حیزبی شیوعی سەرکۆنەی دەستدرێژییە سەربازییەکانی تورکیا دەکات
حیزبی شیوعی کوردستان سەرکۆنەی دەستدرێژییە سەربازییەکانی تورکیا دەکات و خوازیارە هەولێر و بەغداد و نەتەوەیەکگرتوەکان و زلهێزە جیهانییەکان لەسەری بەدەنگ بێن.
حیزبی شیوعی کوردستان سەرکۆنەی دەستدرێژییە سەربازییەکانی تورکیا دەکات و خوازیارە هەولێر و بەغداد و نەتەوەیەکگرتوەکان و زلهێزە جیهانییەکان لەسەری بەدەنگ بێن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان سەرکۆنەی هێرش و دەستدرێژییە سەربازییەکانی ڕژێمی تورکیا بۆ،سەر باشوری کوردستان و بەتایبەتی چیای گارە دەکات. حزبەکە داوا لە هەریەکە حکومەتەکانی هەولێر و بەغداد، نەتەوەیەکگرتوەکان و زلهێزە جیهانییەکان دەکات لە سەر هێرش ودەستدرێژییەکانی تورکیا وەدەنگ بێن و سنورێک بۆ سەرکێشیەکانی ئەردۆغان و ڕژێمەکەی دابنێن.
تەواوی دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان:
لەم ڕۆژانەدا سوپای تورکیا بەهەموو توانا سەربازیەکانیەوە،وە بەگەڕخستنی جۆرەها چەکی پێشکەوتوو، ئۆپەراسێۆنی بۆ سەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە (چیای گارە)دەست پێکردوە.بەپێی هەواڵەکان تا ئێستاش شەڕ و پێکدادان بەردەوامە. زانیاریەکان دەڵێن: سوپای تورکیا زیانێکی زۆری گیانی بەرکەوتوە کە لە نێویاندا ئەفسەری پلەدار هەن.
ئێمە لە حیزبی شیوعی کوردستان بەتووندی پرۆتەستی ئەم دەستدرێژی و داگیرکارییەی سوپای تورکیا دەکەین.
ئەمە یەکەم جار نییە کە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا ئەنجام دەدات، و پێناچێت ئەمە دواجاریش بێت، بۆیە گرنگە بەزووترین کات لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکان و زلهێزانی جیهانەوە سنورێک بۆ سەرکێشیەکانی ئەردۆغان لە ناوچەکەدا دابنرێت، کە بوەتە هۆی پشێوی و نائارامی لەدەڤەرەکەدا. دەبێ تورکیا لەوە تێبگات کە هەرگیز ناتوانێت بەڕێگەی سەربازی چارەسەری کێشەی کورد بکات، بۆیە باشتر وایە بەباشی دۆخەکە هەڵسەنگێنی و بیر لە چارەسەری سیاسی و ئاشتی و دیمۆکراتیانە بکەنەوە کە گونجاوترین چارەسەرە.
هاوکات داوا لەهەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەین کە بێنە سەرخەت و بە ئاشکرا ئیدانەی بکەن و داوای وەستانی بکەن، چونکە ئەم کارەی تورکیا شکاندن و پێشێل کردنی سەروەری خاکی عيراق و کوردستانە، بێدەنگبوون لە ئاستیدا پتر هانی تورکیا دەدات بۆ بەردەوام بوون لەسەر کاری دوژمنکارانە بەرامبەر بە خاک و نەتەوەکەمان و زیاترکردنی بنکە سەربازییەکانی لە هەرێمدا.
ڕسوایی بۆ سوپای داگیرکەر
سەرفرازی بۆ خەباتی گەلەکەمان دژ بە داگیرکەران.
مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان
هـ.هـ