کاندیدانی پارتی چەپی سەوز: هەر پێنج کورسییەکەی پەرلەمان لە ئێلح دەبەینەوە

کارەکانی هەڵبژاردنی پارتی چەپی سەوز لە ئێلح بەردەوامە، هەروەها پارتی چەپی سەوز لەم ناوچەیە پێداگرە، ئامادەیە بۆ بردنەوەی هەر پێنج کورسی پەرلەمان لە شارەکە.

کاندیدانی پارتی چەپی سەوز لە هەر چوار لای کوردستانەوە دەچنە نێو گەلەوە، نووسینگەی هەڵبژاردن دەکەنەوە و چالاکی ڕێکدەخەن. لەم ڕووەوە، کاندیدانی شاری ئێلح هەریەک لە کەسکین بایندەر و ئەکرەم باران و نورتەن ئۆرتوگول، زەینەب ئۆدونجو، قسەیان بۆ ئاژانسی فورات نیوز کرد و باسیان لە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ گەل و سیاسەتی پارتەکەیان کرد.  

کەسکین بایندەر لە ئێلح، ڕیزی پێشەوەی لیستەکەی گرتووە، ئاماژەی بەوە کرد متمانەی گەل و باوەڕیان بەرامبەریان لەدەست نادەن، هەروەک ڕوونی کردەوە، خەڵکی ئێلح بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی کاندیدەکانیان دەکەن، لە هەموو جێگەیەک بە جۆشوخرۆشەوە پێشوازییان لێ دەکرێت.

بایندەر ئاماژەی بەوە کرد: ئاکەپە بەرپرسیارە لە هەژاری ناوچەی ئێلح، لەکاتێکدا ئەم شارە ناسراوە بە تێکۆشان لەپێناو ئازادی، گوتی: «ئێلح یەکێکە لەو شارانەی لەنێو خەباتدا قوربانی داوە، ڕووبەڕووی پەلاماری دڕندانە بۆتەوە لە هەوڵەکاندا بەدوای ئازادی، بۆیە شوێنێکی گرنگە لەم قۆناغی هەڵبژاردنە و بنیاتنانی ئایندە؛ بەم هۆکارە، لەمیانی کردنەوەی نووسینگەی هەڵبژاردن بەڵێنماندا بە گەلەکەمان لە ئێلح، بە بردنەوەی پێنج کورسی پەرلەمان نوێنەرایەتییان دەکەین، دەبینین گەلی ئێلح پێداگرن بۆ بەدیهاتنی ئەم ئامانجە».

بایندەر: ئاکەپە بەرپرسیارە لە دیاردەی هەژاری

بایندەر تیشکی خستە سەر قەیرانی ئابووری لە ئێلح و گوتی: «لە سایەی کێشە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێلح، سیاسەتێکی بەهێزی نکۆڵی لە دەسەڵاتەوە دەبینرێت، چارەسەر نەکردنی پرسی کورد کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئێلح جێدەهێڵێت، لەم چوارچێوەیەدا، نائومێدی و هەژار و بێکاری لە ئێلح بەربڵاوە، هەڵبەتە بەرپرسی ئەم قەیران و کێشانەی ئێلح دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەیە، پێداگرییەکەیان لە ڕەوشی شەڕدا دەردەکەوێت، ئێمە ئەم هەموو کاریگەرییانە دەبینین، لەلایەک ئەم شارە زۆر گرنگە، لەلایەکی تر، ئومێدەوارە بە بەدیهاتنی سەرکەوتن و ئازادی».

زەینەب: دژ بە ئەقڵیەتی ئاکەپە تێدەکۆشین

زەینەب ئۆدۆنجو، کاندیدی ڕیزی دووەم و هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی کەرجەوسە، زەینەب لە هەڵبژاردنەکان بۆ یەکەمجار لە سیستەمی هاوسەرۆکی هەڵبژێردرا، ئەرکە سەرەکییەکانی خۆی بەجێگەیاند، لە ئێلح مامۆستای کۆمەڵناسیە و هەر لەوێ دەژی، پێی وایە گرنگترین کێشە، کێشە ڕۆژانەییەکانی ژنانە.

