جووتیارانی كەركوك: "تا كێشەكەمان بەتەواوی چارەسەر نەكرێ واز لە مانگرتن ناهێنین"

مانگرتنی جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوک زیاتر لە ٢٥ رۆژە لە دژی هەوڵە داگیرکارییەکانی سوپای عێراق بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان بەردەوامە.

جووتیارانی ناوچەکانی تۆپزاوا، داقوق، قەرەهەنجیر، سەرگەڕان، پەلکانە و ژمارەیەک گوندی دیکەی سنووری پارێزگای کەرکوک، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان بەست و تیدا ڕایانگەیاند "بەردەوام دەبن لە مانگرتن تا کێشەکانیان بەتەواوەتی چارەسەر دەکرێت لەڕیگەی هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو بڕیارانەی سەردەمی بەعس کە تایبەت بوون بە داگیرکردنی خاکی باوباپیرانیان".

جێگای باسە، مانگرتووەکان کە نوێنەری جووتیارانی ناحیەی سەگەڕان و ژمارەیەک ناحیەی دیکەشی لەنێویاندایە، ماوەی زیاتر لە ٢٥ رۆژە خێوەتێکییان لەسەر رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکوک داناوە و، وەکو خۆیان دەڵێن، تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی وەڵامی داواکارییەکەیان کە "هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش) سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس" نەدراوەتەوە.

خێوەتی مانگرتووەکان کە جووتیارەکان خۆیان پی دەلێن خێوەتی بەرخۆدان دژی هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەستیان بەو مانگرتنە کردووە،

جێگای باسە، سوپای عێراق دەیەوێت دەست بەسەر ١٣٥ هەزار دۆنم زەوی جوتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوکدا بگرێت، ئەمەش بەبیانووی ئەوەی کە لە سەردەمی حکومەتی رژێمی پێشووی بەعس ئەو زەویانە بەبڕیاری (کاروباری باکور)ی سەردەمی بەعس دراون بە وەزارەتی بەرگری عێراقی ئەو کات، جوتیارانی کورد و تورکمانی شارەکە ماوەی زیاتر لە ٢٥ رۆژە  ناڕەزایەتییان دەستپێکردووە و داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن سوپای عێراق و عەرەبی هاوردەوە رەتدەکەنەوە.

بۆ دۆزینەوە چارەسەر بۆ ئایندەی شارەکەمان

رۆژی یەکشەممە لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکدا سامی غەفور کە یەکیکە لە نوێنەری جووتیاری کوردی خەڵکی تۆپزاوا، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند دوا و ووتی: "ئێمەی کورد و تورکمان لەگەڵ هەندێک لەو برا عەرەبانەی کە لەسەردەمی رژێمی بەعس ستەمیان لێکراوە، ئەمرۆ ٢٥ رۆژ لەسەر مانگرتنمان تێپەڕی لەم خێوەتە، خێوەتەکەمان بۆتە ماڵێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لەسەدەمی رژێمی پێشووی بەعس ستەمیان لێکراوە، وە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەردەوام سەردانمان دەکەن بۆ دۆزینەوە چارەسەر بۆ ئایندەی شارەکەمان".

لایەنە شۆڤێنیەکان لەدژمان هەڵوێست وەردەگرن

هەروەها سامی غەفور ئاشکراشی کرد: "بەخۆڕاگریمان توانمان بەشێک لەمافەکانمان بەرقەڕار بکەین، ئەویش بە کارا کردنی ئەو بڕیارەی کە لەساڵی ٢٠١٢ دەرچوو کە بڕیارەکانی سەردەمی بەعس دژ بە خەڵکی ڕەسەنی شارەکە پوچەڵ بکرێتەوە، ئەو لایەنە شۆڤینیانەی کە هەڵوەشاندنەوەی بڕێارەکانی بەعس لە بەرژەوەندیان نیە چەندین هەڵوێستیان لە ڕیگەی بەیاننامەوە دەکردووە".

خێوەتەکەمان چۆڵ ناکەین تا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس

 ئەو چووتیارە کوردەی شاری کەرکوک ووتیشی: "ئێمە نابێت خێوەتەکەمان چۆڵ بکەین چونکە ئەوەی ماوە کاری بۆ بکرێت زۆر گرنگە کە ئەویش هەڵوەشانەوەی  بڕیارەکانی (ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرش)ی سەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچووە، ئەوەش پێویستی بە کۆکردنەوەی دەنگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بە کۆی دەنگ بڕیاربدرێت بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بڕیارەکانی رژێمی بەعس دژ بە خەڵکی ڕەسەنی شارەکە".

بڕیارەکانی بەعس ماوەی ٥٠ ساڵە بۆتە تەوقێک بەملمانەوە

لە کۆتایدا سامی غەفور جووتیاری ناوچەی تۆپزاوا لە ڕیگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە داوایەکی ئاڕاستەی هەمووان کرد و ووتی: "تا بتوانین بە ئازادی لەسەر زەوییەکانمان بژین، هیوادارین هەموو لایەنێک یارمەتیمان بدەن لە رزگاربوون لەو بڕێارانەی رژێمی بەعس کە ماوەی ٥٠ ساڵە بۆتە تەوقێک بەملی کورد و تورکمانی شارەکە".

هـ . ب