هێرشی سەربازانی رژێمی ئێران لەبەرانبەر کۆڵبەران زیادی کردووە

پاسدارانی ئێران لە هەرێمی کرمانشانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێرشیان کردە سەر کۆڵبەران و دوو کۆڵبەریان بریندار کرد.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری کۆڵبەرنیوز، هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لەسەر سنوری نەوسودی سەر بە کرمانشان هێرشیان کردووەتە سەر کۆمەڵێک کۆڵبەر.

راگەیەنرا، لە هێرشەکەدا دوو برا بە ناوەکانی بەشیر ئەحمەدزادە و بەسیر ئەحمەدزادە بە سەختی بریندارکراون و بۆ نەخۆشخانەی پاوە گواستراونەتەوە.

بەپێی هەواڵێکی دیکەی کۆڵبەرنیوز کە لە ١٣ی مانگ بڵاویکردبووە، لە هەنگەجالی سەر بە بانە کۆڵبەرێک بە ناوی مەسعود خزرنەژاد لە هێرشێکی سەربازانی رژێمی ئێراندا بە سەختی بریندار بووە.

لە ١٢ی حوزەیراندا پاسداران لە نەوسود هێرشیان کردووەتە سەر کۆڵبەران و کۆڵبەرێکیان بەناوی بوێجانیان بریندار کردووە.

بەپێی هەواڵێکی دیکە لە ١٢ی حوزەیراندا لە نەوسود کۆڵبەرێک بەناوی حەمید وەیسی لە بەرزاییەک کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.

لە ١١ی حوزەیراندا لە هەنگەلاجە پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر کۆڵبەران و کۆڵبەرێک بە ناوی کەریم پوور بە سەختی بریندارکراوە.

لەم هەفتەیەی دواییدا هێرشی بەرانبەر کۆڵبەران زیادی کردووە. ئێران و تورک بە ئەنقەست و بە شێوەیەکی سیستماتیک هێرش دەکەنە سەر کۆڵبەران. جگە لە هێرشەکان، کۆڵبەران بەهۆی بارودۆخی خراپی کەشوهەوای ناوچەکە و سەختی رێگاکان زیانیان بەردەکەوێت، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان، بەناچاری بەردەوامی بە کاری کۆڵبەری دەدەن.

ف.ق