حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەراگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوای مانگرتنی سەرتاسەری دەکەن
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا شەش حزب و لایەنی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان داوادەکەن لە ساڵیادی دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوەبچێت.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا شەش حزب و لایەنی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان داوادەکەن لە ساڵیادی دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوەبچێت.
لە راگەیەندراوێکدا هەر یەک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان داوایان کردووە رۆژی ٢٥ی خەرمانان لە ساڵیادی دەستپێکردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوەبچێت و لەو رۆژەدا دوکان و بازاڕەکان دابخرێن و هاوڵاتیان گڵکۆی شەهیدانی سەرهەڵدانەکە بەسەر بکەنەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە بەم جۆرەیە:
بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
بۆ مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان!
خەباتکارانی سیاسی و مەدەنی!
٢٥ ی خەرمانانی ١٤٠١، ژینا ئەمینی کچە کوردی لاوی سەقزی لە شاری تاران و لەئاکامی پەلاماری هێزە دەستوەشێن و سەرکوتکەرەکانی رێژیمدا گیانی بەختکرد. ناوی (ژینا) وەک لە سەر گڵکۆکەی نووسرا، بوو بە "ڕەمز"ی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بەرین کە لە کوردستانەوە بە درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێکرد و زۆری نەخایاند سەرتاسەری شار و ناوچەکانی ئێران و دەرەوەی وڵاتیشی گرتەوە و لە درێژەی خۆیدا بە "شۆڕشی ژینا" و "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی" ناوی دەرکرد.
شۆڕشی ژینا جەماوەریترین و درێژترین سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییە کە توانیبێتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر پرسیار و هەنگاو بۆ لە گۆڕنانی ئەم ڕێژیمە سەرکوتکەرە بنێ. لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا و لە ڕەوتی ئەم شۆڕشەدا بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئیران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی دژبە ڕێژیمی زاڵ بە سەر ئێراندا، قۆناغی نوێ و جەماوەریی ئەزموون کردووە و هەنگاوی لێبڕاوانەی ناوە کە ڕاوەستان و گەڕانەوەی بۆنییە. دەوری بەرچاوی ژنان لە پێشەنگایەتیی ئەو شۆڕشەدا کۆمەڵگەی ئێمەی لە رووی کۆمەڵایەتییەوە یەک هەنگاوی گەورە بەرەو پێش برد و ئاسۆی سەرکەوتنی روونترکردەوە. لاوان لەوپەڕی گیانبازیدا بۆ ژیانێکی ئازاد و ئارەزوومەند فیداکاری کەم وێنە دەکەن.
لە ساڵوەگەڕێ دەستپێکی شۆڕشی ژینادا جێی خۆیەتی بە نیشانەی بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ئەم شۆڕشە نوێیە و ڕێزلێنان لە قوربانیان و زیندانییان سیاسی و زیندووڕاگرتنی بزووتنەوەی سیاسی، بەشکۆوە بەرەوپیری ئەم یادە مەزنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بچین. لەم پێوەندییەدا دوای چەند جار دیدار و ڕاوێژی سیاسی، رۆژی چوارشەممە، ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بریتی لە :
- حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
- پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
لە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێکەوتن؛
١- پشتیوانی لە داخوازیی تێکۆشەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوه سهربهخۆکان بۆ ڕێزگرتن و بەشداریی چالاکانه له ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.
٢- ڕاگەیاندنی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی له ههموو کوردستان. لهم ڕۆژەدا ههموو دووکان و بازاڕ و ناوەندەکانی کار و ئیدارەکان دادەخرێن؛ سەر لە بەیانیی ئەو ڕۆژه(٢٥ی خەرمانان)، جهماوهری خهڵکی کوردستان سەردانی گڵکۆی ژینای جوانەمەرگ و سەرجەم شەهیدان و گیانبەختکردووانی شۆڕشی" ژن، ژیان، ئازادی" له شار و گوندەکانی کوردستان دەکەن و چەپکە گوڵی ڕێز و خۆشهویستی لهسهر مەزارەکانیان دادەنێن و ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانیان بۆ بەڕێوه دەبەن.
٣- داوا لەسەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی ئێران (ژنان، لاوان، کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان، ژینگەپارێزان و نهتهوهبندەستەکان لە سەرتاسەری ئێران دەکەین؛ پشتیوانی لەمانگرتنی خهڵکی کوردستان بکەن و بەمانگرتنی گشتی، به هەموانی نیشان بدەن که شۆڕشی" ژن، ژیان، ئازادی" تا گەیشتن به ئامانجەکانی هەروا درێژهی ههیه.
٤- داوا له هەموو تێکۆشەرانی خەباتکار، هێز و لایەنه پێشکەوتنخوازەکان له دەرەوەی وڵات دەکەین به ههموو شێوهیهک پشتیوانی له مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خهرمانان بکەن و لهوڕۆژەدا خۆپێشاندان و ڕێپێوانی جهماوهریی بەڕێوەبەرن و سەرنجی کۆمەڵانی خهڵکی مرۆڤدۆستی جیهان بۆ پشتیوانی له شۆڕشی ژینا ڕابکێشن.
٥- ههرکام له حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی بهشدار لهم دانیشتنە، پشتیوانی و بەشداریی خۆیان له مانگرتنی ڕۆژی "٢٥ی خهرمانان" و ڕێوڕەسمەکانی سەر گڵکۆی شەهیدان و گیانبەختکردووان ڕادەگەیەنن.
چوارشەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی – ٦ی سێپتامبری ٢٠٢٣
هـ . ب