جەلیل زەنگەنە: هونەرمەندان نابێت سەر بۆ هەوڵەکانی داگیرکەران نەوی بکەن

"دەوڵەتانی داگیرکەر و هەندێکش لە ناوخۆ لە ژێر فشار و گوشار ڕێگە نادەن کاری گەورە و هونەریی گەورە لە باشوری کوردستان پێش بکەویت، بەڵام نابێت هونەرمەندان سەر بۆ هەوڵەکانی داگیرکەران نەوی بکەن".

 

جەلیل زەنگەنە هونەمەند و دەر‌هێنەری بە ناو بانگی کورد دەربارەی هونەری ڕەسەن و ئەرکی هونەرمەند لە قۆناغی ئێستادا و هێرشی کلتوری دەوڵەتانی داگیرکەر بۆ سەر کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)  قسەی کرد و نرخاندی گرینگی کرد.

دەربارەی ئەرکی هونەرمەند و پێوانەکانی هونەر جەلیل زەنگەکە وتی: "بە ڕای من دەبێت هونەرمەند نیشتیمانپەروەر بێت و ڕاستگۆ بێت لەگەڵ گەلەکەی خۆی، دەبێت هونەرمەندان سەر بە لایەنێکی سیاسی، یان پارچەیەک نەبن، بەڵکوو دەبێت هونەرمەند نەتەوەیانە بیر بکەنەوە، هونەرمەند ڕۆڵەی میلەتەکەی بێت کار بۆ نیشتیمان بکات نەک تەنها سەر بە حیزبێک یان لایەنێک بێت، چونکە ئەو هونەرمەندەی سەر بە لایەنێک بێت دەبێت بەپێی ئەو لایەنە بجوڵێتەوە، نەخێر هونەرمەند زۆر لەوە گەورەترە بەڵکوو دەبێت ببێتە بڵندگۆی ئێش و ئازارەکانی گەلەکەی."

"هونەرمەندان نابێت سەر بۆ هەوڵەکانی داگیرکەران نەوی بکەن"

هەروەها ئەو دەر‌هێنەرە وتیشی:" ئێمەی هونەرمەند دەبێت لە ئاستی ئەوەدا بین کە لە ئاستی وڵاتان پێناسەی گەلەکەمان بکەین و هونەر و گەلەکەمان بە جیهان بناسێنین، گەرچی ئێستا هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی هونەری کوردی تێک بدەن، بەڵام هونەرمەند نابێت سەر بۆ ئەو هەوڵانە نەوی بکات، بەڵکوو دەبێت بە سەربەرزانە بڵێت نەخێر، بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٩٧ لە فیلمی خولە پیزە بە کاک مستەفا ئەحمەدم وت: "بڵی ئاخ، کورد و پارە و خێانەت" ئەو وشەیە هەم ئەو بەرهەمە دەنگدانەوەی باشی بە دوای خۆی هێنا ئەو فیلمە بە شێوازێک دەنگاندانەوەی هەبوو بە تەنها لە سینەما ڕەشید ماوەی پێنج مانگ لەسەر یەکتر پێشکەشی بینەران کرا بە ڕەنگێک لە سینەماکاندا جێگا نەمابوو خەڵک لە دەرەوە ڕاوستابوو، چونکە ئەو فیلمە ڕەنگدانەوەی ڕاستی کۆمەڵگا بوو، بۆیە پێموایە هونەرمەند دەبێت تێکەڵ بە ئیش و ئازارەکانی گەلەکەی بێت، هونەرمەند دەبێت لەگەڵ گەلەی دڵخۆشبێت لەگەڵ گەلەکەشی بگریت، چونکە هونەرمەندە گەورەیە و لە زۆر لە پلەو پۆستیش گەورەترە، بۆ نموونە عادل ئێمام هەموو کەس دەی ناسێت، بەڵام هەموو کەس نازانێت سەرۆک وەزیرانی میسر کێیە."

