هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە ئیلام هەڵیانکوتایە سەر ماڵی شەهید رزگار زەڕنەیی

لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان هێزەکانی دەوڵەتی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی شەهید رزگار زەڕنەیی و وێڕای ئازار و ئەشکەنجەی بنەماڵەکەی، بێرێزییان بە وێنەکانی ئەو شەهیدەی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان کرد.

بە گوێرەی زانیارییەکان کە لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە وەرگیراون، رۆژی دووشەممە ٢٨ی ئاب هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێران لە شاری ئیلام هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی شەهید ئیدریس شەفیعی (رزگار زەڕنەیی) و ئەندامانی بنەماڵەکەیان رووبەڕووی ئازار و ئەسکەنجە کردووەتەوە.

هێزە ئەمنییەکان کەلوپەلی ناوماڵەکەیان شێواندووە و بێڕیزییان بە وێنەکانی شەهید رزگار کردووە و چەند وێنەیەکیان شکاندووە.

شەهید ئیدریس شەفیعی (رزگار زەڕنەیی) مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ سێ گەریلا بە ناوەکانی ئەرسەلان حەسەنی بە ناسناوی بۆتان سپیران، محەمەد موحەمەدی بە ناسناوی فەرهاد زرێبار و رەهبەر ئودونگیت بە ناسناوی مەمیان هەزرۆ لە بۆسەیەکی هێزە کۆنترا و بەکرێگیراوەکانی رژێمی ئێران لە ناوچەی جوانرۆی هەرێمی شاهۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای شەڕ و بەرخودانێکی گەورە شەهیدبوون.

ناوەندی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لە راگەیەندراوێکدا لە ٤ی ئابی ٢٠١٩ لەبارەی شەهید بوونی ئەو گەریلایانە، سەبارەت بە شەهید رزگار زەڕنەیی رایگەیاندبوو: "هەڤاڵ رزگار زەڕنەیی لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. دوژمنی داگیرکەر لە کرماشان و ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین کردەوەی چەپەڵ و سیاسەتی تواندنەوە بەڕێوە دەبات. لە دژی گەنجانی کورد، بۆ ئەوەی خۆیان نەناسن و لە ناسنامەی خۆیان دوور بکەونەوە هەموو جۆرە کارێکى قێزەون ئەنجام دەدات. هەڤاڵ رزگار زەڕنەیی لە تەمەنی گەنجیی دا لە بەرامبەر ئەم کردەوانەی رژیم و سیاسەتەکانی دوژمن سەرهەڵدەدات و دەست بە لێکۆڵین و گەڕان دەکات. بە پاکی و دروستی لە دواى لێکۆڵینەوەکانى و بە کەسایەتى و هەڵوێستى سەرهەڵدێربوونی بە بێ دوودڵی بەشداری بزووتنەوەی ئازادی دەبێت. بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە ملیتانان و جەنگاوەران و هەڤاڵانی راستی سەرۆکایەتی بە دڵ و گیان بەشداری خەباتەکانی پارتی دەبێت. بە هۆی رووخۆشی و رووگەشیی خۆیەوە زۆر زوو لە دڵی هەڤاڵان جێگای دەبێتەوە و داخواز و پێداگریی هەڤال رزگار هەمووکاتێک ئەوە بوو، کە  هەموو کاتێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەمبەری دوژمنانی قڕ کەر شەڕ بکات، بۆیە لە ماوەیەکی کورتدا چوو بۆ رۆژهەڵات و تا دوایین ساتی ژیانی خۆی بە هەڵوێستی ئاپۆیی لە بەرامبەر دوژمنانی قڕکەر تێکۆشانی کرد و شەهید بوو".

هـ . ب