هێزەکانی پەدەکە لە رۆژی نەورۆزدا هێرشیان کردە سەر کامپی گەریلا!

هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ناوچەى برادۆست لە هەرێمی خواکورک بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر کامپی گەریلا و لەو ناوچەیەدا خۆیان جێگیر کرد.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان، هێزەکانی پەدەکە کاتژمێر ٠٨:٠٠ی ئەم بەیانییە لە ناوچەى برادۆست لە هەرێمی خواکورک بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر کامپی گەریلا.

گەریلا شەڕی نەکرد

هێزەکانی گەریلا بۆ ئەوەى دۆخێکی ئاڵۆز و مەترسیدار روو نەدات، شەڕیان نەکرد و هێزەکانی پەدەکە لە ناوچەکەدا خۆیان جێگیر کرد.

کاتێک پەدەکە هێرشی کرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی تورک لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکاندا بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕانەوە.

بەهۆی هەڕەشەى هێرشی ئەنقەرە و پەدەکە لە ساڵی رابردووە لەو ناوچەیەدا، تاوەکو دێت ئاڵۆزییەکان گەورەتر دەبن.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ١٢ی ئاداردا پێشمەرگەیەک لە خواکورک پێی لە مینێک دابوو و پیادا تەقیبووە و گیانی لە دەستدابوو. راگەیاندنەکانی سەر پەدەکە هەوڵێکی زۆریاندا پەکەکە بە تاوانباری ئەو رووداوە نیشان بدەن، بەڵام ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە لە ١٣ی ئاداردا بە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێک ئەو پڕوپاگەندانەى پەدەکەى بە درۆ خستەوە.

هەروەها لە ١٩ی ئادار لە گوندی سنێن لە هەمان ناوچەدا، کۆپتەرێکی جەنگیی جۆری کۆبرای سوپای تورک تەقەى لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک کرد و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بەناوی لوقمان چەتۆ بریندار بوو بوو.

لە ٢٠ی ئاداریشدا فڕۆکە و کۆپتەرە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆردومانێکی چڕی ناوچەى خواکورکیان کرد.

ئەمڕۆش ٢١ی ئادار و رۆژی نەورۆز، هێزەکانی پەدەکە هێرشیان کردە سەر کامپی گەریلا لەو ناوچەیەدا.

ژ.ت