'هێزەکانی ئێران دوای دەستگیرکردنی کۆڵبەرێک شکەنجەیان دا و تەقەیان لێکرد'

بەپێی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هێزەکانی پاسەوانی سنووری دەوڵەتی ئێران لە ناوچەی سنووری هەنگەژاڵ کۆڵبەرێکیان دەستگیرکردووە و دواتر ئەشکەنجەیان داوە و تەقەیان لێکردووە.

بە گوێرەی ئەو هەواڵە رووداوەکە درەنگانی شەوی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو روویداوە و مستەفا مورادی یەک لە بەرپرسانی بنکەی سنووری هەنگەژاڵ لەگەڵ سەربازانی دیکەی ناو بنکەکە کۆڵبەرێکیان بە ناوی زانیاری سەیاحی دەستگیرکردووە و ئەشکەنجەیان داوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە هێزەکانی دەوڵەتی ئێران ئەو کۆڵبەرەیان ناچارکردووە جلەکانی دابنێت و لە مەودای چەند مەتریەوە تەقەیان لێکردووە.

وەک تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی پێکردووە، ئەو کۆڵبەرە لە قاچیەوە برینداربووە و لەئێستادا لە نەخۆشخانەی تەورێز لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی هەواڵێکی کۆڵبەر نیوز لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لانیکەم ١٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت و تەقینەوەی مین برینداربوون.

بە گوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا ٤ کۆڵبەر کوژراون و ٤١ کۆڵبەریش برینداربوون، لە مانگی رێبەندانیشدا ٥ کۆڵبەر ژیانیان لەدەستداوە و ٥٠ کۆڵبەریش برینداربوون.

ساڵی رابردوو زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەر لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژرابوون و لانیکەم ٢٧٠ کۆڵبەریش بریندارببوون، ئەمەش بەرزترین ژمارەی قوربانیبوونی کۆڵبەرانە لە ١٠ ساڵی رابردوودا.

هـ . ب