هێزەکانی حەشدی شەعبی لە گەرمیان کشانەوە

دوای ئەوەی حەشدی شەعبی هێزێکی زۆری لە سنووری کۆڵەجۆی گەرمیان و کێڵگەی چاڵاو خالید جێگیرکرد، ئەو هێزەیان کشاندەوە.

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزێکی حەشدی شەعبی بە چەکی قورس و نزیکەی هەزار سەربازاوە ڕوویان لە سنووری شارەدێی کوڵەجۆ لە گەرمیان کرد و گەمارۆی بیرە نەوتێکیان دا، لە ئێستادا هێزەکان پاشەکشەیان کرد

بە گوێرەی هەواڵێکی میدیای فەرمی یەنەکە کەمێک پێش ئێستا ئەو هێزەی حەشدی شەعبی کە چووبوونە سنوری گەرمیان، کشانەوە جێی خۆیان.

پێشتر میدیا فەرمی یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەو حزبەوە بڵاویکردبووەوە: "هاتنی هێزێکی حەشدی شەعبی بۆ سنوری گەرمیان و کێڵگەی چاڵاو خالید، بەزاندنی سنورەو بە بێ ئاگاداری هێزە رەسمیەکانی ناوچەکە بووە، بەهیچ شێوەیەک رێگانادرێت ئەو هێزە لەو ناوچەیە بمێنێتەوە".

 سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد: "داواشمانکردووە لە ناوەند راستەوخۆ پاشەکشە بە هێزەکە بکرێت، چونکە ئەو پێشێلکارییە مایەی قبووڵکردن نیە".

 هەر لەو بارەیەوە کاروان یاروەیس بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: "هێزەکەی حەشدی شەعبی پاشەکشەیان کردوو لەئێستادا بیرە نەوتەکانی ناوچەی کوڵەجۆی زەنگاباد لەلایەن پۆلیسی نەوت و گازی گەرمیانەوە دەپارێزرێت".

 باسی لەوەشکردووە: "لەگەڵ ئەوەی هێزەکەی حەشدی شەعبی بەبیانووی ئۆپەراسیۆنی دزەکردنی ژمارەیەک تیرۆرست هاتبوونە ناوچەکە، بەڵام پێویستبوو پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی سنورەکەیان ئاگادار بکردایەتەوەو بەهەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامبدایە".

 هەر لەو بارەیەوە حەشدی شەعبی راگەیەندراوێکی بڵاو کردوەتەوەو رایگەیاندووە: "لەسەر بنەماو زانیاری هەواڵگیری لەسەر بونی تیرۆرستانی داعش هێزێکمان بەرەو ناوچەی گەرمیان رۆشتون بۆ کێوماڵ و پشکنین و پاش ئەنجامدانی کەراکانمان بەسەرکەوتوویی گەڕاینەوە بۆ شوێنی خۆمان و لەو ناوچەیە کشاینەوە".

 لەبەرامبەردا بە وتەی فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سنوورەکە، ئەو هێزەی هاتبوونە ناوچەکە بە بۆچوونی ئێمە بۆ داگیرکردنی بیری نەوت هاتبوون، چونکە تەنها ئەو بیرە نەوتەی تێدایە ناوچەکە، نیازیان وابوو کە جێگیرببن، چونکە بە شۆفڵ سەنگەریان لێدەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ هەماهەنگییەکی لەگەڵ ئێمە و تەنانەت هێزی سوپای عێراق کە لە ناوچەکەدا ئەوانیش بوونیان هەیە، نەبووە و هیچ لایەکمان ئاگادارنەبووین.