زەینەب ئاماژە دەکات بە تێکۆشان دژی گوشار و سەرکوتی سەر ژنان، دەڵیت: «کاتێک دەسەڵات بریکارەکانی خۆی لە شارەوانییەکەمان دانا، پشکنەران ئێمەیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی بەردەوام، ڕاستتر بڵێین، بریکارەکان دژی ئیرادەی ژن دانران. بۆیە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت سیاسەتی دوژمنکارانەی ئاکەپە دژی ژن لە ٢١ ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە. لەلایەکی تر، هێرشەکان بۆ سەر زمان و کەلتووری کوردی تا ئەمڕۆ بەردەوامە، بەم هۆکارە، ئێمە وەک پارتی چەپی سەوز دژی سیاسەتی دەستدرێژی و ڕێبازی ئاکەپە تێدەکۆشین، بەم ڕێگەیە گەیشتینە ئەم ئاستە، لەم چوارچێوەیە لە قۆناغی هەڵبژاردن، ڕۆژانە باشتر دەبینین کە پێویستە تێکۆشان بەتینتر بکەینەوە».

ئۆرتوغول: پرسی قڕکردنی ژن لە ئێلح، پرسی ئێمەیە

هەروەه کاندیدی ڕیزی چوارەم لە ئێلح، نورتەن ئۆرتوغول هەرچەند لە ناوچەی چەولیگ ـە، بەڵام خۆی بە خەڵکی ئێلح دەزانێت بەهۆی ئەو چالاکییانەی لە ماوەیەکی کورت لە ئێلح ئەنجامی داوە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەو پرسەی دەبێت دەستوبرد چارەسەر بکرێت، پرسی ژنە. 

نورتەن ڕایگەیاند، ئەوەی سەرەتا لە ئێلح سەرنجی ڕاکێشا، پرسی قڕکردنی ژنان بووە، ئاماژەی بەوە کرد لەم پێناوەدا تێدەکۆشن، هەروەها گوتی: «بینیم دیاردەی قڕکردنی ژنان و پێشێلکردنی مافە سەرەکییەکان لە ئێلح ڕوو لە زیادبوونە، بەم، هۆیەوە تێکۆشانمان بەبێ پچڕان بەردەوام دەبێت، لە ٢١ ساڵی ڕابردوو ٧ هەزار و ٥٠٠ ژن کوژراون، لەماوەی ڕێککەوتنی ئەستەنبوڵ ڕێژەی کوشتنی ژن تۆزێک دابەزی، بەڵام پاش ڕێککەوتنەکە ڕێژەکە بەرزبوویەوە، بێگومان ئەمە بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بەشێکیان لەپشت پەردە و بە شاراوەیی بەڕێوە دەچن».

نورتەن دووپاتی کردەوە، پێویستە ئەم دەسەڵاتە بشکێنرێت، گوتی: «بەهەمان ئەو ڕێگەی هاتنە سەر دەسەڵات دەبێت نائومێد بکرێن، پێویستە ئەم دەسەڵاتە کۆتایی بێت لەپێناو بەدیهاتنی ئازادی و ئایندەیەک بۆ مناڵان».

باران: گەل قوربانی مەزنی بەخشی

ئۆڵدار ئەکرەم باران لە شاری ئامەد لە ڕیزی پێنجەمی لیستی پارتی چەپی سەوزە، باس لە هەڵاوسانی قەیرانەکانی شارەکە دەکات. باران ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی ١٩٩٣ ڕاگوێزراوە بۆ شاری ئامەد، بۆ ماوەی ٧ ساڵ ئەزمیر ماوەتەوە، پاشان لە ئەستەنبوڵ، سەرپەرشتی لیژنە زانیانی ئایینی کردووە؛ گوتی: «پرسەکە لێرەدا نوێنەرایەتی نییە، گرنگتر لەوە سەرکەوتنی ئیرادەی گەلە، ئەم ئاستەی ئەمڕۆ گەلی کورد پێی گەیشتووە، ئاستی گۆڕینی خۆی و گەلانی ترە، بۆیە ئاستێکی زۆر گرنگە. وەختێک هاتینە ئێرە، خەڵکی ئێلح بەگەرمی پێشوازییان کردین، لەم پێشوازییەدا، گیانی نەوەدەکانم بەدی کرد، گەلی ئێلح قوربانی مەزنیان بەخشی لەپێناو گەیشتن بە ئازادی، بۆیە خاوەنی ئیرادەییەکی تایبەتە، لە ڕوانگەی منەوە، ئەم هەڵبژاردنە بەهێزتر دەبێت لە هەڵبژاردنەکەی ٧ ی حوزەیران».

باران ئاماژەی بەوە کرد، ئیرادەی گەلی کورد لەپێناو ئازادی، لەئێستەوە و هەرگیز لەبەردەم سیاسەتەکانیان ناچەمێت.

ف.ق