بە دیمەن

جانپۆڵات: پێویستە ئاشتیخوازان بەشداری گردبوونەکە بکەن

هاوسەرۆکی (توهاد_فەد) کەرەم جانپۆڵات ڕایگەیاند چاوەڕێن کە ١٣ ی تشرینی یەکەم لە ئامەد سەدان هەزار کەس بەشداری گردبوونەوەکە بکەن و دژی گۆشەگیری بوەستنەوە، گوتی: "هەرکەس داوای ئاشتی و دیموکراسی دەکات، با بەشداری گردبوونەوەکە بکات".

گۆشەگیری ئیمراڵی

هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی ماف و پشتیوانی لە بنەماڵەی زیندانیان و حکومدراوان (توهاد_فەد)، کەرەم جانپۆڵات ڕایگەیاند پێویستە ناڕەزایەتی دژی ڕێکارە خراپەکان زیاتر ببێت، تاوەکو ئەم ڕێکارانە بوەستێنرێت.

هاوسەرۆکی (توهاد_فەد)ـی ئامەد کەرەم جانپۆڵات قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد، ڕایگەیاند لە ئیمراڵی گۆشەگیرییەکی توند هەیە، ئەمەش بووەتە سەرچاوەی بنبەستێکی سیاسی و داڕمانێکی ئەخلاقی و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری، گوتی: "بۆ نەمانی هەموو کێشەکان و چارەسەربوونی ڕەوشی بنبەست، تاکە ڕێگە کردنەوەی دەرگاکانی ئیمراڵییە. دەمانەوێت گۆشەگیری کۆتایی بێت و ئازادیی جەستەیی مسۆگەر ببێت. وەک ساڵی ٢٠١٣ پرۆسەی دیالۆگ دەست پی بکاتەوە".

ڕوانگەی وی بۆ هەموو گەلان چارەسەرە

جانپۆڵات تیشکی خستەسەر شەڕی جیهانیی سێیەم و بڵاوبوونەوەی ئەم شەڕە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، گوتی: "دەمانەوێت ئەم شەڕە لە خاک و گەلەکەمان و تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دووربخەینەوە. چارەسەری ئەمەش لە ئیمراڵییە. ڕوانگە و پێشنیارەکانی بەڕێز ئۆجالان لەم ئاستەدایە کە بۆ گەلی کورد و گەلانی هەرێمەکە و هەموو وڵاتان، ڕێگەی چارەسەرە".

با ئاشتیخواز و دیموکراسیخوازان بەشداری گردبوونەوەکە بکەن

ئاماژەی بەوە کرد لە ١٣ ی تشرینی یەکەم بە ڕۆژەڤی گۆشەگیری، لە ئامەد گردبوونەوەیەکی مەزن بەڕێوەدەچێت، داوای کرد سەدان هەزار کەس دژی گۆشەگیری کۆببنەوە، گوتی: "پێویستە دژی گۆشەگیری داوای ئازادی بکەین. هەرکەس خوازیاری دیموکراسی و ئاشتی و یەکێتییە، با بەشداری گردبوونەکە بکات. ڕێکاری خراپ هەن. سیاسەتی شەڕی تایبەت لە تەواوی کوردستان بەربڵاوە. تاکەکەس بتوانێت ئەمە نەهێڵێت و ڕێگە لەم سیاسەتانە بگرێت، بەڕێز ئۆجالانە".

دەتوانین ئەم ڕێکارانە بوەستێنین

جانپۆڵات داوای کرد ناڕەزایەتییەکان دژی ئەم ڕێکارانە زیاتر ببن، تاوەکو ئەم ڕێکارانە بوەستێنرێت، تیشکی خستەسەر پێشێلکاری مافی زیندانیان و ڕایگەیاند نزیکەی ٥٠٠ زیندانیکراوی نەخۆش هەن کە ڕەوشیان خراپە و چارەسەری پێویستیان بۆ ناکرێت و ئازاد ناکرێن، گوتی: "پێویستە هەمووان لەم ڕووەوە وریابن، لەپێناو زیندانیانی نەخۆش دەنگ هەڵبڕن".