. لە سەرتاسەری سنووری حەفتانین، خواکورک و زاگرۆس چالاکییەکانی گەریلا بەردەوامییان هەیە.

چالاکییەکانی گەریلا: ١٦

ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک: ٧٢

ئۆپراسیۆن و هێرشە زەمینییەکانی سوپای تورک: ٤

ئاماری ١١ مانگی شەڕ و کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی

لە هەمان کاتدا لە شەڕی ٢٠٢٠دا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە لە مانگەکانی بەهارەوە چالاکییەکانی گەریلا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە تاوەکو مانگەکانی هاوین بە بەهێزی و بەرزی درێژەیان هەبووە. کاتێک سەیری ئۆپراسیۆنە وشکانییەکانی سوپای تورک دەکەین، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، لە مانگەکانی پاییزدا زیاتر بوون. بەڵام کاتێک سەیری ئۆپراسیۆنە ئاسمانییەکان، تۆپباران و هاوەنبارانکردن دەکەین ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە، کە ئۆپراسیۆنەکان بەبێ وەستان و بە چڕی بەردەوامییان هەبووە. سەرباری ئەوەى دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەو هەموو تەکنیک و تەکنەلۆژیای و توانایەى بەکارهێناوە، بەڵام هێزەکانی گەریلا جێگاکانی خۆیان پاراستووە و پلانەکانی دەوڵەتی تورک-یان پووچ کردووەتەوە و تێکیان شکاندوون.

ئاماری ١١ مانگی شەڕی ٢٠٢٠ بەمشێوەیەیە:

چالاکییەکانی گەریلا: ٣٩٣

ئۆپراسیۆن و هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورک: ١٢٥٧

ئۆپراسیۆن و هێرشە زەمینییەکانی سوپای تورک: ١٢٠

ژمارەی سەرباز و کۆنترا کوژراوەکان: ٩٦٤

ژمارەی ئەو گەریلا شەهیدانەی ناسنامەکانیان بڵاوکراوەتەوە: ٢٢٧

 هاوکات لەگەڵ بۆردومانکردنی ناوچەکانی گەریلا، سوپای تورکی داگیرکەر بە ئەنقەست ناوچەکان و شوێنی ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنیی باشووری کوردستان دەکردە ئامانج و هاووڵاتییانی شەهید دەکرد. کاتێک سەیری ساڵی ٢٠٢٠ دەکەین، ئەوە زۆر بە روونی دەبینین، کە سوپای تورک زۆر بێباکانە و چاوقایمانە هێرشی کردووەتە سەر گەلی کورد و کوشتاری ئەنجامداوە.  ڤیدیۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە ٢٥ی حوزەیران لە ناوچەی گەشتیاریی کونەماسیی سلێمانی، کە هاووڵاتییانی مەدەنی و منداڵیان تیدا بوو، ئەوەمان بە روونی بۆ دەسەلمێنێت. بێگومان بە ئەنقەسەت منداڵ لە ناو ئاودا لە کاتی مەلەوانیدا لەگەڵ دایک و باوکیان دا لەو ناوچە گەشتیارییەدا کراونەتە ئامانج. بێگومان هەوڵەکانی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم بۆ رەواکردنی ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورک، بۆ کوردان بووە شەرمەزارییەکی زۆر گەورە. کاتێک ئێمە سەیری ساڵی ٢٠٢٠ دەکەین، ئەوە دەبینین، کە دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکى دڕندانە هاووڵاتیانی کردووەتە ئامانج و شەهیدی کردوون.

٢٤ هاووڵاتیی شەهید کراون، کە ٤ کەسیان منداڵ بوون

لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە ٢ فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق و بە گشتی ٢٤ هاووڵاتیی مەدەنی شەهید کراون. هەروەها ١٠ هاووڵاتیی مەدەنی بریندار بوون، کە ٤ کەسیان منداڵ و ٢ کەسیان ژن بوون.

لە باشووری کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تاوەکو ئێستا دەوڵەتی تورک ١٧٣ هاووڵاتیی کۆمەڵکوژ و شەهید کردووە. کاتێک ئێمە رۆژئاوا، شەنگال و مەخمور بەو ئامارە زیاد بکەین، ئەوە بە روونی دەردەکەوێت کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی گەلی کورد لە هەموو شوێنێکدا چالاکیی ئەنجامداوە. ئێمە دەبینین، کە دەوڵەتی تیرۆری تورک بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەستی بە خوێنی رۆڵە تێکۆشەرەکانی گەلی کورد و هاووڵاتییانی مەدەنیی گەلی کورد سوورە.

ژ.ت