حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک داوای پاراستنی ئارامی و ئاشتەوایی دەکەن

حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک: "سوپاو حەشدی شەعبی لە ڕووداوەکانی ئەم دوایەی کەرکوک ڕۆڵی خراپیان گێڕا و بێ لایەن نەبوون".

ئەمرۆ چوارشەممە نوێنەری سەرۆک کۆماری عێراق و لایەنە کوردییەکانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان بۆ تاوتوێ کردنی دۆخی شارەکە دوای گرژی و ئاڵۆزیەکانی ئەم دوایە کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دوو تەوەرەی سەرەکی کرا، یەکەمیان هەر لایەنێک پێشنیازی خۆی بۆ نوێنەری سەرۆک کۆمار خستەڕوو و دواتر پوختەکەی ئاڕاستەی سەرۆک کۆمار دەکرێت، هەروەها تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەش بریتیبوو لەوەی کە عەزیز مەجید نوێنەری سەرۆک کۆماری عێراق ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی ئێستای کەرکووک و هۆکاری ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئامادە دەکات، دوای کۆبوونەوەکەش لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی ڕای گشتی کرد سەبارەت بە کۆبوونەوەکە.

جێگای باسە، کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی حزبە کوردییەکانی شاری کەرکوک بوو.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، دڵشاد ساڵح حەساری سکرتێری مەڵبەندی حزبی شیوعی کەرکوک، بەناوی حزبە کوردستانییەکانەوە باسی ڕووداوەکانی ئەم دوایەی کەرکوکی کرد و ووتی: "سەرەتا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەم ڕووداوانەی کەرکوک دادەنوێنین، کە بوونە قوربانی بۆ کوردستانیانی شاری کەرکوک. وەکو هەمووان ئاگادارن ماوەی چەند رۆژێکە کێشە و گرژی لە شارەکە دروستبووە کە هۆکارەکەی عەرەب و تورکمانەکانن کە ڕێگەی کەرکوک هەولێریان داخستبوو و بووبوونە مایەی بێزاری و نیگەرانی بۆ گەڕەکە کوردییەکان ئەمەش وایکرد کاردانەوە دروست بێت و کۆمەڵێک کورد شەهید و برینداربن".

هەروەها دڵشاد ساڵح باسی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کرد و ڕایگەیاند: "ئێمەش ئەمرۆ وەکو حزبە کوردستانییەکان لێرەدا کۆبووینەوە هەروەها نوێنەری سەرۆک کۆماری عێراق بەشداربوو لە کۆبوونەوەکەمان و تەواوی نێگەرانی و ناڕەزایەتییەکانی خۆمان پێ گەیاند تا لەگەڵ سەرۆک کۆماردا تاوتوێی بکەن، وە پێشنیارکرا تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆ بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی خەڵکی کەرکوک بۆتەوە، چیدیکە ڕێگە نەدرێت سوپای عێراق ببێتە لایەن لەم گرژییە".

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو بەرپرسە کوردەی شاری کەرکوک داواکارییەکانیانی لەڕێگەی  یاداشتنامەیەک ئاڕاستەی حکومەت و لایەنەکان و جەماوەری شاری کەرکوک کرد و ڕایگەیاند: "لەم چوارچێوەیەشدا چەند خاڵێکمان یاداشت کردووە و بۆتان دەخوێنینەوە:-

١- داواکارین مەلەفی ئەمنی شاری کەرکوک ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی بکرێت و کۆتایی بەپشکنینی ماڵان بهێنرێت.

٢- داوای چونە دەرەوەی سوپاو حەشدی شەعبی بۆ دەرەوەی شار دەکەین چونکە لە ڕووداوەکانی ئەم دوایەی کەرکوک ڕۆڵی خراپیان گێڕاو بێ لایەن نەبوون.

٣- لێپێچینەوەی یاسایی لەو کەس و لایەنانە بکرێت کە بونە هۆی ئیستفزازکردن و شەهید و بریندارکردنی خەڵک.

٤- پارێزگاری بەوەکالەت نەیتوانی ڕۆڵی بێ لایەن بگێڕێت و لایەنگیری کرد، داواکارین لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ بکرێت.

٥- بەهۆی گرتنی ڕێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێر زەرەرو زیانی زۆر بە خزمەتگوزاری گەڕەکی شۆراو گەیشتووەو پێویستە نۆژەن بکرێتەوە.

٦- جارێکیتر جەخت دەکەینەوە سوپا دوورکەوێتەوە لە دەستوەردانی زەوی‌وزاری جوتیاران لە شاری کەرکوک".

لە کۆتایدا، ڕەوندە مەلا مەحمود بەرپرسی مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتی نشتیمانی کوردستان، سەبارەت بە هوتافەکانی ئەردۆگان دژ بە گەلی کورد کاتێک دەڵێت "کەرکوک زێدی تورکمانە"، ناوبراو لە وەڵامدا ووتی: "ئێمە لە شاری کەرکوک کۆمەڵێک نەتەوە بەیەکەوە دەژین و داوای تەبایی دەکەین، ئەردۆگان ماوەیەکی درێژە لە دوورەوە ئەم هوتافی تورکمانی‌بوونی کەرکوک لێدەدات، بەڵام ئەم هوتافانەی ئەردۆگان هیچ کاریگەری لەسەر شاری کەرکوک نابێت، وە ئێمە وەکو حزبە کوردستانییەکانی شاری کەرکوک هەوڵدەدەین لەگەڵ هەموو لایەنەکان لە شارەکە گفتوگۆ و دانوستاندن بکەین بۆ ئەوەی بە هەموومان هەوڵبدەین ئارامی شاری کەرکوک بپارێزین وە لەڕێگەی یاساوە هەموو کارەکانمان جێبەجێ بکەین".