"پیلان لەسەر هونەری کوردی بەڕێوە دەچێت"

زەنگەنە نیگەرانیی خۆی بۆ دۆخی هونەر لە باشوری کوردستان هێنایە زمان و وتی: "بە داخەوە زۆر بە داخەوە لە دوای ڕاپەرین دەبوایە هونەری کوردی لە باشوری کوردستان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە ببینیبا و هونەرمەندان بە یەک دەستی کاریان کردبا و یەکتریان خۆشویستبا، بەڵام ئێمە ئێستا خۆمان هەموومان دەی بینین هونەر چی لێ بەسەرهاتوە، هونەر بە شێوازێک شێواوە خەریکن هونەر و کلتوری کوردیش تێک دەدەن، نا‌هێڵن کورد وەک جاران ئیش بکات، کاتێک ئێمە لەسەر بەرهەمی مەرەزە کارمان کرد لە ساڵانی ٧٠ کان هەموومان لە لایەنی حکومەتی ئەو کاتەوی عێراقەوە دەرکراین و شار بەدەر کراین، بەڵام ئێمە بەوە دڵگران نەبووین چونکە دەمان گوت شۆڕشێک هەیە و ئێمە لە پێناو شۆڕش وامان لێهاتوە، لە دوای ڕاپەرین هەندێک کار کرا، بەڵام کارەکان هی ئەوەنین، کە دڵی گەلەکەمانی پێ خۆش بکەین، لە دوای ئەوەی مام جەلال و کاک نەشیروانیش وەفاتیان کرد هونەریش لەو ئاستە بایەخی پێ نادرێت لە باشوری کوردستان، دەبوایە هونەر ئێستا لە ئاستێکی باڵاتر دا بوایە، بەڵام بەداخەوە ئێستا پلان لەسەر هونەری کوردی بەڕێووە دەچیت بۆ تێکدانی."

"دەوڵەتانی داگیرکەر و درواسی هەندێکش لە ناوخۆ لە ژێر فشار و گوشار ڕێگە نادەن کە کاری گەورە و هونەری گەورە لە باشوری کوردستان پێش بکەویت"

دەوڵەتانی درواسی هەوڵ دەدەن هونەری کوردی تێک بشکێنن و هەر لە ڕێگای هونەری ساختەوە کە سایەتیی کورد تێک بشکێنن و ڕوحی نەهڵێێت و خۆشەیستیی بۆ نیشتیمان نە‌هێڵێت، هاوکات هەوڵ دەدەن کوردان لە ناوخۆدا بدەن بە شەڕدا و لە یەکتری بکوژن، کورد دەبێت لە ناوخۆی یەکگرتوو بێت و ڕوو بەڕووی ئەو پیلانگێرانە بێتەوە، ئێمە لە باشوری کوردستان چاوەڕێی زۆرترمان هەیە لە حکومەت، بەڵام وادیارە دەوڵەتانی داگیرکەر و درواسێ و هەندێکش لە ناوخۆ لە ژێر فشار و گوشار ڕێگە نادەن کاری گەورە و هونەریی گەورە لە باشوری کوردستان پێش بکەویت، ئەوەش بۆتە بێ هێوایی گەنجان، بۆیە کۆچ دەکەن، ئەگەر ئێمە پرسیار لە گەنجان بکەین بۆچی کۆچ دەکەن بێگومان دەڵێن: لەبەر نەبوونی ئازادی، بێکاری، نا دادی و نەبوونی کاری شایستە و چاک، بۆیە دەبێت هەموومان بە خۆماندا بچینەوە بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتەی هەمانە لە دەستمان نەچێت، چونکە دووژمنان هەوڵ دەدەن لە ناوی بەرن."

"دەبێت دژی هەوڵەکانی ئێران و تورکیا بوستینەوە کە هەوڵ دەدەن هونەری کوردی بشێوێنن"

زەنگەنە دەربارەی ئەرکەکانی هونەرمەندی کورد ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت خاوەن ڕۆشنبیری و بیری کوردی بن و شارەزییان لە تەکنیکش هەبێت، دەکرێت ئێمە لە تەکنیک سود لە زۆر کەس و زۆر وڵات وەر بگرین، بەڵام دەبێت لە باس و سینارێۆ و ئێمە خاوەن بێرۆکە و باسی خۆماڵی بین، چونکە هەوڵێک هەیە بۆ هەڵوەشاندەوەی گەلی کورد بە تایبەتی دەوڵەتانی وەک تورکیا و ئێران، ئێمەی  کورد دەبێت لە ئاستی ئەو مەترسییانە ئاگادار بین و نابێت گوێڕایەڵی ئەو جۆرە قسانە بن کە لەسەر کەم کردنەوەی گەلی کورد لە دەرەوە لەسەر گەلی کورد دەیکەن دەبێت دژی ئەو هەوڵە بوستینەوە، ئاگاداری گەلەکەمان بین ئاگادرای ئێشەکانی ئەو گەلە بین، دەبێت لەو هۆکارانە بکۆڵینەوە، کە وایکردووە گەلەکەمان وای بەسەرهاتوە.

