حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک: پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە
حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە و دەبێت بۆ کورد بێت.
حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی کوردە و دەبێت بۆ کورد بێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بارەگای مەڵبەندی کەرکوکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی شاری کەرکوک لەسەر ئاستی کەسی یەکەمی حزبەکان لە شارەکە، کۆبوونەوە سەبارەت بە پرسی پارێزگاری کەرکوک و پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوک.
پاش تەواوی بوونی کۆبوونەوەکە نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی شاری کەرکوک کۆنگرەیەکی رۆژنامەووانیان بەست، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، ڕێباز سابیر بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بەناوی حزب و لایەنە سیاسیەکانی بەشداری کۆبوونەوەکە ئەنجامی کۆبوونەوەکەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند خوێندەوە کە تیدا هاتبوو: "ئەمڕۆ بەرواری ٢١/٧/٢٠٢٤ لە بارەگای مەڵبەندی کەرکوکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان، کۆبوونەوەی حیزب و لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان بەڕێوەچوو و لە کۆتاییدا گەیشتینە ئەم خاڵانەی لای خوارەوە:-
"یەکەم/ داوا لە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەین کە بەزووترین کات حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن بۆ خزمەتکردنی شاری کەرکوک بەهەموو پێکهاتەکانیەوە.
دووەم/ هەموو حزبەکان کوردییەکانی کەرکوک کۆکن لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگای کەرکوک پشکی کوردە و دەبێت بۆ کورد بێت.
سێ-یەم/ هەموو حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە لەکاتی پێویستدا کۆبوونەوەی بەرپرسی یەکەمی حزبەکان ئەنجام بدرێت و هەموو مانگێکیش بە بەردەوامی کۆبوونەوەی بەرپرسی پەیوەندی حزبەکان ئەنجام بدرێت".
جێگای باسە، زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک تێپەڕیووە، ١١ی ئەم مانگە بە سەرۆكایەتی ڕاكان جبوری وەك بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوک یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە لەژێر فشاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسترا، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ ڕێكەوتنێكی پێشوەختە لە نێوان لایەنەكان ئەنجام نەدرابوو، دانیشتنەكە بێ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن بە کراوەیی جێهێڵدرا، لەئیستادا ماوەی ٣٠ ڕۆژ دراوەتە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کە حكومەتی خۆجێی شارەكە پێكبهێنن و پۆستە بەوەكالەتەكان پڕ بكەنەوە.
تاوەکو ئیستاش نەتوانراوە حکومەتی خۆجێی ئەو شارە پێکبهێنرێت، لەئیستاشدا ململانییەکی بەهێز لە شارەکە هەیە لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک و هەر پێکهاتەیەک دەیەوێت ئەو پۆستە بۆ خۆی و حزبەکەی بێت هەرچەندە کورد زۆرینەیە لە شارەکە و نیوە کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکی بەدەستهێناوە بەڵام عەرەب و تورکمان پێکەوە کە نیوەکەی دیکەی کورسییەکانیان بەدەستهێناوە ڕێگربوونە لەوەی پۆستی پارێزگار بۆ کورد بێت.
جێگای ئاماژەیە، لەئیستاشدا وەکو پیشەی هەمیشەیی خۆی پەدەکە بە فیتی تورکیا هەوڵدەدات پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد نەبێت و لە هەوڵی ئەوەدایە دەنگی خۆی بخاتە پاڵ دەنگی دوژمنانی سەرسەختی کورد لە بەرەی تورکمانی و لایەنە عەرەبە شۆڤێنییەکانی نزیک لە تورکیا.