هونەرمەندانی کەرکوک بە چالاکیی پێکەوەژیان وەڵامی ئاژاوەگێڕیی تورکیا دەدەنەوە

بە دروشمی 'خەباتمان هونەرە و ئامانجمان پێکەوەژیانە' چالاکییەکی هونەری بەڕێوەچوو بۆ وەڵامدانەوە هەوڵە ئاژاوەگێڕیەکانی تورکیا بۆ تێکدانی پێکەوەژیان لە کەرکوک.

ئەرشەد ساڵحی پەرلەمانتاری بەرەی تورکمان لە پەرلەمانی عێراق کە بەرپرسی پێشووی بەرەی تورکمانی بوو و ناوبراو بەوە ناسراوە، کە سەر بە دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت)ە، بەردەوامیش هەوڵی داوە ئاژاوەگێڕی لەنیوان پێکهاتەکانی شارەکەدا دروست بکات، جێگای باسە ١٥ی ئەم مانگە لە گرتە ڤیدیۆییەکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی بڵاوی کردبووەوە، چەند تۆمەتێکی خستە پاڵ گەڕەکی پەنجا عەلی لە کەرکوک کە گەرەکێکی زۆرینە کوردنشینە، و تیدا ووتی، "ئەو گەڕەکە بووەتە ناوەندی مادەی هۆشەبەر و کوشتن و تیرۆر'".

ئەم قسانەی ئەو پیاوەی نزیک لە تورکیا و دەزگا هەواڵگرییەکەی، هەر زوو کاردنەوەی لێکەوەتەوە لە شەقامی کوردی، بە ئاڕاستەکردنی بوختان و تۆمەتی ناڕەوا و تێکدانی ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی شارەکە ناوبراو تۆمەتبار کرا.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، لە بازاڕی گەڕەکی پەنجا عەلی لە شاری کەرکوک، بە مەبەستی گەیاندنی پەیامی ئاشتی، تەبایی و پێکەوەژیان، بە دروشمی (خەباتمان هونەرە و ئامانجمان پێکەوەژیانە) چالاکییەکی هونەری ڕێکخرا، بۆ وەڵامدانەوەی هەوڵە ئاژاوەگێڕییەکانی تورکیا و بەکرێگیرەوەکانیان لە کەرکوک.

چالاکییەکە بە بەشداریی هەریەکە لە گروپی موسیقای مێزۆپۆتامیا، تیپی هونەری میللی کەرکوک و گروپی شانۆیی هاوار بەڕێوەچوو، بۆ پشتیوانی گەڕەکی پەنجا عەلی و جەختکردنەوەی لەسەر پێکەوەژیان لەشارەکە، چالاکییەکە بەرهەمی مۆسیقا، هەڵپەرکێ، شانۆ و شعری لە خۆ گرتبوو.

سەبارەت بە چالاکییە هونەرییەکە، هاوار فارس کچە شانۆکاری گروپی شانۆی هاوار، بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ووت: "ئەمڕۆ ئێمە وەکو گروپی شانۆیی هاوار، گروپی موسیقای مێزۆپۆتامیا و تیپی هونەری میللی کەرکوک هەستاین بە چالاکییەکی هونەری کە پێکهاتبوو لە (شانۆ، هەڵپەرکێ، مۆسیقا و گۆرانی)، ئێمە لەڕیگەی ئەم چالاکییانەوە وویستمان وەڵامی ئەو نەیارانە بدەینەوە کە لەماوەی ڕابردوو پەنجەی تۆمەتیان بۆ خەڵکی گەڕەکێکی کوردنشینی شاری کەرکوک درێژ کرد، ئێمەش لە ڕێگەی هونەرەوە وەڵامی ئەو نەیارانەمان داوەتەوە، چونکە لە ڕیگەی هونەرییەوە دەتوانین جوانترین پەیام بنێرین بەروشمی ( خەباتمان هونەرە و ئامانجمان پێکەوەژیانە) ".

هەروەها لەلای خۆیەوە، مامۆستا حەسیبە عەبدوڵا بەرپرسی بۆردی پێکهاتەکان لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ووت: "چەند رۆژێک لەمەوبەر بینیمان کە کەسانی سیاسی لە کەرکوک بەمەبەستی تێکدانی ئارامی و نانەوەی ئاژاوە و پشێوی وەکو کاری هەمیشەییان، هەندێک ناوی نەشیاویان لە گەڕەکی پەنجا عەلی نا، کە ئەم گەڕەکە گەڕەکێکی ئارام و سەربەرزە و لە شەقامەکانی نمایشی هونەری دەکرێت، ئەم چالاکییە هونەرییە باشترین وەڵامە بۆ ئەو کەسانەی هەوڵی تێکدانی پێکەوەژیان دەدەن لە کەرکوک، ئێمە لێرەوە هەمووان دڵنیا دەکەینەوە کە بەهیچ کەسێک ئەم ئاشتی و ئارامی پێکەوەژیانە تێکناچێت".

ژ.ت