"چەند کۆمپانیایکی ناوخۆی و دەرکی هەوڵ دەدەن بە هاوردەکردنی درامای تورکی کلتوری گەلەکەمان تێک بدەن"

دەربارەی ئەو دراما تورکیانە، کە بە ئامانجی تێکدانی کۆمەڵگای کورد هاوردەی کوردستان دەکرێن جەلیل زەنگەنە وتی: "چەند کۆمپانیایەکی ناوخۆ و دەرکی هەوڵ دەدەن بە هاوردەکردنی درامای تورکی کلتوری گەلەکەمان تێک بدەن، بۆیە من لێرەوە داوا لە وەزیری ڕۆشنبیری دەکەم لە ئاستی ئەو پلانە ئاگاداریبێت، من پێموایە وەزیری ڕۆشنبیری کەسێکی تێگەشتوە و خوێنەر و نوسەرێکی باشە، بۆیە دەبێت لە ئاستی ئەو هێرشانە ئاگادار بێت ئەو هەوڵانە ڕابگرێت کە خەریکی گەلی کورد دەخوات، لەبەرامبەردا دەبێت پشتوانی بەرهەم و دەرهێنانی ناوخۆ بکرێت، هاوکات کەسانی خاون پارەو سەرمایە دەبێت پشتگری بەرهەمە ناوخۆیەکان بکەن چونکە ئێمەش پرۆژەی باش باشمان بە دەستەوەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی پشتگیری ناتوانین بەرهەمیان بهێنین، بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردی تێر بکەین لە هونەر نەک بەو درامایانە، کە دۆبلاژ دەکرێن کۆمەڵگای کوردی تێک بچێت."

"داوای پشتیوانی دەکەم بۆ ئەوەی بەشی چوار و پێنجی دەرمای گەردەلول بەرهەم بێنم"

دەربارەی زنجیرەی نوێی دەرمای گەردەلول، کە پێشتر دەرهێنەر سێ بەشی لێ بڵاو کردبوویەوە وتی: "من ئێستا لە پرۆژەمدا زنجیرەی چوار پێنج حازرە کە لە بەشەکانی سەرەتا باسی لە ساڵانی ناوەڕاستی ٧٠ەکانم دەکرد. لەو بەشە تازانە جەخت لە ساڵانی سەرەتای ٨٠ کان کراوەتەوە تا سەردەمی ڕاپەرین لە ناویشدا ڕووداوەکانی ئەنفال و هەڵەبجەشی تێدایە، بەڵام لەبەر نەبوونی پشتیوانی پرۆژەکەم ڕاوستاوە، پێشتر هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەو درامایە هاوکاریی دەکرین، دواکارم پشتیوانی بۆ کارەکەم بکرێت و بەرهەمی نوێ پێشکەشی گەلەکەمان بکەم."

"دەبێت هونەرمەندان شێرکۆ بێکەس بۆخۆیان بکەنە نموونە"

لە کۆتای قسەکانیشی لەسەر مەزاری شێرکۆ بێکەش وتی: "دەبێت هونەرمەندان وەک شێرکۆ کار بکەن و بیر بکەونەوە وەک ئەو نەتەوەیی بن. بۆ باکور، باشور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات شیعری وتوە هەر کەسێکی شایستەی بووبێت شێرکۆ وەسفی کردوە، بۆیە دەبێت هونەرمەندان شێرکۆ بۆخۆیان بکەنە نموونە لە کارەکانیاندا، هەر کەسێک گەورە بیر بکاتەوە گەورە دەبێت هەرکەسێک بۆ گەلەکەی بژیەت و کاری بۆ بکات گەلەکەی لە بیری ناکات، مرۆڤی مەزن لە بیر ناکرێت و هەر دڵی گەلدا دەژیت".

ژ.ت